نوێنەری ترەمپ: بەمزوانە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی رادەگەیەنرێت
  2020-08-14       454       

جارید كۆشنەر، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئاشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند: بەمزوانە چەند ولاتێكی دیكەی عەرەبی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل رادەگەیەنن.

ئاوێنە: كۆشنەر، كە هاوكات زاوای ترەمپ، كە وەك بكەری سەرەكی رێككەوتنەكەی ئیسرائیل و ئیمارات ناودەبرێت، ئومێدی خواستوە، رێككەوتنەكەی دوێنێی نێوان ئیسرائیل و ئەو وڵاتە عەرەبییە، سەرەتای رێككەوتنی وڵاتانی دیكەی عەرەبی و ئیسرائیل بێت.

جارید كۆشنەر، ئاشكرایكردوە كە ئەمریكا سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەگەری هەیە لە ماوەی 90 رۆژی داهاتودا، ئەنجامی ئەرێنی ئەو دانوستانانە رابگەیەنرێت.

نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئاشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وەڵامی ئەو پرسیارەی نەداوەتەوە كە ئاخۆ ئەو وڵاتە عەرەبیانەی دیكە كامانەن كە بە نیازن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكەنەوە. بەڵام بەپێی هەواڵێكی بی بی سی، سەرچاوەكان باسیان لەوە كردوە ئەگەری هەیە بەحرەین و عومان، كە پێشوازیان لە رێككەوتنەكەی ئیسرائیل و ئیمارات كردوە، بەزویی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكەنەوە.

لەدوای میسر و ئوردن، ئیمارات سێیەمین دەوڵەتی عەرەبییە كە بەڕەسمی دان بە ئیسرائیلدا دەنێت و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئاسایی دەكاتەوە.

قایلكردنی ئیمارات و ئیسرائیل بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان و دەربڕینی ئامادەییان بۆ هاوكاریكردنی یەكدی لە بوارە جیاجیاكاندا، وەك گرنگترین دەستكەوتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم چەند دەیەی دواییدا، لێكدەدرێتەوە.

ئیمارات وەك جەمسەرێكی ئابوری لەناوچەكە ناوی دەبرێت و هەرچی ئیسرائیلیشە لەم ساڵانەی دواییدا وەك هێزێكی سەرەكی لە بواری پیشەسازی و تەكنەلۆژیادا دەركەوتوەو هاوكاری نێوانیان دەكرێت ببێتە فراوانكردنی هەژمونیان.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×