پزیشک لەبارەى هۆکاری گیانلەدەستدانی هەندێک گەنجی تەندروست بە کۆرۆنا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە
  2020-10-08       3483       
د.پشدەر عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، لەبارەى هۆکاری  گیانلەدەستدانی هەندێک گەنجی تەندروست بە کۆرۆنا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاند، هەرچەندە تا ئێستا هۆکارێکی دیارو زانراو نییە، بەڵام هەندێک ڕا هەیە کە لەوانەیە یەکێک لەم خاڵانەى خوارەوە هۆکار بێت:

١-جیاوازی جێنێتیک یان بۆماوەیی ئەویش بەهۆی بوونی جیاوازی بۆماوەیی ڕێژەی ACE 2 ڕیسێپتەر(وەرگر) لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر کەوا زانراوە ئەم ڤایرۆسە بەو ڕیسێپتەرانەوە ئەنووسێت و مرۆڤەکە تووش ئەکات.

٢-ڕایەکی تر ئەوەیە کە لەوانەیە ئەو کەسە ڕێژەیەکی کەم پڕۆتینی سێرفەکتانتی (surfactant)(پڕۆتینێکە کە تورەکە هەواییەکانی سیەکان لە ڕەق بوون ئەپارێزێت) هەبێت ،واتە ئەگەر ئەو کەسە بڕێکی کەمی هەبێت تورەکە هەواییەکان ڕەق ئەبن و توانای کشانیان نابێت و کەسی تووشبوو بەرگەی ڤایرۆسەکە ناگرێت.

٣-ڕایەکەی تر ئەوەیە لەوانەیە هۆکارەکەی درووست بوونی حاڵەتی سایتۆکین ستۆڕم (cytokine storm) بێت،کە ئەویش بەهۆی دەردانی بڕێکی زۆر پڕۆتینی سایتۆکین بێت لەلایەن خانەکانی بەگری نەخۆشەکەوە، ئەو پڕۆتینەش پەلاماری خانەکانی سیەکان بدات و زیانێکی زۆری پێ بگەیەنێت و نەخۆشەکە بەرگەی نەگرێت و گیان لەدەست بدات.

٤-ڕایەکی تر ئەوەیە لەوانەیە نەخۆشەکە بڕێکی زۆر ڤایرۆسی وەرگرتبێت، بۆیە تکایە خۆپارێزی بکەن و ماسک ببەستن بۆ ئەوەی ئەگەر تووشیش بیت بڕێکی کەم ڤایرۆست وەرگرتبێت و بۆ ئەوەی بەسووکی نەخۆشیەکە بگریت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×