بەپێچەوانەی قسەی دیندار زێباری، رێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە لە حکومەتی هەرێم، وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت: داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە وەزارەتەکەیانەوە نییەو ئاگاداری ئەو بابەتە نین.
ئاوێنە: دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، دیندار زێباری، رێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، داخستنی نوسینگەکانی کەناڵەکە لەسەر داوای وەزارەتی رۆشنبیری بوە، لە بەرامبەردا، محەمەد حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند"بێ ئاگاین لە داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی."
لەلایەکی دیکەوە، شیروان میرزا، بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری بە ئێن ئاڕ تی وت"وەکو خۆم و وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوە دەسەڵاتی راگرتن و داخستنی هیچ کەناڵێکمان لانییە."
وتیشی، رەنگە ئەو بابەتە پەیوەندی بەلایەنی ئەمنییەوە هەبێت، نەک پەیوەندی بە لادان لە کواڵیتی و بەرنامەی میدیایی کەناڵەکەوە.
ئەوەشی وت، کە بۆ داخستن و کردنەوەی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی دەبێت رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ وەربگیرێت.
باسی لەوەشکرد، کەناڵەکان دەتوانن لای ئەوان سکاڵا بکەن، بەڵام ئێن ئاڕ تی نەڕۆشتوەتە لایان تا کاری لەسەر بکەن.
ئەمڕۆ دیندار زێباری راشیگەیاندبو کە داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک لەسەر داوای وەزارەتی ڕۆشنبیری و داواکاری گشتی بوەو هاوکات، لەبەرئەوەی دادگا هێشتا کارە پێویستیەکانی تەواونەکردوە، هەربۆیە سبەی یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی کەناڵەکە ناکرێت.
پێشتر و لە ٢٨ی ئابدا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە "توندوتیژی و گێرەشێوێنی" نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی داخراون و رۆژی ٩ی مانگی ئەیلول ئێن ئاڕ تی دادگایی دەکرێت.
لە ١٩ی ئابی رابردوودا بە زەبری هێز، هێزە ئەمنییەکانی دهۆک دەستیان بەسەر نوسینگەی دهۆکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دا گرت و بۆ رۆژی دواتریش ٢٠ی ئاب، نوسینگەی کەناڵەکە لە شاری هەولێر داخرا.