شاعیران‌و کۆشکی دەسەڵات
  2020-09-25       886       

ئا: ئەردەڵان عەبدوڵلا

هەتاوەکو ئێستاش نازاندرێت بۆچی «پلاتۆن» فەیلەسووفی ناسراوی یۆنان هێندە دژی شاعیرەکان بوو، رازی نەبوو لە کۆمارە خەیاڵاوییەکەیدا، شاعیران هەبن. لە کاتێکدا کۆمارەکەی پلاتۆن شتێکی خەیاڵیی بوو، خەیاڵ و شیعریش پەیوەندییەکی قووڵیان بە یەکەوە هەیە، کەچی ئەو دژی شاعیران بوو. بەڵام بە پێچەوانەی پلاتۆنەوە هەمیشە کۆشكی دەسەڵاتدارەکان، شاعیرانی تێدا بووە. لە کاتێکدا سیاسەت و دەسەڵات شتێکی تەواو عەقڵانیی و ئاڵۆزە، گەرچی شیعر و شاعیر زیاتر لایەنی سۆز و خۆشەویستی بەسەریدا زاڵە.
کاتێک سەیری مێژووی دەسەڵاتدارانی جیهان دەکەین، هەمیشە ئەوەمان بەرچاو دەکەوێت پادشا و سەرۆکەکان، حەزیان بە شیعر و شاعیرەکان هەبووە بەتایبەتی ئەوانەی کە شیعری جوانیان پێداهەڵداون، گەرچی ئەوانەی کە دژیان بوون، زیندانی کراون و چەوساندویاننەتەوە. واتە ئێمە پەیوەندییەکی دژ بەیەک دەبینین، لەلایەکەوە ئەو شاعیرانەی کە دۆستی دەسەڵات بوون، رێزیان لێگیراوەو پاداشت و خەڵات کراون، ئەوانەشی دژ بوون، سزادراون و چەوساونەتەوە.
لێرەدا هەوڵ دەدەم باسی چەند حکایەتێکی شاعیران و کۆشكی دەسەڵات بکەم، لە چەند وڵات و سەردەمانێکی جیاواز، کە هەریەکەیان سەر بە کولتوور و ناوچەیەکی جیهانن. سەرەتا لە عیراقەوە دەستپێدەکەین، باسی شای شاعیرانی عەرەب موتەنەبی و جەواهیری دەکەین، دواتریش باسی شاعیرەی کوێتی سوعاد سەباح دەکەین. دواتریش دەچین بۆ ئەوروپا بۆ لای ساڵۆنی میر و نەجیبزادەکانی فەرەنسا، دواتر سەرێک لە روسیا دەدەین و باسی مایکۆفسکی شاعیری شۆڕشی روسی دەکەین، ئینجا لۆرکای ئیسپانیی و بابلۆ نیرۆدای شیللی.

موتەنەبی شای شاعیرانی عەرەب
هەمیشە لە کۆشکی پادشا و میرەکانی وڵاتە عەرەبییەکاندا، شاعیران رۆڵ و پێگەیان هەبووە، تەنانەت لەسەردەمانی زوودا هەر خێڵە و خاوەنی شاعیرێکی خۆی بووەو لەکاتی جەنگدا ئەوانیش بە شیعرەکانیان بەشداری جەنگەکانیان کردووە. یەکێکیش لە شاعیرە بەناوبانگەکانی عەرەب « موتەنەبی « ە. ئەو بە ئوستادی گەورەی شیعری عەرەبی دادەنرێت، لە رووی زمان و مانا و مەنتقیشەوە، لە هەموو شاعیرە عەرەبەکانی تر، بەتوانا تر بووەو کاریگەری گەورەشی بەسەر زۆربەی شاعیرانی عەرەبەوە هەبووە. کۆمەڵێک نازناوی گەورەی هەبووە لەوانە « شاعیری حەکیم، و شانازی زمانی عەرەبی» ، شارەزاییەکی زۆر باشی لە مێژوو ، منطق، زمان و گراماتیکی زمانی عەرەبیدا هەبووە.
موتەبەنی ناوی ئەسڵی « أحمد بن الحسين بن الحسن بن عبد الصمد الجعفي أبو الطيب الكندي الكوفي « لە ساڵی 915 لە کوفە لە خێڵی کندە لەدایک بووەو لە ساڵی 965 کۆچی دواییکردووە. هەر لە منداڵییەوە توانا و بەهرەیەکی بێوێنەی هەبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا شیعری نووسیوەو هەر زووش توانای شیعری تێدا چەکەرەی کردووە.
موتەنەبی حەزێکی زۆری بە گەشت و گەڕان و سەرکێشی هەبووە، هەروەها سەردانی کۆشكی زۆر میر و پادشاکانی ناوچەکەی کردووە. بەگشتی شیعرەکانی لە رووی مانا و زمان و منطقیشەوە، بێوێنە بوون. لە ژیانیدا 365 بەیتی شیعری نووسیوە، شیعرەکانیشی مانا و ژیریی و قسەی نەستەقی زۆری تێدایە. لەهەمانکاتیشدا بەشێکی زۆری شیعرەکانیشی بۆ میرو پادشاکان نووسیوە، بەتایبەتی « سيف الدولة الحمداني» کە پادشای ئیمارەتی حەمدانی بووە لە حەلەب. موتەنەبی باشترین ساڵەکانی ژیانی ، لە کۆشكی ئەم پادشایە ژیاوە، هەرچەندە دواتر دژی دەوەستێتەوە.

