خوێندنەوەی کیەکەگۆرد پەیوەستە بە ناسنامە
  2020-07-29       405       

ئالان پەری



کاتێک لە ساڵی ١٩٩٩ وەک پەنابەرێک گەیشتمە وڵاتی دانیمارک، هیچ شتێکم لە بارەی دانیمارکەوە نەدەزانی، جگە لە ئاشنایەتیم سەبارەت بە هانس کریستیان ئەندەرسن و فەیلەسوفی بەناوبانگ سۆرن کیەکەگۆرد. پێشتر کیەکەگۆردم بە زمانێکی تر خوێندبوویەوە و هەر لەو کاتەوە خێرا سەرسام بووم بە بیر و هزری، بۆ نموونە، سەبارەت بە ئایین، شرۆڤەکانی سەبارەت بە بوونی مرۆڤ و چۆن خوا لە خۆشەویستیدا دەدۆزرێتەوە و دەبێتە هاوەڵی خود.

هەر لەو ساتەوە بیرم لەوە دەکردەوە، کە پێویستە خێرا فێری زمانی دانیمارکی بم هەتا بتوانم کیەکەگۆرد بە زمانی خۆی بخوێنمەوە.
سۆرن کیەکەگۆرد بۆ خوێندنەوە ئاسان نییە، بەڵام بایەخی گرنگییەکەی شایەنی ئەوەیە هەوڵی خوێندنەوەی بدرێت. لە ماوەی دە-ساڵ مانەوەم لە دانیمارک بەبێ هەبوونی مافی پەنابەرێتی، هەمیشە کیەکەگۆرد وەک چارەسەرێکی دەروونی بۆ ئەو چەند ساڵەی چاوەڕوانی کەیسی پەنابەرێتیم دەهات بە هانامەوە. هەمیشە ئەوم لە کتێبخانەکان دەخوێندەوە، لە ژورەکەی خۆم لە کەمپی پەنابەرێتی. کیەکەگۆرد ئارامی پێ بەخشیم و بەهێزتری کردم، چونکە وای لێ کردم زیاتر خۆم بم و بتوانم ترس و دڵەڕاوکێکانم بناسم، بە تایبەت ئەو کاتانەی بیرکردنەوە ڕەشبینییەکان لە دەرگای تەنیاییمیان دەدا.

ئێستا دوای مانەوەم بۆ ماوەی ٢١ ساڵ لە دانیمارک و خوێندنەوە و قوڵبوونەوە لە هزری ئەو بیرمەندە، پێش سێ ساڵ بڕیارم دا کە سۆرن کیەکەگۆرد بە شێویەکی شایستە بە خوینەرانی کورد پێشکەش بکەم، ئەویش بە ئامادەکردنی کتێبێک سەبارەت بە ژیان و بیرکردنەوەکانی لەگەڵ هەڵبژاردنی بەشێک لە باشترین تێکستەکانی، کە لە چەند کتێبێکی جۆراوجۆ وەرگیراون. ئەوانە بۆ من بایەخێکی گەوەریان هەیە و دەزانم بۆ بەشێک لە خوێنەرانی کوردیش پڕ بایەخ دەبێت، بەوپێیەی زۆربەیان سەرسامن بەو فەیلەسووفە.

کتێبەکە باس لە ژیان و بیری کیەکەگۆرد دەکات، بەتایبەت باس لە چەمکەکانی ترس و دڵەڕاوکێ و لە هەمان کاتدا باس لە خود و بوونی مرۆڤ دەکات.

هەروەها  لە کتێبەکەدا زیاتر لە ٢٤٠ وتەی ناوداری کیەکەگۆرد هەڵبژاردووە، کە لە باشترین کتیبەکانی سەرچاوەیان گرتووە و دەتواندرێت لە زۆر بواردا بەکاربهێندرێن؛ سەبارەت بە بوونی مرۆڤ. کتێبەکە بە خشتەی ساڵ و بەسەرهات و نووسینی کتێبەکانی کۆتایی پێدێت.

