بەهار مەحمود: بەم سیستمە هەڵبژاردن بكرێ، کورد زۆربەی كورسییەكانی لەناوچە جێناكۆكەكان لەدەستدەدا
  2020-09-19       963       

بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەبەوە دەکات گەر هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق بە سیستمی فرەبازنەیی ئەنجام بدرێت و پارێزگاکان بۆ چەند بازنەیەکی بچوک دابەشبکرێن، ئەوا کورد زۆربەی کورسییەکانی لەناوچە جێناكۆكەكان لەدەستدەدات.

ئاوێنە: بەهار مەحمود، كە ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لەمیانی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا وتویەتی"گەر هەڵبژاردن بەشێوازی بازنەی بچوک ئەنجام بدرێت، لیستی خاوەن زۆرینەی دەنگ دەردەچێت، باقی دەنگەکانی تر بەهەدەر دەڕوات و ناگەڕێتەوە بۆ حیزب، بۆیە ڕەنگە کورد زۆربەی کورسیەکانی لەناوچە کێشەلەسەرەکان لەدەستبدات."

جەختیشیکردۆتەوە"تەنانەت لە ناو هەرێمیش بازنەی بچوک تەنها لە قازانجی پارتییە، چونکە پارتی حیزبێکی خاوەن دسپلینەو دەتوانێت لایەنگرانی بۆ دەنگدان بە کەسێک ئاراستە بکات، لەکاتێکدا حیزبەکانی تر دیموکراتیەت و ئازادی زیاتریان تێدایە، بۆیە بازنەی بچوک لەمەشدا باش نییە."

بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارە، گەر یاسای هەڵبژاردن بە سیستمی فرەبازنەیی و بازنەی بچوک ئەنجام بدرێت، کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان تەنها یەک ڕێگەی لەبەردەمدایە، ئەویش یەکلیستییە، گەر بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن نەکات، هەمو دەنگەکانی دەفەوتێت، ڕەنگە یەک کورسیش نەهێنێت، وتوشیەتی"دەبێت سەرکردایەتی سیاسی کورد لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بێت."

بەهار مەحمود، ڕونیکردۆتەوە فراکسیۆنە کوردییەکان دەنگیان بە سیستمی هەڵبژاردنی فرەبازنەیی نەداوە، چونکە جێبەجێکردنی لە واقیعدا ئەستەمە، بۆیە ئەوانەشی دەنگیان پێداوە، کشاونەتەوە، وتوشیەتی"گرفت ئەوەیە سەرۆکی پەرلەمان هەمو یاساکەی پێکەوە خستوەتە دەنگدانەوە، نەدەبو کۆی یاساکە بخاتە دەنگدانەوە، بۆیە ئێستا کە داوای گەڕاندنەوەی مادەی 15 دەکرێت بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: ناتوانم، ئیلا دەبێت یاساکە بڵاوبکرێتەوە و دواتر داوای هەمواری بکرێت."

لەکۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بە بەدیلی سیستمی فرە بازنەیی کردوەو ڕونیکردۆتەوە: چەند پێشنیارێک هەن، یەکێک لە پێشنیارەکان دابەشکردنی عێراقە بۆ 40 بازنەی هەڵبژاردن، بەم پێیە، هەر پارێزگایەک دەکرێتە دو بازنە، ناو سەنتەری پارێزگاکان بازنەیەک و دەوروبەریش بازنەیەک، وتی"پێشنیارێکی تر ئەوەیە، هەر قەزایەک گەر لە ساڵی 2010 ژمارەی دانیشتوانەکەی 100 هەزار کەس بێت، بکرێتە بازنەیەک."


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×