موتەنەبی و کۆشكی دەسەڵاتداران
موتەنەبی لەسەردەمێکدا دەژیا، دەتوانین بڵێین سەردەمێکی ئاڵۆز و پشێویی بووە، چونکە لەو کاتەدا ئیمپراتۆریەتی عەباسی لە دوا ساتیدا دەژیا، ئەمەش وایکرد کە لە چەندین ناوچەدا، ئیمارەت و دەوڵەتی جیاواز پەیدابێت بەتایبەتی لە عیراق وشام و میسر.
موتەنەبی پەیوەندییەکی ئێجگار سەیر و سەمەرەی لەگەڵ کۆشكی دەسەڵاتداران هەبووە، زۆرجاریش لەلای دەسەڵاتدران خۆشەویست بووە، چونکە خاوەنی زمانێکی شیعری زۆر بەهێزبووە، بەتایبەتی لە رووی وەسفکردنەوە، زۆر بەهێزبووە. هەمیشە پادشا و میرەکانیش، دڵیان بەم ستایش و پێداهەڵدانەی شاعیران خۆشبووە، بەتایبەتی شاعیرێکی پایە بەرزی وەکو موتەنەبی.
پەیوەندی نێوان موتەنەبی و سەیف دەولەی حەمەدانی زۆر تایبەت بووە، هەروەها ئەم میرەش زۆر رێزی موتەنەبی گرتووەو هاوکاری باشیکردووەو هەمیشەش ئەندامێکی چالاکی کۆشکەکەی بووە. بەڵام پاش ماوەیەک ساردی دەکەوێتە نێوان موتەنەبی و سەیف دەولە، ئەمەش دەبێتە مایە‌ی نارەحەتی موتەنەبی، دیارە لەمەشدا وەکو دەڵێن خێڵی بەخیلان رۆڵیان هەبووە، چونکە پێیان ناخۆشبوە، کە سەیف دەولە، هێندە گرنگی بەم شاعیرە دەدات. ئەمیش کابرایەکی بێگانە بووە و لە عیراقە هاتووە. لەپاش نۆ ساڵ درز دەکەوێتە نێوان ئەم پەیوەندییە گەرمەی نێوان شاعیرو میرەوە. دیارە کۆمەڵێک قسەوباس لەبارەی تێکچوونی ئەم پەیوەندییە هەیە، لەوانە دەڵێن گوایە موتەنەبی حەزی لە خوشكەکەی سەیف دەولە بووە، پاشئەوەی پێیدەزانێت، ئیتر زۆری پێ ناخۆش دەبێت و دواتریش پشتگوێی دەخات، لەبەرئەوە موتەنەبی ناچار دەبێت و حەلەب و کۆشكی میر بەجێبهێڵێت.
پاشان روو دەکاتە میسر و ماوەیەکیش لێرە دەمێنێتەوە، لەوکاتەدا میسر لەلایەن کافوورەوە حوکم دەکرێت، ماوەیەکیش لەلای ئەم میرە دەبێت، بەڵام پاش ماوەیەک پەیوەندی لەگەڵیدا زۆر بەخراپی تێکدەچێت و ناچار میسر بەجێدەهێڵیت، لەکۆتایشدا موتەنەبی زۆر بەتوندی هێرش دەکاتە سەر میسر و ئەم پادشایە، تەنانەت شیعرەکانی هێندە ناشیرین دەبێت، کە دەچێتە قاڵبی راسیزمەوە، چونکە کافوور پێست رەشبووە و پێشتر کۆیلە بووە. موتەنەبی زۆر بە ناشیرینی شیعری هەجوی» داشۆرین» لەسەر ئەم میرە نوسیوە.
سادات كل أناس من نفوسهم
وسادة المسلمين الأعبد القزم
لا تشتر العبد إلا والعصـا معـه
دواجار موتەنەبی هەر لەسەر ئەم زمانە تیژ و توندەی دەکوژرێت، کاتێک شیعرێکی هەجو»داشۆرین « لە دژی یەکێک لە پیاوکوژ و دز و چەتەکانی ناوچەکە بەناوی « ضبة بن يزيد الأسدي العيني» دەنووسێت، کاتێک موتەنەبی دەگەڕێتەوە بۆ کوفە، لەرێگادا ضبة و گرووپەکەی رێگای پێدەگرن، دواتریش دەیکوژن.
هەرچەندە نوکتەیەکەیش لەمبارەیەوە هەیە، دەڵێن کاتێک دەکەونە بۆسەی ضبة وە، موتەنەبی دەیەوێت را بکات، غوڵامەکەشی گاڵتەی پێدەکات و دەڵێت: ئەی تۆ نەبوویت جاران دەتگوت :
الخيل والليل والبيداء تعرفني
والسيف والرمح والقرطاس والقلم
ئەویش بە پەشۆکاوییەوە وەڵامی د ەداتەوە:
قتلتني قتلك الله
هەر لە عیراق دەمێنینەوە، بەڵام زەمەنەکە دەگۆڕین و باسی شاعیرێکی ناسراوی تری عیراق دەکەین، کە لە سەدەی بیستەمدا ژیاوە، واتە 10 سەدە دوای موتەنەبی، هەرچەندە حکایەتی ئەویش کەمێک لە حکایەتی موتەنەبییەوە نزیکە، ئەویش شاعیری ناسراوی عیراقی جەواهیرییە.

جەواهیریی و دەسەڵات
هەر لەدێر زەمانەوە عیراق بێ رکابەر پایتەختی شیعری عەرەبییە و کۆمەڵێک شاعیری مەزنی تێدا لەدایک بووە لەوانە : موتەنەبی، بەدر شاکر سەیاب، نازک مەلائکە، عەبدلوەهاب بەیاتی، جەواهیری، موزەفەر نەواب و زۆری تریش.
هەموو ئەدیبان و شاعیرانی عەرەبیش لەسەر ئەوە کۆکن، کە مەهدی جەواهیری ، خاوەن پێگەیەکی بەهێزی شیعری عەرەبییە لە سەدەی نوێیدا.
شیعرەکانی لە رووی ناوەڕۆک و شێوازیشەوە، داهێنان و جوانییەکی زۆری تێدایە. لەهەمانکاتیشدا خاوەنی هەڵوێستی سیاسی بووەو زۆرجاریش هەڵوێستە سیاسییەکانی مایەی رەخنەی توندبوون لەم شاعیرە. لەرووی سیاسییەوە زیاتریش لە پارتی کۆمۆنیستی عیراقەوە نزیک بوو.

مەلایەکی نەجەفی
محەمەد مەهدی جەواهیری لە 27 تەموزی 1899 لە شاری نەجەف لە بنەماڵەیەکی ئایینی و ناوداری نەجەف لەدایک بووە، ساڵی 1997 لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کۆچی دوایی کردووە.
سەرەتا جەواهیری زانستی ئایینی خوێندووە، بەڵام پاشان وازی لە مەلایەتی هێناوەو تێکەڵی ژیانی ئەدەبی وسیاسی و رۆژنامەگەری بووە. جێگەی ئاماژەیە جەواهیری جگە لەوەی شاعیرێکی بەتوانا بووە، لەهەمانکاتیشدا رۆژنامەنووسێکی چالاکیش بووە، بەتایبەتی لەسەردەمی لاویدا کۆمەڵێک رۆژنامەی دەرکردووە لەوانە» الفرات،الانقلاب، الراي العام» ساڵی 1923 یەکەمین دیوانی شیعری خۆی بەناوی « حلبة الادب» چاپکردووە. جەواهیری زۆر هۆگر و شەیدای شیعرەکانی موتەنەبیش بووە، هەرچەندە لە رووی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتیش، کەمێک لە یەکترییەوە نزیکن.

جەواهیری شاعیری کۆشکی دەسەڵات
نەیارانی جەواهیری زۆرجار بە شاعیری کۆشکی دەسەڵاتی دادەنێن. ئەویش خاوەنی حکایەتی سەیروسەمەرەیە لەگەڵ کۆشكی دەسەڵات، لە سەرەتای ژیانیدا لە کۆشكی دەسەڵات کاریکردووە، بەڵام لە دوا ساتەکانی ژیانیدا دەبێتە دوژمنی سەرسەختی کۆشکی دەسەڵاتی بەغدا.
جەواهیری لەسەرەتای لاویدا لە کۆشکی پاشایەتی مەلیک فەیسەڵ کاریکردووە، بەڵام پاشان بەهۆی قەسیدەی « جربیني» یەوە، لە کۆشک دەردەکرێت، دواتریش تێکەڵی رێکخراوەکانی حزبی شیوعی عیراق دەبێت، هەموو توانا شیعریی و رۆژنامەگەرییەکانی دەخاتە خزمەتی ئەم پارتەوە. لەهەمانکاتیشدا دەبێتە دوژمنی سەرسەختی هەموو نەیارانی ئەم حزبە بەتایبەتی حزبی بەعس.
جەواهیری شیعری بۆ مەلیک فەیسەڵی یەکەم و دووەم وتوە، هەروەها شیعری بۆ میر عەبدوڵڵای وەسی مەلیک فەیسەڵی دووەم و نوری سەعید وتوە، کە دوژمنی سەرسەختی شیوعییەکان بووە.
لە ستایشی مەلیک فەیسەڵی یەکەم دەڵێت:
اعلى المللوك محله نبلا
وشرفوا مكانته فضلا
لە ستایشی میر عەبدوڵڵا وەسی مەلیک فەیسەڵی دووەم دەڵێت:
عبدالإله وفي المكارم شركة
شاركت في خصل المليك الأوحد
يا ابن الهواشم حرة عن حرة
وابن الخلائف أصيدا عن أصيد
بۆ مەلیک فەیسەڵی دووەمیش دەڵێت:
يا أيها الملك الأغر تحية
من شاعر باللطف منك مؤيد
أنا غرسكم أعلى أبوك محلتي
نبلا، وشرف فضل جدك مقعدي