سۆرن کیەکەگۆرد دەمێکە گرنگی خۆی هەبووە

بیری کیەکەگۆرد و ئایدیاکانی لەبارەی ئێمەی مرۆڤ، لەبارەی خودی تاکەکەس تا ئێستاش بایەخێکی گەورەی جێ هێشتووە، کە بە بڕوای من لە ئێستادا بۆ جیهان و بۆ مرۆڤیش زیاتر و زۆرتر پێویستە.
چەمکی دڵەڕاوکێ ئاکارێکی سادە دەردەخات تا خراپە تێبپەڕێنین. مرۆڤ دەتوانێت ئاکارەکانی تا ئاستێکی بەرز ڕابگرێت، ئەویش لە ڕێی پەیڕەوکردنی جۆرە ژیانێکی بە ئاکار لەهەمبەر خراپەدا. مرۆڤی خۆپەرست هەرگیز نابێتە مرۆڤێکی ڕاستەقینە، ئەگەر هاتوو ئەرکی خودێتی خۆی نەگرێتە ئەستۆ. ئەرکی ''تاکەکەس'' شکست دێنێت کاتێک خۆی ناسەربەست دەکات، نەک تەنیا لەترسی خراپە، بەڵکو لە ترسی چاکەیش. دڵەڕاوکێ حاڵەتێکی بارگاوی و خامۆشە کەوا لە مرۆڤ دەکات لە هەڵبژاردەنەکانی دوور بکەوێتەوە. کەوتن و شکستی ڕاستەقینە لە خراپەدا ئەوەیە: کە مرۆڤ واز لە لە توانای هەڵبژاردنی چاکە بۆ خۆی بهێنێت و ڕێگە بە خۆی بدات بکەوێتە قوڵایی زیندانێکی پڕئازار.

ئەمە بۆ کورد کارێکی گرنگە، چونکە بۆ چەندین ساڵە کورد لە سایەی چەوساندنەوە دەناڵێنێت و لەڕێی بەرخۆدان بۆ داخوازی دانپێدانان بە مافەکانی. لەو ڕووەوە، خوێندنەوەی کیەکەگۆرد گرنگی خۆی هەیە، چونکە فێرمان دەکات کە ئازارەکان تێبپەڕێنین و لەپێناو ئەو بەرخۆدانە بژین، نەک تەنیا لەپێناو مانەوەدا، بەڵکو بۆ ئەوەی وەک هەر مرۆڤێکی تر بمێنینەوە.  
کورد هەر لەدێر زەمانەوە ئایینی وەک باوەڕ و زانین سەبارەت بە هەموو شتێک وەرگرتووە، ئەویش نەک بە تەنیا یەک ئایینی دیاریکراو.
لێرەدا کیەکەگۆردیش پێمان دەڵێت، کە دەبێت تاکەکەس لە پەیوەندییەکی هاوتەبادا بێت لەگەڵ خود بۆ ئەوەی زیاتر لە خوا و کاری چاکەدا نزیک بێتەوە.
لە بنچەدا کورد خاوەنی ئایینی تایبەتی خۆی بووە، ئەویش ئایینی زەردەشتییە. کاتێک ئیسلام گەیشتووەتە ناوچەکە، زۆربەی کوردەکان بوونەتە هەڵگری ئایینی ئیسلام، ئیسلامیش بەشێک بووە لە ئایینی ئاشتی و مرۆڤایەتی. لەگەڵ ئەوەیش بە درێژایی مێژووی کورد و لە سایەی حوکمڕانییە جۆراوجۆرەکان هەر بە ئایین کوردیان چەوساندووەتەوە، تەنیا لەبەر هۆکاری کوردبوون.
کورد پێویستیی بە ڕیفۆرمکردنەوەی ئایین هەیە، وەک چۆن کیەکەگۆرد لە دوا ساڵانی ژیانیدا ئەو شۆڕشە ڕیفۆرمخوازەی بەرپا کرد.

