گرێ یان شێرپەنجە (سرطان)ی گورچیلە چییە‌و هۆکارو نیشانەکانی کامانەن؟
  2020-08-28       3210       
پزیشکێکی پسپۆر باسی‌ گرێ یان شێرپەنجە (سرطان)ی گورچیلە دەکات‌و ده‌ڵێت، 

گورچیلەکان یەکێکن لەئەندامە گرنگەکانی جەستەو هەڵدەستن بەپاڵفتەکردنی خوێن‌و کردنە دەرەوەی پاشەڕۆی زیندە چالاکییەکان لەڕێگەی میزەوە  هەروەها هاوسەنگی ئاو شلەمەنییەکان لەجەستەمان ڕائەگرن.

پاڵفتەکردن‌و فلتەرکردنی خوێن لەگورچیلەدا لەلایەن بۆری و تیوبی ووردی بچوکەوە دەبێت کە پێیاندەوترێت بۆریچکە یان تیوبول.
خانە شێرپەنجەییەکان لەخانەکانی ناوپۆشی ئەم بۆرییە بچووکانەوە دروستدەبن. 

هۆکاره‌كانی دروستبونی گرێی گورچیلەکان کامانەن؟
ـ جگەرەکێشان.
ـ زیادبونی کێشی لەش (قەڵەوی).
ـ بۆماوەی.
ـ بەرزی فشاری خوێن (زەختی خوێن).
ـ نەخۆشی کیسی گورچیلە.
ـ ئەو نەخۆشانەی کە غسلی گورچیلە ئەکەن.
 ـ زۆر بەکارهێنانی  ئازار شکێنەکان بۆ ماوەیەکی زۆر ئەبنە هۆی دروستبونی شێرپەنجەی حەوزی گورچیلە.
ـ هەڵکشانی تەمەن (ئەم نەخۆشیە بەزۆری لەتەمەنی ٥٠ بۆ ۷٠ ساڵیدا دەردەکەوێت).

نیشانەکانی شێرپەنجەی گورچیلەو گرێی گورچیلەکان چین؟
لەقۆناغەکانی سەرەتادا نەخۆش هیچ نیشانەیەکی نیە، بەڵام کاتێک قۆناغی نەخۆشییەکە پێش دەکەوێت و گرێکە گەورە دەبێت ئەم نیشانانە بەدەردەکەون:
ـ بوونی خوێن لەمیزدا (سوربونی ڕەنگی میز).
ـ زۆر دابەزینی کێشی لەش.
ـ نەمانی (اشتها) ئارەزوی خواردن.
ـ هەستکردن بەئازار لەکەلەکەو خوارەوەی پشت.
ـ  بوونی گرێ و ئاوساوی لەسکدا (کەلەکە).
ـ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.
ـ کەم خوێنی.
ـ بێتاقەتی و  هەستکردن بەماندوویەتی.
ـ بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش و ئارەق کردنەوە.
هەموو کات بوونی ئەم نیشانانە مەرج نییە بۆ بوونی ئەم نەخۆشییە بۆیە لەکاتی هەستکردن بەنیشانەکان پێوستە سەردانی پزیشک بکرێت.

چارەسەری شێرپەنجەو گرێی گورچیلە؟ بریتییە لە نەشتەرگەریی، ئەگەر گرێکە لەقۆناغی سەرەتاییدا بوو تەنها بەلابردنی گرێکە چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەگەر گرێکە گەورەبو پێوویستە گورچیلەکەش لاببرێت.

چۆن خۆمان لەم نەخۆشییە بپارێزین؟
ـ وازهێنان لەجگەرە کێشان.
ـ دابەزاندنی کێشی لەش و دورکەوتنەوە لە قەڵەوی لەڕێگەی خواردنی تەندروست و وەرزشکردن.
ـ کۆنتڕۆڵکردنی فشاری خوێن.
ـ خۆ بەدوور گرتن لەزۆر بەکارهێنانی ئازار شکێنەکان.

بەهیوای تەندروستییەکی باش بۆ هەموو لایەک

دکتۆر سەرباز کمال شێخ محمد
دکتۆرا (بۆرد) لەنەشتەرگەری گورچیلەو میزڵدان‌و پرۆستات
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×