بەعس و جەواهیری
یەکێک لە کێشە گەورەکانی حزبی بەعس ئەوەبوو، بەشێكی زۆری ئەدیبان، نووسەران، شاعیران، گۆرانیبێژان، تابلۆکێش و هونەرمەندانی، لەگەڵ حزبی شیوعیدا بوون، تاک و تەرا، شاعیرێک یان نووسەرێک لەگەڵ بەعسییەکان بوو، ئەمەش خەوش و داخێکی گەورە بوو بۆ سەرانی ئەم حزبە. لە شەستەکانیشەوە جەواهیری یەکێک بوو لە شاعیرە ناودارەکانی عیراق، لە زۆربەی بۆنەکانیشدا دژی بەعس شیعری دەنووسی. ئەمەش وایکرد کە ببێتە دوژمنی سەرەکیان، هەرچەندە دواتر لە سایەی کودەتای ساڵی 1968 دووبارە لەسەر داوای حکومەتی بەعسییەکان دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و مانگانەش 150 دیناری وەکو خانەنشینی بۆ دەبڕنەوە، کە لەوکاتەدا بڕە پارەیەکی زۆر بووە، هەروەها کەمێک لە دوژمنیایەتیی بەعسییەکان کەوت، بەڵام ئەوەش کاتی بوو.


جەواهیری و سەدام

هیچ حاکمێکی عەرەبی هێندەی سەدام شاعیرەکانی نەچەوساندۆتەوە، لەهەمانکاتیشدا هیچکامیان هێندەی ئەو شیعری بۆ نەنووسراوە. سەدام حاکمێکی دیکتاتۆر بوو لەهەمانکاتیشدا خاوەنی سەروەت و سامانێکی زۆریش بوو، وەکو هەموو حاکمێکیش حەزی بەوە هەبوو کە شاعیران شیعری ستایشی بۆ بنووسن، لەمەشدا کۆمەڵێک شاعیری عەرەبی نانیان کەوتە رۆنەوە، بەڵام سەدام شانسی لەگەڵ شاعیرە عیراقییەکان زۆر کەم بوو، چونکە زۆربەیان دژی بوون. لەپاش گەڕانەوەی جەواهیری، سەدام کەمێک دۆستایەتی لەگەڵ پەیدا کرد، لەماوەی پێشووشدا کۆمەڵێک ڤیدیۆ و فۆتۆ بڵاوبوونەوە، کە سەدام لە کۆشکەکەی خۆی پێشوازی لە جەواهیری کردووە، بەڵام ئەم دۆستایەتییە بەردەوام نەبوو، ناچار جەواهیری ساڵی 1980 عیراق بەجێدەهێڵێت و دەچێتە وڵاتی دوژمنە سەرسەختەکەی سەدام کە ئەویش حافیز ئەسەدە، هەتا کۆتایی ژیانی لە دیمەشق دەمێنێتەوە. ساڵی 1994 دووبارە ناسنامەی عیراقی لە جەواهیری دەستێنرێتەوە چونکە بەشداری لە میهرەجانی جادریە لە سعودیە کرد، ئەمەش بە پێی بۆچوونی سەدام خیانەت بووە لە نیشتمان، چونکە سعودیە دوژمنی عیراق بووە، جەواهیریش لەداخی ئەم هەڵوێستەی سەدام، شیعرێکی داشۆرین لە دژی دەنووسێت، تەنانەت قسەی ناشایستەش بە دایکی و بنەچەی سەدام دەڵێت.

جەواهیریی سەرۆک و پادشاکانی عەرەب
بەشێک لە رەخنەگرانی جەواهیری، بە شاعیری پادشا و سەرۆکەکانی عەرەبی دادەنێن، ئەوەش لەبەرئەوەی شیعری زۆری بۆ پیاداهەڵدان و ستایشی حاکمە دیکتاتۆرەکانی عەرەب وتوە. جەواهیری شیعری ستایشی بۆ مەلیک حوسێنی ئورودن، مەلیک حەسەنی دووەمی مەغریب، حافیز ئەسەد، وتوە. پارادۆکس لەوەدایە جەواهیری خۆی بەشاعرێکی شۆڕشگێڕ دادەنا و بۆیە عیراقی بەجێهێشت لەبەرئەوە شیعری ستایش بۆ سەدام نەڵێت و خۆی بەنەیاری رژێمی دیکتاتۆری دادەنا، کەچی شیعری بۆ مەلیک حوسێن دەوت، کە خۆی و مەملەکەتەکەی، بە خێرو سەدەقەی سەدام دەژیا.
بەدڵنیاییەوە ژیانی ئەدەبی جەواهیری پڕیەتی لەلێکدژیی و ئاڵۆزی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەر سەیری شیعرەکانی تری بکەین، جوانیی و بەهرەمەندی و داهێنانی گەورە لە شیعرەکانیدا دەبینینەوە.
هەر لەعیراق دەمێنینەوە، بەڵام ئەمجارەیان باسی ژیانی ژنە شاعیرێک دەکەین، کە ئەویش سەرەتا زۆر عاشقی سەدام دەبێت، بەڵام دوایی دژی دەوەستێتەوە ئەویش ژنە شاعیری کوێتی سوعاد ئال سەباحە.

