"ناوک کەوتن" چییە؟
  2020-11-17       5498       
"ناوک کەوتن" چییە؟ 
بنەمای زانستی هەیە؟
ئەگەر بوونی نییە بۆچی هەندێ خەڵک سوود لە ناووک گرتنەوە وەردەگرێت؟
کوڕێکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بەناوی محمد، لەدوای هێرشەکانی سەرکۆبانێ و ئاوارەبوونیان، لەهەرێمی کوردستان نیشتەجێن، چوار ڕۆژ بەر لەهاتنی بۆ نەخۆشخانە هەستی بەئازار کردبوو لەدەوروبەری ناوکی، ئێڵنج و ڕشانەوەی هەبووە و هەستی بە تایەکی کەم کردبوو، بەرەبەرە ئارەزووی خواردنی کەمی کردبوو، دوای ئەوەی دراوسێکان پێی دەڵێن "ناوکی کەوتووە" باوکی دەیبات بۆلای کەسێک کە ئیشی ناوک گرتنەوە دەکات.
دوای راست و چەپکردن و هەندێ جۆری مەساج پێی دەڵێن ناوکەکەمان بۆ هێناویتەوە.
ڕۆژی دواتر باش نابێت و دۆخی بەرو خراپتر دەچێت.
ئەوکاتەی هاتە لای ئێمە چوار ڕۆژ بەسەر نیشانەکانیدا تێپەڕیبوو، دوای ئەنجامدانی پشکنینە سەرەتاییەکان و دەستلێدان لە سکی و ئەنجامدانی تیشکی سۆنار بۆمان دەرکەوت کەوا هەوکردنی تووندی ریخۆڵە کوێرەی هەیە و نزیک بۆتەوە لە تەقین.
رێکارەکانی ئەنجامدانی نەشتەرگەریمان بۆ ڕێکخست و بەهاوکاری پزیشکی بێهۆشکاری و یاریدەدەرانی پزیشک هەر ئەو ڕۆژە نەشتەرگەریمان بۆ ئەنجامدا، بەداخەوە ریخۆڵەکوێرەکەی ڕەش ببویەوە، ئەمەش وا دەکات هەم کاتی نەشتەرگەری لابردنی ریخۆڵەکوێرەکە قورستر بێت، هەمیش دوای نەشتەرگەی نەخۆشەکە ماوەیەکی زۆرتر لەنەخۆشخانە بمێنێتەوە، بەمەش هەم نەخۆشەکە زەرەر دەکات و هەمیش نەخۆشخانە.
بەر لەهەموو شتێک بابزانین ناووک چییە؟
پێکهاتەیەکی جەستەی کۆرپەلەیە، کۆرپە لە سکی دایکیدا دەبەستێتەوە بەدایکی، لەڕێگایەوە خوێن و خۆراکە ماددەکان ئاڵوگۆڕ دەکات، لەگەڵ لەدایکبوون ئەم پێکهاتەیە لێدەبێتەوە و دەبڕدرێت تەنیا شوێنەکەی دەمێنێتەوە، کە هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە. هەربۆیەش زۆرجار لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکانی دیواری سک، ناووک لادەبرێت و خەڵکانێکی زۆر هەیە ئێستا دوای نەشتەرگەری ناوکیان نییە و هیچ کاریگەری خراپیش لەسەر ژیانیان درووست نەبووە.
* ئێستا ئەگەر بپرسین ئەی باشە ناوک کەووتن چییە؟ ئەگەر لەرووی زانستییەوە راست نییە، بۆچی هەندێ خەڵک بەناووک گرتنەوە باش دەبن؟
لەزمانی باوی کۆمەڵگادا ئەگەر یەکێک ئەم نیشانانەی هەبێت پێی دەڵێن «ناوک کەوتن»، نیشانەکان بریتین لە ( بێهێزی، دڵتێکەڵهاتن، ئارەقکردنەوە، تا ، نەمانی ئارەزووی خواردن و سکئێشە و هەندێ نیشانەی تریش)
ئەو نیشانانەی پێی دەڵێن ناوک کەوتن، لە زانستی پزیشکیدا کۆمەڵێکی زۆر نەخۆشی دەگرێتەوە هەندێکیان نەخۆشی سادە و ئاسانن و هەندێکیشیان مەترسیدار:
بۆ نمونە/
• تەشەنوجی ماسولکەی ڕان(سۆواس)، دیواری سک و ناو سک .
• هەوکردنی گەدە.
• برینی گەدە.
• هەوکردنی ریخۆڵە کوێرە.
