ئیمارات‌و به‌حره‌ین ڕێككه‌وتنی‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل واژۆكرد
  2020-09-15       573       
به‌چاودێری‌ دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا، ئیمارات‌و به‌حره‌ین ڕێككه‌وتنی‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل واژۆكرد.

ئاوێنه‌: كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر بەئامادەبونی سەرۆکی ئەمریکاو زیاتر لە 700 میوانی دیکە، هەریەک لەبنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، عەبدوڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات‌و عەبدولەتیف ئەلزەیانی وەزیری دەرەوەی بەحرەین رێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆكرا.

بەپێی خاڵەکانی رێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل‌و ئیمارات، رێککەوتنی نێوانیان وا دەکات ئەو دو وڵاتە هاوئاهەنگی لەبواری ئابوری و تەکنەلۆژیدا بکەن. هەروەها باڵیۆزخانەی هەردولا لەو دو وڵاتە دەکرێتەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، رێککەوتنەکە وا دەکات پرۆژەی لکاندنی بەشێکی کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە دوابکەوێت، بەڵام ئیمارات لە زاری بەرپرسەکانیەوە رێککەوتنەکە وا دەبینێت کە بووەتە هۆی کۆتاییهاتنی ئەو پرۆژەیەی ئیسرائیل.

لەگەڵ ئەوەشدا، رێککەوتنی بەحرەین و ئیسرائیل دوای کەمتر لە یەک مانگ دێت لە رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بەسەرپەرشتی ئەمریکا.

لە راگەیەنراوی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەحرەیندا هاتبوو، "ئەمە بەرەوپێشچوونێکی مێژوییە بۆ پەرەپێدانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەستپێکردنی گفتوگۆ و پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان ئەم دوو کۆمەڵگە ئابورییە پێشکەوتووە، بەردەوامی بە گۆڕانە ئەرێنییەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ناوچەکە زیاددەکات."

دوای ئوردن‌و میسر، ئیمارات‌و بەحرەین ده‌بنه‌ سێیەم‌و چوارەم وڵاتی عەرەبی کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکەنەوە

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×