ژنە شاعیرێک عاشقی دیکتاتۆرێک دەبێت
وەکو پێشتر وتم کاتێک سەدام بووە حاکمی عیراق، زۆر شاعیری عەرەبی کەوتنە ستایش و پیاهەڵدانی، بەتایبەتی لە میهرەجانی شیعری « المربد» دا، زۆر شاعیری عەرەبیمان دەبینی کە ستایشی سەدامیان دەکرد. یەکێکیش لەو شاعیرانە، ژنە شاعیرەی کوێتی سوعاد سەباح بوو. ئەم ژنە کە دەهات بۆ عیراق هەموو دەزگا میدیاکانی عیراق گرنگیان پێدەدا و شیعرەکانیان بڵاودەکردەوە.
سوعاد سەباح لە ساڵی 1942 لە کوێت لەدایک بووە، جگە لەوەی شاعیرەیەکی ناسراو بوو، ئەکادیمییەکی ناسراوی کوێتیش بوو ، ساڵی 1981 بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی لەندەن دەهێنێت. سەر بە بنەماڵەی سەباحە کە سەدان ساڵە حوکمی کوێت دەکەن. ژنی شێخ محەمەد موبارک سەباح بوو، کە جێگری حاکمی کوێت بوو، ئەم ژنە شاعیرە پێویستی بە پارەو پوولیش نەبوو، بەڵام میرنشینەکەی پێویستیان بە سەدام بوو.
لەوکاتەشدا سەدام خۆی بە پارێزەری هەموو عەرەب دەزانی بەتایبەتی دەوڵەتانی کەنداوی فارس، جەنگی لەجیاتی هەمووان لە دژی ئێران دەکرد. هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی هێندەی کوێت پشتگیری رژێمی سەدامی نەکرد، ئەوان چ لە رووی ئابووری، سیاسی، تەنانەت فەرهەنگیشەوە، زۆر پشتگیری سەدامیان دەکرد. زۆربەی گۆرانیبێژان، شاعیر، نووسەر، رۆژنامەنووسانی کوێتی، هەموویان بە شان و باڵی سەدام و رژێمەکەیان هەڵدەدا.
ساڵی 1985 سوعاد سەباح شیعرێکی بەناوی « حب الى سيف عراقي ، خۆشەویستی بۆ شمشێرێکی عیراقی « نووسی، لەمەشدا زیاتر مەبەستی سەدام بوو کە بە شمشێری عەرەب وەسف دەکرا.
لە شیعرەکەیدا دەڵیت:
انا إمرأة قررت أن تحب العراق
وأن تتزوج منه أمام عيون القبيلة
فمنذ الطفولة كنت أكحل عيني بليل العراق
وكنت أحني يدي بطين العراق
وأترك شعري طويلا ليشبه نخل العراق
لەوکاتەدا قسەی زۆر لە بارەی پەیوەندی ئەم ژنە شاعیرە بەسەدامەوە دەکرا، چونکە چەندینجار سەدام بە تەنها بینیوویەتی، ئەویش هەرچەندە ژنێکی ئەکادیمیی و مێردەکەشی میرێکی کوێتی بوو، بەڵام خۆشەویستی خۆی بۆ سەدام نە دەشاردەوە. ئینجا نازانم ئەمە بە ئاگاداری مێردەکەی بوو یان نا؟!.

پەشیمان بوونەوە
بەڵام کاتێک سەدام لوولەی تۆپەکانی ئاڕاستەی کوێت کرد و داگیریکرد، ئینجا پەنچەی پەشیمانی گەست و لە رادیۆی لەندەنەوە، دەگریا و تووشی شۆک بوو کاتێک سەدام کوێتی داگیرکرد. ئەمان هەموویان لە ئاست تاوانەکانی سەدام کەڕو کاس بوون، هەتا سەدام چووە گیانیان.
لە شیعرێکیدا باسی ئەم شۆک و پەشیمانییەی دەکات و دەڵێت:
أيها الجار الذي هدم داري
وأنا عمرت في قلبي له ركنا ودارا
إنني مكسورة، مقهورة، ذاهلة
تقذف الخيبة أحلامي يمينا ويسارا.
دواتر ئەو شیعرەی لە دیوانەکەی سڕیەوە کە پێشتر بۆ سەدامی وتوە، بەڵام دەردی مەسەلە عەرەبییەکە دەڵێت « دوای وێران بوونی بەسرە»
عیراق و رۆژهەڵات بەجێدەهێڵین و دەچین بەرەو ئەوروپا و سەردانی ساڵۆنەکانی سەدەی حەڤدە و هەژدەی میرو نەجیبزادەکانی فەرەنسا دەکەین، لێرەش شاعیران حکایەتی بەلەزەتیان هەیە.

ساڵۆنە ئەدەبییەکانی فەرەنسا
هەروەک چۆن خێڵ و میرو پادشاکانی عەرەب شاعیری تایبەت بەخۆیان هەبوو، لە فەرەنساش بەهەمانشێوە بوو، بەتایبەتی لەسەدەکانی شانزە و حەڤدە و هەژدەدا دیاردەیەکی سەیر سەرهەڵدەدات ئەویش ساڵۆنە ئەدەبییەکانە. ئەم ساڵۆنانە لەناو مێژووی ئەدەبیاتی فەرەنسیدا، پانتایی گەورە داگیر دەکەن. لەم سەدانەدا، میرو نەجیبزادەکان، کۆشکەکانیان بە رووی شاعیران، شانۆکاران، تابلۆکێش و موزیکژەنەکان دەکردەوە. هەر میرەو کۆمەڵێک شاعیرو نووسەر و هونەرمەندەی تایبەتی بەخۆی هەبوو. لەماوەی پێشوودا چاوم بە وتارێکی نووسەری مەزنی فەرەنسی ئیمیل زۆلا کەوت، ئەو خۆی دژی ئەدەبی ساڵۆنەکان بووە، چونکە پێی وایە کە ئەدەب نابێت تەنها بۆ چینێک قۆرخ بکرێت، بەڵکە دەبێت بۆ هەموو گەل بێت.
زۆلا دەڵێت:
ساڵۆنەکانی نەجیبزادەکان، ئەوان بۆیان هەبوو رۆحی ئەدەبی دیاری بکەن و ئەدەبی باش و خراپ دابنێن و هەر ئەوانیش بۆیان هەبوو، بڕیاری یەکلاکەرەوە لە بارەی ئەدەبەوە بددەن.
دواتریش دەڵێت:
نەجیبزادەکان حەزیان دەکرد، هەروەک چۆن خاوەنی چێشتلێنەر و کارگوزاری تایبەت بوون، ئاواش خاوەنی شاعیری تایبەت بە خۆیان بن، لەوکاتەدا ئەمانە بووبون بە خاوەنی ئەدەب.
دواتریش زۆلا لەو وتارەیەدا تیشكی خستۆتە سەر پەیوەندی نێوان کۆمەڵێک شاعیر و ئەدیبی گەورەی فەرەنسا لەگەڵ ستەمکارترین حاکمی فەرەنسا کە ئەویش لویسی چوارەدە بوو. ئەم پیاوەش پەیوەندی سەیری بە ئەدیب و شاعیرانەوە هەبووە.
لویسی چوارەدەو شاعیرانی فەرەنسا
لویسی چواردە یەکێکە لە پادشا ناسراوەکانی فەرەنسا، لە هەمانکاتیشدا ئەم پادشایە، گوزارشت لە حوکمێکی رەها و دیکتاتۆری دەکات، هەربۆیە زۆرجار لویسی چوارەدە وەکو سیمبۆڵێک بۆ «ئەبسلوتیزم» دادەنرێت و خاوەنی وتەیەکی ناسراوە: من دەوڵەتم و دەوڵەتیش منم