• نەخۆشی و پەشێوی دەروونی (خەمۆکی).
• نەخۆشییەکانی کۆڵۆن( کۆڵۆنی سەرلێشێواو، یان شێرپەنجەی کۆڵۆن).
• هەوکردنی پەنکریاس.
• هەندێجاریش تێکچوونی هۆرمۆن و ماددەکانی لەش.
جا هەندێ لەو نەخۆشییانە دەکرێ وەک چۆن سوود لەدەرمانی پزیشکی دەبینن ئاواش سوود لەتەکنیکەکانی ناووک گرتنەوە(ناووک هێنانەوە) بکەن، بۆ نمونە ئەو نەخۆشانەی کە پەشێوی دەروونیان هەیە، یا تەشەنووج و گرژبوونی ماسولکەیان هەیە یاخوود ئەوانەی نەخۆشی کۆڵۆنی سەرلێشێواویان هەیە.
*زۆرێک لە خەڵکی دەڵێن، ژمارەیەکی زۆر لەدکتۆریان کردووە، هەروەها جۆرەها پشکنینیان ئەنجامداوە بەڵام نەخۆشییەکەیان نەدۆزراوەتەوە، بەڵام بەناووک گرتنەوە باش بوون/
هەر وەک پێشوو ووتمان دەکرێ نەخۆشییەکانی کۆڵۆنی سەرلێشێواو یا گرژبوونی ماسولکە سوود لەو تەکنیکانە ببینن، بەڵام دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشیانە لە زانستی پزیشکیدا لەدوای دواوەی هەموو نەخۆشییەکان دێت، واتا
لەزانستی پزیشکیدا دەکرێ ئەو نیشانانە نیشانەی کۆمەڵێک نەخۆشی زۆر مەترسیداربن، بۆیە دەبێت لەسەرەتاوە نەخۆشییە مەترسیدارەکان یەکلایی بکەینەوە و دڵنیابین نەخۆشییە مەترسیدارەکان بوونیان نەبێت، ئەمەش پشکنینی زۆر و کاتی زۆری دەوێت. ئینجا ئەگەر ئەو نەخۆشییە مەترسیدارانە نەبوو دەگەینە دەرەنجامی ئەوەی نەخۆشەکە گرژبوونی ماسوولکە یاخوود نەخۆشی کۆڵۆنی سەرلێشێواوی هەیە.
جا بۆیە زۆربەی نەخۆشەکان لەپرۆسەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەیاندا هیلاک دەبن و پەنا دەبەنە بەر ڕێگای تر وەک ناوک گرتنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لای پزیشک سەلمێنراوە هیچ نەخۆشییەکی مەترسیداری نییە. هەندێجار لەرووی دەروونییەوە سوود لەو راست و چەپ و ناوک گرتنەوەیە وەردەگرن و هەندێجاریش زیانی کارەساتباریان تووش دەبێت.
مەترسی ناووک گرتنەوە و دیاردەی بەهەڵەناونانی «ناووک کەووتن» چییە؟
ئەگەر بێت و ناووک گرتنەوە یان راست و چەپ بکرێتە جێگرەوەی سەردانیکردنی پزیشک ئەوا کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە، چونکە
-لەوانەیە نەخۆشکە برینی گەدەی هەبێت و گەدەی کوون ببێت. -دەکرێ هەوکردنی ریخۆڵە کوێرەبێت و ریخۆڵکوێرەکەی بتەقێت.
-ڕەنگە شێرپەنجەی گەدە یاخوود کۆڵۆنی هەبێت و دواکەوتنی سەردانکردنی پزیشک وای لێدەکات شێرپەنجەکەی زیاد بکات و بڵاوببێتەوە.
ماوەتەوە بڵێین ئەم دیاردەیە تەنیا لەووڵاتی ئێمە بوونی نییە، بەڵکوو لەوڵاتانی ئەوروپا و ئاسیاش بوونی هەیە، بۆنمونە لەئەوروپا خەڵک پێی دەڵێن ( کفتبوونی سەرگورچیلەڕژێن - ئەدریناڵ )، لەوێش پزیشکان بەردەوام هۆشداری دەدەن لەوەی نابێت ئەم دیاردانە ببنە جێگروەی سەردانکردنی نەخۆشخانە و پزیشک.
بەو هیوایەی هەموولایەک سەلامەت و تەندرووست بن، دووربن لەنەخۆشی و ناخۆشی.

د.محمد سید علی بەرزنجی
پزیشکی پایەبڵندی نەشتەرگەری گشتی
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×