دادگای نێوده‌وڵه‌تی‌ تایبه‌ت به‌لوبنان ئەندامێكی حزبوڵای لوبنانی بەکوشتنی ڕەفیق حەریری تاوانبار كرد
  2020-08-18       578       
دادگای نێوده‌وڵه‌تی‌ تایبه‌ت به‌لوبنان بڕیاریی كۆتایی لەبارەی کەیسی کوشتنی ڕەفیق حەریری، سەرۆک وەزیرانی پێشوی لوبنان دەرکردو ئەندامێكی حزبوڵای لوبنانی بەئەنجامدەری تاوانەکە ناساند، لەیەکەم کاردانەوەشدا سەعد حەریریی، کوڕی ڕەفیق حەریریی ڕایگەیاند، ئەمە ڕۆژێکی مێژوییە بۆ لوبنان.

ئاوێنه‌: ئێوارەی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌، دادگای نێوده‌وڵه‌تی‌ تایبه‌ت به‌لوبنان دواین بڕیاری لەبارەی کوشتنی رەفیق حەریری سەرکردەی دیاری ئەو وڵاتە دەرکردو رایگەیاند، سەلیم جەمیل عەیاش، سەرکردەی سەربازیی حزبوڵای‌ لوبنان‌و چەند کەسێکی دیکە دەستیان لەکوشتنی رەفیق حەریریدا هەبوە.

دادگاكه‌ راشیگەیاندوە، تائێستا هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر ئەوەی کە کێ عیاشی ئاراستەکردوە بۆ کوشتنی حەریری.

دادگا رونیشیکردۆتەوە، ئەو تۆمەتبارانە لانیکەم رۆژی کردەوەکە یان رۆژی پێشتر رۆڵیان بینیوە لەکوشتنی حەریریدا.

دادگای نێودەوڵەتی تایبەت بەلوبنان چوار کەسی بەکوشتنی حەریری تۆمەتبارکردوە کە ئەوانیش هەریەک لە(سەلیم جەمیل عیاش، حەسەن حەبیب مەرعی، حسین حسن عیسی و ئەسەد حسن صبر)ن.

سەلیم جەمیل عیاش هاوڵاتییەکی لوبنانییە، لەساڵی 1963 لەدایکبوە، کوڕی جەمیل دەخیل عیاشەو دایکی ناوی حەحاسین عیسا سەلامەو لەباشوری لوبنان گەورەبوەو ژیاوە، ئێستا تۆمەتبارکراوە بەکوشتنی حەریری.

لای خۆشییەوە، سەعد حەریری کوڕی رەفیق حەریری رایگەیاند، پێشوازی لەبڕیاری دادگای نێودەوڵەتی دەکەن‌و ئەوان تەنها دادوەرییان دەوێت. به‌وته‌ی‌ ئه‌و، ئەمە ڕۆژێکی مێژوییە بۆ لوبنان.

حەریری راشیگەیاند، "ئەوە پرسی خوێنەو بەبڕیاریی دادگا ڕازین‌و داوای جێبەجێکردنی سزا بەسەر تاوانبارەکەدا دەکەن."

هەر ئەمڕۆ دادگای لاهای لەهۆڵەندا دواین بڕیاری لەبارەی کوشتنی رەفیق حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشوتری لوبنان دەکردو رایگەیاند، حەریری بەمەبەستی سیاسی کوژراوە، بەڵام بەڵگەی پێویستیان لەبەردەست نیە لەبارەی تێوەگلانی سوریاو حزبوڵا.

ڕەفیق حەریری لەڕۆژی 14ی شوباتی ساڵی 2005دا، لەتەقینەوەیەکدا تیرۆرکرا کە بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دادگای تایبەتی لوبنان، لەتەقینەوەکەدا 2.5 تۆن تی ئێن تی بەکارهێنراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×