بەڵام لەپەنا ئەمەشدا فەرەنسا لەسایەی لویسی چوارەدا لە رووی فەرهەنگییەوە، گەشەیەکی گەورەی بەخۆوە بینیووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم حاکمە زۆر باشبووە لەگەڵ شاعیران و سەخی تەبیعەتانە پارەی پێ بەخشییوون و مووچەی تایبەی بۆ گەلێک شاعیری ناسراوی فەرەنسی بڕیوەتەوە، بۆ نموونە لەو سەردەمەدا بەناوبانگترین شاعیری فەرەنسا کورنی بووە، کە شاعیرێکی شانۆییش بووەو بە یەکێک لە کۆڵکەکانی شیعری فەرەنسی دادەنرێت. ساڵانە 2 هەزار فرانکی هەبووە، «دیمارییە» ی شاعیر و درامانووسی بەناوبانگیش 1200 فرانک، «مۆلێر» شاعیرو شانۆنووس 1000 . هەروەها «ژان راسین» کە ئەویش یەکێکە لە شانۆنووسە مەزنەکانی فەرەنسا، ئەمیش ساڵانە 800 فرانکی لە کۆشكی پادشایەتی بۆ براوەتە.
ئەمەش لە کاتێکدا ئەم ئەدیب و شاعیرانە رۆڵی بەرچاو و گەورەیان هەبووە لە بواری ئەدەبیات و فەرهەنگی فەرەنسیدا، لە کاتێکدا پەیوەندییان لەگەڵ دیکتاتۆرترین حاکمی فەرەنسا هەبووە. جگەلەوەش لە کاتێکدا کە ئەمانە بە لێشا و پارەیان لە کۆشکی شاهانە وەرگرتووە، زۆرینەی خەڵکی فەرەنسا لەوپەڕی هەژاریی و نەداریدا ژیاون.
فەرەنسا بەجێدەهێڵین بەڵام هەر لە ئەوروپا دەمێنینەوەو بەرەو وڵاتە ساردەکەی روسیا دەڕۆین، لێرەش شاعیرێک حکایەتێکی سەیری لەگەڵ کۆشکی دەسەڵاتدا هەیە.

شاعیرەکەی شۆڕشی روسیا
کاتێک سەیری مێژووی ئەدەبیاتی روسیا دەکەین، کۆمەڵێک شاعیری مەزن دەبینین، یەکێکیش لەو شاعیرانە فلادیمیر مایکۆفسکییە کە نازناوی « شاعیری شۆڕش» یان لێنابوو. ئەم شاعیرەش خاوەنی حکایەتێکی ئێجگار سەیرو سەمەرەیە لەگەڵ دەسەڵاتداران، سەرەتا زۆر بە جۆش و خرۆشەوە تێکەڵی شۆڕشەکە دەبێت و تەواوی هێز و تواناکانی بۆ خزمەتکردنی شۆڕشەکە تەرخان دەکات، لێ پاش چەند ساڵێک بێزار دەبێت و دواجاریش کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

ئەدیبێکی بێگانە لە مۆسکۆ
مایکۆفسکی لە مانگی تەموزی 1893 لە شارۆچکەی « بەغدادی» لەدایک بووە و لە 14 ئەپریلی 1930 خۆی کوشتووە. ئەوەی جێگەی سەرنجم بوو ناوی شارۆچکەکەیان بوو» بەغدادی»، نازانم لە کوێوە هاتووە، هەرچەندە پاشان دەسەڵاتدرانی سۆڤێتی ناوەکەی دەگۆڕن و دەیکەن بەناوی « مایکۆفسکی» یەوە.
باوکی « رۆسمن» تەتەری بووەو دایکیشی خەڵکی « ئۆکرانیا» بووە. واتە مایکۆفسکی لە بنەماڵەیەکی فرە کولتووریی و نەتەوەیی لەدایک بووە ئەمەش جۆرە هەستێکی کۆسمۆپۆلیتیکی لادروست کردووە. پاشان لە قوتابخانە فێری زمانی جۆرجی و روسی دەبێت.
ساڵی 1906 لەپاش کۆچی دوایی باوکی لەگەڵ دایکی و دوو خوشکەکەی ناچار جۆرجیا بەجێدەهێڵن و دەچن بۆ مۆسکۆ. بەهۆی هەژاری بنەماڵەکەشیانەوە، ساڵی 1908 واز لە خوێندن دەهێنێت،بەڵام پاشان ساڵی 1911 پەیوەندی دەکات بە کۆلیژی هونەرەجوانەکان لە مۆسکۆ و لێرەشەوە تێکەڵی ژیانی سیاسی و ئەدەبی مۆسکۆ دەبێت.
مایکۆفسکی هەژاریی و بێدرامەتیی کاریگەری گەورەی تێکردووە، بەتایبەتی پاشئەوەی باوکی دەمرێت، تەمەنی 13 ساڵان دەبێت، رەوشی ژیانیان تەواو ناخۆش دەبێت. پاشان لە بیرەوەرییەکانیدا باسی ئەو ساتانە دەکات و دەڵێت: لەپاش مردنی باوکم تەنها 10 رۆبڵی خانەنشینی ئەومان هەبوو ئەمەش زۆر کەم بوو، ئێمە ناچاربووین بەرەو مۆسکۆ بڕۆین، لەوێش ئەوپەڕی هەژاریی و برسێتی و نەدرایمان بینی.
بەڵام لەهەمانکاتیشدا ژیانی روسیا و مۆسکۆ، ماگنێتی گەورەی هەبووە، کۆمەڵێک ناخۆشی لەبیربردۆتەوە، وەکو دواتریش لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: روسیا ماگنێتێکی گەورەی هەبوو، هەمیشە بەرەو لای خۆی رایدەکێشام.
پاشان تێکەڵی ژیانی سیاسی دەبێت و پەیوەندی بە پارتی بەلشەفییەوە دەکات. ساڵی 1908 بۆ یەکەمجار لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت، چونکە لە چاپخانەی نهێنی بەلشەفییەکان کاری دەکرد، بەڵام بەهۆی کەمی تەمەنیەوە، ئازادی دەکەن. پاش شەش مانگی تر، لەهەمان ساڵدا دووبارە دەستگیر دەکرێت، ئەوەش بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانی بەلشەفییەکان، دیسانەوە بەهۆی کەمی تەمەنیەوە، رەحمی پێدەکەن و تەنها چل رۆژ زیندانی دەکرێت. بەڵام ساڵی 1909 کاتێک هەوڵی ئازادکردنی 13 زیندانی گرتووخانەی نوڤنسکا، نزیکەی ساڵێک د ەستگیر دەکرێت.
مایکۆفسکی هەر لەتەمەنی منداڵییەوە بەهرەی شیعری تێدا لەدایک دەبێت، لە تەمەنی پانزە ساڵیدا یەکەمین شیعری خۆی بەناوی « هەورێک لە شەرواڵ» دا بڵاو دەکاتەوە. پاشانیش کۆمەڵێک شیعری تر دەنووسێت، کە تێیدا دژایەتیکردنی سەرمایەدار و زوڵم و زۆری چینایەتی، دەبێتە ناونیشانی سەرەکی. هەر لەیەکەم شیعریەوە هەست بەمە دەکرێت و داوای رووخانی چوار شت دەکات:
بروخێت خۆشەویستیتان، برووخێت هونەرەکەتان، بروخێت رژێمەکەتان، بروخێت ئاینەکەتان.
لەپاش سەرهەڵدانی شۆڕش، مایکۆفسکی پەیوەندییەکی زۆر قووڵی لەگەڵ شۆڕش و شۆڕشگێران دەبێت و هەموو توانا شیعرییەکانیشی بۆ خزمەتی شۆڕشەکە بەکاردەهێنێت، هەرئەمەش وادەکات کە نازناوی شاعیری شۆڕشی لێبنێن.