سروشی کاری هەمەکەلتووری نێوان کورد و دانیمارک

خالێکی دیکە، کە کورد لەگەڵ کیەکەگۆردا هاوڕایە ئەوەیە، کە کیەکەکۆرد تەنیا جەخت لەسەر کەلتورێکی دیاریکراو ناکاتەوە، بەو پێیەی کە حەزی بە لایەنگریی تاقە نەتەوەیەکی دیارکراو نییە. ئەرکی تەواوی ئەو تەنیا لە خودی خۆ-دا دەبینێتەوە، بە شێوەیەک زۆربەی بیرکردنەوەکانی لە بارەی خودی تاکەکەس و مرۆڤ بووندا چڕ دەبێتەوە. بۆ کیەکەگۆرد ئەوە گرنگ نییە لە کوێیوە هاتووین، یان هەڵگری چ کەلتوورێکی جیاوازین. گرنگترین شت بۆ کیەکەگۆرد و بۆ کورد و دانیمارکییەکان ئەوەیە، کە مرۆڤ خۆی توانای هەبێت چۆن ژیان و بوونی خۆی هەڵبژێرێت.
لە زۆربەی بیرە فەلسەفەییەکانیدا زمانی کیەکەگۆرد ورد و ڕاستەوخۆیە، هزر و بیرەکانی لەبارەی ژیانی مرۆڤ و لەبارەی هەڵبژاردنەکانیان و دواتر لەبارەی ئاقارەکانی ئەو هەڵبژاردانە شرۆڤە دەکات. کورد بە درێژای ساڵانی ڕابردوودا فێری ئەوە بووە، کە لە بناغەوە بوونی خۆی پراکتیزە بکات، ئەویش لە ڕێی ویست و زانینی خۆی بە بەرخۆدانێک لە پێناو دانپێدانان، کە هەتا ئێستاێش بەردەوامە. هەر لەبەر ئەو هۆکارانەیە، کە کورد پێویستی بە بیری کیەکەگۆرد دەبێت بۆ ئەوەی تاکەکەسەکان ببنە خودی خۆیان، لە هەر هەلومەرجێکی بووندا بێت.

وەشانی نووسیار لە ڕۆژی هەشتی مانگی حوزەیران کتێبیک سەبارەت بە فەلسەفەی کیەکەگۆرد لە کوردستان چاپ و بڵاودەکاتەوە، لە ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە ئالان پەری.

ئالان پەری: خاوەنی چەند کۆمەڵە شیعرێکە بە چەند زمانی جیاواز.  لە دوای پشوی هاوینی ئەمساڵ یەکەمین کۆمەڵە شیعری خۆی بە زمانی دانیمارکی بڵاو دەکاتەوە لەژێر ناونیشانی: (دووری چییە بێ دەنگدانەوەی چرپەی تۆ- Hvad er afstand uden gengivelse af din hvisken). کە لەلایەن وەشانخانەی ئاژانسی شیعر لە کۆپنهاگن چاپ و بڵاودەکرێتەوە. بەشداری لە چەندین کۆڕ و فیستیڤاڵی ئەدەبی کوردی و دانیمارکی کردووە و کاری وەرگێڕانی بۆ چەندین شاعیری دانیمارکی کردووە لەوانە: ئینگا کرێستنسن، نیلس هاو، تۆڤارلد بێترلسن، پایک مالینۆڤسکی و نایا ماریا ئایت. لە ئێستادا بە هاوبەشی لەگەڵ تۆڤارلد بێترلسن و ئەرسەلان چەڵەبی و عادل ئەردەم و دارا کوردۆ سەرقاڵی دەرکردنی ئەنتۆلۆژیای شیعری نوێی کوردین بە زمانی دانیمارکی، کە کتێبێکی فرە-زمان دەبێت، کە زیاتر لە ٧٠ شاعیری هەموو کوردستان دەگرێتە خۆی و لە وەشانخانەی ئاژانسی شیعر بە زمانی دانیمارکی بڵاودەکرێتەوە.

* ئەم گوتارە ئالان پەری بە زمانی دانیمارکی نووسیویەتی و لە پێگەی ئەلیکترۆنی دانیمارکی   P.O.V Internathional  و لە ڕۆژنامەی بەناوبانگی دانیمارکی Kristeligt Dagblad بڵاوکراوەتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×