زیانەکانی خواردنەوەی رۆژانەی گیراوەی پرۆتین
  2020-09-20       3558       
خواردنەوەی گیراوەی پرۆتین سوودی زۆرە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی وەرزش دەکەن و هەوڵ دەدەن لەش و لارێکی جوانتریان هەبێت، بەڵام ئەگەر ئەم کارە رۆژانە دووبارە بکرێتەوە، چی کاریگەرییەک لەسەر جەستە جێدەمێنێت؟

ئاوێنه‌: رەیچل پاول، پسپۆڕی خواردن لە بەریتانیا دەڵێت، لەشی ئێمە خۆی ئەمینۆ ئەسید دروست دەکات و لە رۆژەکە ئێمەش بەکاری دەهێنین، بەڵام هەندێک جار بە تایبەت کاتێک وەرزش دەکەین، بڕی پێویستی ئەو ئەمینۆ ئەسیدەمان دەست ناکەوێت بۆیە خەڵکی پەنا بۆ گیراوەی پرۆتین دەبەن.

دەشڵێت، گیراوەی پرۆتین کە لە زانستی پزیشکی بە ئەمینۆ ئەسید ناو دەبرێت، سوودی زۆرە بۆ گەورەبوونی ماسوولکە و هاوکاری زۆری لەش دەکات.

ئەگەر رۆژانە ئەم گیراوەیە بخورێتەوە زیانەکانی چین؟

بەشێک لەو پرۆتینانە لە شێوەی تۆزن و هەندێکجار کانزا و ژەهری زیان بەخشیان تێدا دروست دەبێت ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەو پرۆتینەی لە کارگەکان دروست دەکرێت تەندروست نین و ئەگەر زۆر بخورێن، رێژەی ژەهر لە ناو لەشی مرۆڤ زیاد دەکەن.

ئامی گودسۆن، پزیشکی خواردنە وەرزشییەکان دەڵێت، خواردن یان خواردنەوەی پرۆتین، 30 خولەک دوای وەرزشکردن، سوودی بۆ دووبارە دروستکردنەوەی ماسولکەکان زۆرە، بەڵام پرۆتینە بازرگانییەکان ئەگەری زۆرە ماددەی زیانبەخشیان تێکەڵ بکرێن، ئەگەر رۆژانە بەکاربێن، لە ماوەیەکی مەودا درێژ، زیان بە تەواوی جەستە دەگەیەنێت.

دەشڵێت، باشترە وەرزشوانان گیراوەی پرۆتینی سرووشتی بخۆن یان ئەو جۆرە پرۆتینانە بخۆن کە دڵنیا بن لە رووی تەندروستییەوە کێشەیان بۆ دروست ناکات.

ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت خواردن یان خوردنەوەی پرۆتینیش بەگوێرەی ئەو وەرزشە بێت کە دەکرێت، هەموو وەرزشێک پێویستی بەو پرۆتینە زۆرە نییە ئەگەر کەسەکە خۆی رۆژانە پرۆتینی پێویست بخوات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×