شاعیری شۆڕش
مایکۆفسکی پەیوەندییەکی زۆر پتەویی لەگەڵ سەرانی نوێی شۆڕشەکە هەبوو بەتایبەتی لەگەڵ لینین رابەری یەکەمی شۆڕشەکە. هەرچەندە مایکۆفسکی کەسێکی هەست ناسک بوو، داوای خۆشەویستی بۆ ژیان دەکرد، بەڵام لە کاتی جەنگی ناوخۆدا، بە شیعرەکانی پشتگیری جەنگی ناوخۆی دەکرد. لە رووی ژیانی تایبەتیشەوە، مایکۆفسکی پەیوەندییەکی لەگەڵ کۆمەڵێک ژن هەبووە. بەڵام لەکۆتاییدا شاعیری شۆڕش تووشی بێ ئومێدی دەبێت بەرامبەر بە شۆڕشەکە و دەسەڵات، لەرووی ژیانی تایبەتیشەوە رووبەروی کۆمەڵێک تەنگژەی ئەڤینداری دەبێتەوە. هەرئەمەش وادەکات کە لە کۆتاییدا بڕیارێکی ترسناک بدات و کۆتایی بەژیانی بهێنێت.
هەرچەندە هەتاوەکو ئەمڕۆش قسەوباسێکی زۆر لەبەرامبەر هۆکاری خۆکوشتنەکەی هەیە، هەندێک پێیان وایە کە لە پاش ئەوەی دەسەڵاتدارانی سۆڤێتی پشتگوێیان خست، مایکۆفسکی هەستی بە بێ ئومێدی لە شۆڕشەکە کردووە بەتایبەتی کاتێک ستالین دێتە سەرکار. هەندێکی تریش دەیگەڕێننەوە بۆ شێوازی مایکۆفسکی، کە لەگەڵ کۆمەڵێک ژن و پەیوەندی سۆزداری هەبوو، لەکۆتایشدا هەستی بە شكست کردووە.
جگەلەوەش قسەوباسێکی زۆر لەبارەی ئەوەوە دەکرێت، ئایا ئەوە دەسەڵاتی سۆڤێتی بوو زوڵمی لەم شاعیرە گەنجە کردووە یان شاعیرە گەنجەکە خۆی زوڵمی لە خۆی کرد و هەموو هێز و توانای خستە ناو گیرفانی شۆڕشەوە.
حیکایەتی مایکۆفسکی یەکێکە لە حیكایەتی ئەو شاعیرانەی کە خۆیان بە دەسەڵاتێکەوە هەڵدەواسن، دواتریش زوو هەست دەکەن کە زوڵمیان لە خۆیان و توانا ئەدەبییەکانیان کردووە، زۆرکەسیش رەخنە لە مایکۆفسکی دەگرن، کە لە سەرەتادا بەهەموو شێوەیەک پشتگیری لە دەسەڵات کردووە، لەکاتێکدا ئەو دەسەڵاتە سەدان نووسەر و ئەدیبی زیندانی کردووە یان لە وڵات دەریکردوون، مایکۆفسکیش نەک هەڵوێستی نەبووە، بگرە داکۆکیشی لەو دەسەڵاتە کردووە، بەڵام پاشان کاتێک کە دەسەڵات وەکو جاران گرنگی پێنادات، ئینجا مایکۆفسکی هەست دەکات کە هەڵەی کردووە.
حیکایەتی مایکۆفسکی پێچەوانەی بەشێکی تری شاعیرانی شۆڕشگێر بووە، چونکە دژی دەسەڵاتی سیاسی بوون، بۆ نموونە شاعیری ئیسپانی لۆرکا، کە دوایی بە دەستی دەسەڵاتی سەربازی ئیسپانیی دەکوژرێت.

شاعیر و هونەرمەندە مەزنەکەی ئیسپانیا
فیدریکا گارسیا لۆرکا لە یەک کاتدا شاعیر و شانۆنووس و وێنەکێش و موزیکژەنێکی بەتوانا بوو بەتایبەتی لە پیانۆدا ئوستاز بوو. لە 5 تەموزی 1898 لە گوندێکی هەرێمی غەرناتەی ئیسپانیا لەدایک بووەو لە 19 ئابی 1936 لەلایەن دەسەلاتی سەربازی فاشیستی فرانکۆوە گوللەباران دەکرێت.
لۆرکا یەکێکە لەو شاعیرانەی کە بەشێکی زۆری کارەکانی گوزارشت لە جوانیی، مرۆڤ دۆستی، ئاشتی دەکات، لەهەمانکاتیشدا دژی زوڵم و زۆرداری بووە. بەشێکی زۆری کارەکانی کراوە بە عەرەبی و کوردی، کۆمەڵێک بەرهەمی جوانی هەیە لە پێش هەموویانەوە شانۆگەریی « زەماوەندی خوێنین» و دیوانی شیعری «گۆرانییە قەرەجییەکان» بەتایبەتی زەماوەندی خوێنین، کاتێک کە خوێنمەوە زۆر کاری تێکردم، وام هەست دەکرد کە باسی کوردستان دەکات، لەرووی ناوەڕۆکی حکایەتەکەوە، لە کۆمەڵگای کوردی دەچێت.
حکایەتی لۆرکا زۆر جیاوازە لە حکایەتی مایکۆفسکی، ئەو کەسێکی هونەرمەند بووە، لە زۆر بواری هونەریی و ئەدەبیدا بەتوانا بووە، ئەو لەیەک کاتدا کۆمەڵێک شیعر و شانۆگەری جوانی نووسیوە، هەروەها ژەنیارێکی زۆرباشی پیانۆش بووە و کۆمەڵێک پارچە موزیکی جوانی ژەنیوە، هەروەها کۆمەڵێک تابلۆی جوانیشی کێشاوە. ئەمەش لە کەم کەسدا دەردەکەوێت، بەڵام بەداخەوە ئەم هونەرمەندە مەزنە، شانسی لەگەڵ دەسەڵات نابێت.

منداڵێکی شەرمن و نەخۆش
سەرەتا لۆرکا نەیدەتوانی بە باشی قسە بکات و بجوڵێت، هەتاوەکو تەمەنی چوار ساڵی، بەمشێوەیە مایەوە، پاشان تەندروستی باشبووە. باوکی جووتیارێکی دەوڵەمەندبووەو خاوەنی زەیوزارێکی زۆر بووە، دایکیشی ژنێکی خوێندەوار بووە لە بنەماڵیەکی نەجیبزادە بووە.
هەر لە منداڵییەوە بەهۆی ئەوەی تێکەڵی منداڵان نەبووە، خەیاڵ و بیرکردنەوەی زاڵبووە بەسەریدا، حەزیشی بە شانۆ هەبووە. پاشان دەست دەکات بە شانۆ و وتارنووسین، یەکەمجار لە ساڵی 1918 کتێبێکی بەناونیشانی « سەرنج و دیمەن» بڵاودەکاتەوە. ئەمەش زیاتر وەکو سەفەرنامەیەک وابوو، کە لە ماوەی پێشوودا لە نێوان غەرناتە و مەدریدا کردوویەتی. پاشان ساڵی 1920 یەکەم شانۆگەری خۆی بڵاو دەکاتەوە بەڵام سەرکەوتوو نابێت، ئەمەش کەمێک تووشی بێئومدی دەکات، بەڵام بەپێچەوانەی شانۆوە، لە بواری شیعردا پێشدەکەوێت بەتایبەتی کاتێک دیوانە شیعریە بەناوبانگەکەی « گۆرانییە قەرەجیەکان» بڵاودەکاتەوە، لە تەوای ئیسپانیادا ناوبانگ پەیدا دەکات. پاشان دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ شانۆ و کۆمەڵێک شانۆگەری زۆر سەرکەوتوو دەنووسێت لە پێش هەمووشیانەوە› زەماوەندی خوێنین» هێندەی تر بەناوبانگ دەبێت.
لۆرکا نوێنەری ئەدیبە نوێخوازەکانی ئیسپانیا بووە لە سەرەتای سەدەی بیستەم، کەسێکی نوێخواز، ئازاد ، مرۆڤ دۆست بووە، ئەمەش لەکاتێکدا رەوشێکی نامرۆڤیی و جەنگ و شەڕ بەسەر وڵاتدا زاڵبووە. کۆمەڵێک هاوڕێی نووسەر و وینەکێشی بەتوانای هەبوو کە پاشتر ناوبانگیان لەجیهاندا پەیداکردو بوونە نوێنەری نوێخوازی هونەری و ئەدەبی بوون لە جیهاندا بەتایبەتی سیلڤادۆر دالی، پاپلۆ نیرۆدا.
لەوکاتەدا جەنگێکی خوێناوی لە نێوان کۆماریخوازەکان و کودەتاچییە فاشیستەکان بەسەرۆکایەتی فرانکۆ روودەدات، لۆرکاش لەناو خەڵكیدا بە کەسێکی چەپ لەقەڵەمدراوە، هەرئەمەش وادەکات کە ببێتە دوژمنی دەسەڵاتی سەربازی فرانکۆ و پاش ئەوەی دەستگیر دەکرێت، لە 19 ئابی 1936 گوللەباران دەکرێت.
گوللەبارانکردنی
هەتاوەکو ئێستاش لە تەواوی جیهاندا قسەوباسی زۆر لەبارەی کوژارن و گوللەبارانکردنی لۆرکا دەکرێت. هەندێک دەڵێن بەهۆی هەڵوێستی سیاسییەوە بووە،هەندێکیش دەڵێن بەهۆی ئەوەبووە کە کەسێکی هۆمۆسێکسواڵ «هاورەگەزباز» بووە، رژێمی فرانکۆش وەکو نازییەکان ڕقیان لە هاوڕەگەزبازەکان بووە.
هەروەها گوللەبارانکردنیشی خۆی لەخۆیدا حکایەتێکی زۆر مەزن و جوانە، لەو ساتەی کە دوو سەربازی رژێمی سەربازی دەست بە پەلەپیتکەی چەکەکایندا دەنێت بۆئەوەی لۆرکا گوللەباران بکەن، ئەو دەستدەکات بە شیعرخوێندنەوەو کۆمەڵێک بەیتی شیعری زۆر جوان دەڵێت، کەهەتاوەکو ئێستاش لەناو ئەدەبیاتی جیهاندا بەناوبانگە و زیندووە. بەڵام ئەوەی مایەی ناخۆشیە، جەستەی لۆرکا فڕێدەدرێت و کەسیش نازانێت لە کوێیە.
جێگەی ئاماژەیە لۆرکا پێشتر پێشبینی ئەم چارەنووسە ناخۆشەی خۆی کردووە ئەمەش لە پارچە شیعرێکدا دەڵێت:
من زانیم کوژراوم
لە قاوەخانە و گۆڕستان و کڵێساکان
بەدوای لاشەکەمدا دەگەڕان
بەرمیل و گەنجینەکان هەڵدرانەوە
سێ لاشەیان دزی
ددانە ئاڵتوونەکانیان دزین
بەڵام هیچ کاتێک منتان نەدۆزییەوە.
بەدڵنیاییەوە لۆرکا پەیوەندییەکی زۆر خراپی لەگەڵ دەسەڵات هەبوو، هەرئەمەش بووە هۆی ئەوەی ببێتە قوربانی یەکێک لە رژێمە دیکتاتۆر و خوێناوییەکانی سەدەی بیستەم کە ئەویش رژێمی فرانکۆی فاشیست بوو.
حکایەتی لۆرکاش لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی، جیاواز نەبوو لەگەڵ حکایەتی شاعیرێکی تری هاوڕێی کە ئەویش بابلۆ نیرۆدا، شاعیری شیلیی بوو.

شاعیرێک لە ئەمریکای لاتینەوە
یەکیک لە هاوڕێ نزیکەکانی لۆرکا، بابلۆ نیرۆدا شاعیری شیلی بوو، پەیوەندی ئەم دوانە زۆر پتەو بوو، بەداخەوە لەرووی چارەنووسیشەوە وەکو یەک بوون. بابلۆ نیرۆدا شاعیر و ئەدیب و دیبلۆماتکارێکی بەتوانا بوو. ساڵی 1904 لە دایک بووەو ساڵی 1973 کۆچی دواییکردووە، هەندێکیش دەڵێن لەلایەن حکومەتی دیکتاتۆری پینۆشێوە، دەرمانخوارد کراوەو کوژراوە. ساڵی 1971 خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاداب وەردەگرێت.
نیرۆدا نەک لە شیلی بگرە لە تەواوی جیهاندا ناوبانگێکی گەورەی هەبوو، لەمبارەیەوە رەخنەگر و بیرمەندی ناسراوی ئەمریکی هارۆلد بلوم دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک ناتوانین بەرواردی شاعیرێکی رۆژئاوایی لەگەڵ نیرۆدا دا بکەین. نووسەری ناسراوی کۆڵۆمبیی و جیهانی گابرێل مارکیز کە هاوڕێیەکی نزیکی نیرۆدا بوو، لەبارەیەوە دەڵێت:
بابلۆ نیرۆدا باشترین شاعیری سەدەی بیستەم بووە
دیارە نیرۆداش خاوەنی حکایەتێکی زۆرە لە بارەی سیاسەت و شۆڕش و دەسەڵاتەوە، لەجیهانیشدا چ شیعرەکانی چ کتێبی بیرەوەرییەکانی، مایەی سەرنجی جیهان بووە لە کوردوستانیش شاعیری کۆچکردوو شێرکۆ بێکەس، زۆر هۆگری شیعر و کتێبی بیرەوەرییەکانی بوو، تەنانەت لە دیدارێکیدا دەڵێت: دەمەوێت بیرەوەرییەکانم وەکو ئەوانەی نیرۆدا بنووسمەوە.
ساڵی 1920 لە قوتابخانە «گابریلا میستراڵ» دەناسێت، ئەم ژنە نووسەر و ئەدیب و دیپلۆماتکارێکی ناسراوی شیلییە و ساڵی1945 خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاداب وەردەگرێت. ئەم ژنە دەرگایەکی گەورەی ژیان و ئەدەب و سیاسەت بۆ نیرۆدا دەکاتەوەو کاریگەری گەورەی بەسەرەوە دەبێت.
نیرۆدا ساڵی 1919 یەکەم قەسیدەی خۆی دەنووسێت و ساڵی 1921 یش دیوانی شیعری « بیست شیعری خۆشەویستی» بڵاودەکاتەوە، ئیتر لێرەوە ئەم نووسەرە نەک لە شیلی بگرە لە تەواوی ئەمریکای لاتین دەناسرێت. پاش تەواوکردنی بەشی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی سانتیاگۆ، ئەم زمانەش هێندەی تر دەرگای تر بە رووی ئەم نووسەرەوە دەکاتەوە.

نیرۆدا و سیاسەت
نیرۆدا لە سەردەمی خوێندکارییەوە لە زانکۆی سانتیاگۆ، پەیوەندی لەگەڵ گرووپ و کەسایەتییە چەپەکان دەبێت، پاشانیش تێکەڵی ژیانی سیاسیی و ئیداری وڵاتەکەی دەبێت و لە ساڵی 1927 ەوە دەچێتە بواری دیپلۆماتیی و لە کونسوڵگەریی و باڵیۆزخانەکانی وڵاتەکەی کار دەکات، لێرەشەوە جیهانبینی زیاتر دەبێت و سەردانی وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکای لاتین دەکات و خەڵكی نوێ دەناسێت.
لە ساڵی 1933 لە ئیسپانیا لۆرکا و گرووپی ئەدیب و هونەرمەندانی نوێخوازی دەناسێت و لەگەڵ لۆرکا پەیوەندییەکی ئێجگار بەتینی دەبێت. نیرۆدا لەکاتی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیادا، پشتگیری کۆمارییەکان دەکات و دژی حوکمی فرانکۆ دەوەستێتەوە.

نیرۆدا و کۆشکی دەسەڵات
ئەوەی جێگەی سەرنجی منە هەڵوێستی سیاسی ئەم شاعیرە مەزنەیە بەرامبەر بە دەسەڵات. لەکاتێکدا ئەو لە دژی رژێمی دیکتاتۆری و فاشیستی خەباتی دەکرد، لەهەمانکاتیشدا لەبەر هەڵوێستی شۆڕشگێرانەی چەندیجار زیندانی کراوەو ئاوارە بووە، کەچی دۆستی نزیکی کۆمەڵێک رژێمی دیکتاتۆر بوو لەوانە» ئەڵمانیا رۆژهەڵات و یەکێتی سۆڤێت». هەر ئەمەش وایکردووە کە لە بەشێکی زۆری وڵاتانی رۆژئاوادا هێندە خۆشەویست نەبێت. ئەو هێندە لە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیای رۆژهەڵات نزیک بوو، ساڵی 1949 تەواوی بەرهەمەکانی لەسەر بودجەی حکومەت بۆ چاپ دەکەن، کاتێکیش مرد، وێنەی ئەویان بە پوولی پۆستەوە کردبوو، ئەمەش زیاتر وەکو هاوسۆزی خۆیان بۆ ئەو شاعیرە دەربڕیی و بە شاعیری خۆیانیان دەزانی. لەهەمووی ناخۆشتر ئەوەیە، کاتێک ستالین ساڵی 1953 دەمرێت، یەک قەسیدە بۆ ستالین دەڵێت و دواتریش دەکرێتە گۆرانی، زۆر ستایشی ستالین دەکات، ئەمەش لەکاتێکدا کە ستالین ملیۆنان هاوڵاتی خۆی کوشتووەو حاکمێکی دیکتاتۆر و ستەمکار بوو، دژی بەشیکی زۆری نووسەرو شاعیرو هونەرمەندانی روسیا بوو. . ئەم هەڵوێستەشی دەبێتە لەکەیەکی ناشیرین بۆ کەسایەتی ئەم شاعیرە هەست ناسکە.
هەتاوەکو مردنی هێندە لە ئەوروپا و ئەمریکادا گرنگی بەکارەکانی نەدرا، بەڵام پاشئەوەی پینۆشی کودەتای بەسەر ئالیندی کردو کۆتایی بە ژیانی دیموکراسی هێنا، ئینجا رۆژئاوا گرنگی بە کارو بەرهەمەکانی نریۆدا دا.
ئەو نزیکییەی لە دەسەڵاتی سیاسی وڵاتەکەیەوە، وایکرد دواجار ببێتە قووربانی، ئەوەبوو کاتێک جەنەڕاڵ پینۆشێ کودەتا سەربازییەکەی کرد، دەستیکرد بە پاکتاوکردنی تەواوی ئەوکەسانەی کە لە پارتی کۆمۆنیست و چەپەکانەوە نزیک بوون، نیرۆداش جگەلەوەی کەسێکی چەپ بوو، هەروەها هاوڕێ و دۆستی نزیکی سیلڤادۆر ئەلیندی سەرۆکی هەڵبژێراو بوو، هەربۆیە کەوتە بەر هەڵمەتەکە. هەرچەندە کاتێک ساڵی 1973 دەمرێت، حکومەت وای رادەگەیەنێت کە بەهۆی جەلدەی دڵەوە مردووە، بەڵام پاشان ساڵی 2013 کاتێک تەرمەکەی هەڵدەدەنەوە دەیپشکنن، ئینجا دەردەکەوێت کە رژێمی سەربازی پینۆشێ رۆڵی لە کوشتنیدا هەبووە.

دوا قسە
هەموو ئەو شاعیرانەی کە باسمکردن، بەرهەمەکانیان جگە لە شیعرە سیاسییەکانیان، مایە‌ی جوانی و گرنگی پێدان بوون لەلای جیهانەوە.
بەدڵنیاییەوە گەر سەیری مێژووی ئەدەبیاتی جیهانی بکەیت، پڕیەتی لە حکایەتی سەیرو سەمەرەی شاعیران لەگەڵ کۆشكی دەسەڵات، من تەنها باسی ئەم شەش شاعیرەم کرد، شاعیری زۆریش ماون کە باسیانم نەکردووە، هەوڵ دەدەم لە کاتێکی تردا، باسی شاعیرانی کورد و دەسەڵاتی سیاسی بکەم. 

سەرچاوەکان:
1 . خبراء: الشاعر التشيلي بابلو نيرودا «لم يمت بالسرطان. www.bbc.com/arabic
www.whoswho.de /pablo-nerudal.2
Suche nach dem Grab des Poeten Garca Lorca/www.dw.com/de.3
4 .ماياكوفسكي: لغته، ثورته، موته//www.bidayatmag.com
5.الجواهري .. شاعر مداح ومتناقض ومتقلب المزاج/ جهاد فاضل www.raya.com
6. سعاد الصباح اعدمت قصائدها في عشق صدام . www.watan.com
7.ماياكوفسكي… الناطق الشعري باسم ثورة أكتوبر الروسية/ جریدة الشرق الاوسط. الاثنين – 29 شوال 1438 هـ – 24 يوليو 2017 مـ رقم العدد [ 14118]
8. من هو المتنبي/ www.arageek.com
9. امیل زولا. في الروایة و مسائل أخری.ترجمها عن فرنسیة. حسین عجة. الطبعة الاولی. هیئة ابو ظبي للسیاحن و الثقافة. 2015

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×