هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایگەیاند، پەکەکە نەک تەنها بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزی ئازادیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی پارێزە، وتیشی: ئەوەی بە ٥٠٠ ساڵ بەدەستدێت بە ٥٠ ساڵ بەدەستهێنراوە.
ئاوێنه: جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان- کەجەکە، دەربارەی دۆخی ناوچەکە و بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد، لە یادی تێپەڕبوونی ٤٢ ساڵ بەسەر دامەزارندنی پەکەکەدا بۆ ئاژانسی فوراتنیوز قسەیکردووە.
بایک باس لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دەکات و دەڵێت:”گەرچی پەکەکە دەچێتە ٤٣یەمین ساڵی تێکۆشانەوە، بەڵام بزووتنەوەکەمان لە ٤٨ـەمین ساڵی تێکۆشاندایە، ڕێبەر ئاپۆش لە تێکۆشانی ٥٠ ساڵەدایە، تێکۆشانێکی بەردەوام و بێ سرەوتنی بەڕێوەبردووە، هەموو ساتێکی خۆی بە تێکۆشانێکی گەورە تێپەڕاندووە”.
“ئەستەمە ئەم گەلە لە تێکۆشانی ئازادیی بگەڕێندرێتەوە”جەمیل بایک ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەو تێکۆشان و بەهایانە کە لە ٥٠٠ ساڵدا بەدەستدێن لە ٥٠ ساڵدا بەدەستهاتوون، دەشڵێت:”تێکۆشانی پێشتر نەک بۆ نەوەیەک، بەڵکو بە زۆری بۆ وەرزێک یان چەند وەرزێک بەردەوام بووە، بەڵام ئەو تێکۆشانە کە ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتیی بۆ دەکات سێ بۆ چوار نەوەیە بەردەوامیی هەیە، کۆمەڵگە بە ناسنامەی خۆیەوە بووە خاوەن کلتوری بەرخودان و ئەو نەریتەی بۆ ئافرێنرا، ڕاستییەکی کۆمەڵایەتیی بونیاتنا، کە کەسایەتی و کلتوری تێکۆشان بە بەردەوامی دەخولقێنێت، ئەستەمە و هەرگیز ئەوە پێچەوانە ناکرێتەوە، ئەستەمە ئەو گەلە لە تێکۆشانی ئازادیی بگەڕێندرێتەوە، پێش هەموو شتێک دەبێت لە واتا و بەهای ئەو تێکۆشانە ٥٠ ساڵییە تێبگەین”.
“هەموو ماڵێک لە شۆڕشدا قوربانییان داوە”
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەردەوامیی بە قسەکانی دەدات و دەڵێت:”سەرهەڵدان و چالاکییە دیموکراتییەکانی ئەم گەلە لە هەموو گەلێک زیاتر بەرفراوان بووە، دەبێت ئێمە هەموو ئەوانە وەک هێز و کۆکراوەیەکی گەورەی تێکۆشان ببینین، دەکرێت بڵێین، هەموو ماڵێک شەهیدێکیان داوە، بریندارێکیان هەیە، زیندانییەکیان هەیە، کە هیچ نەبێت ١٠ ساڵ زیندانیکراوە، ئەو تێکۆشانە خۆی گەیاندووەتە هەموو گەلی کورد، گەلی کوردی بە تەواوی خستووەتە سەر ئەو تێکۆشانە، بۆیە ئەو تێکۆشانە بە شێوەیەکی گشتی وەرچەرخاوە بۆ تێکۆشانی گەل”.
“داهاتوو بۆ ئەم پارادیگمایەیە”
هەروەها باسی ئەوەیکرد، بە پارادیگمای کۆمەڵگەی دیموکراتی و ئازادییپارێزی ژن، هێزی تێکۆشان و ئەو کۆکراوەیە بەلانیکەمەوە ١٠ هێندە زیاتر و بەهێزتر کردووە، وتیشی:”کاتێک پێشەنگایەتی ڕاستبکرێت، تێکۆشانی ئەو گەلە لە ڕێگەی ئەو پارادیگماییەوە دەبێتە خاوەنی کارەکتەرێکی وەها کە هەرگیز تێکناشکێت، نەک تەنها لە کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، داهاتوو بۆ ئەو پارادیگمایە، بۆیە گەلی کورد خاوەنی پارادیگمایەکە، ئەگەر بە پێشەنگایەتیی ڕاست و دروست تێکۆشان بەهێز بکرێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت، لەگەڵ خۆی وادەکات، کە گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گەورە و شکۆمەدانە سەر بکەون، بەو شێوەیە پەکەکە نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزی ئازادی و کۆمەڵگەپارێزی دیموکراتییە، بە مۆدێرنیتەی دیموکراتیی خۆی، ئەڵتەرناتیڤی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی ئافراند، بۆیە ڕێگای نیشانی هەموو مرۆڤایەتی داوە، گەلی کورد نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە سەرتاسەری جیهان بووەتە خاوەن شکۆیەکی لەو شێوەیە”.
“گەورەترین هێز هێڵی ئایدۆلۆژیی گەلی کوردە“
بایک ئاماژەی بەوەشکرد، پەکەکە ئێستا گەورەترین هێز و هێڵی ئایدۆلۆژیی پارادیگمای نوێی گەلی کوردە و وتی:”ئەوانەی مێژوو دەخوڵقێنن و سەرکەوتنی گەورە مسۆگەر دەکەن، هەمیشە ئایدۆلۆژیا و پارادیگما بوون، بە کۆمەڵگەییکردنیان بە شێوەیەکی ڕاستە، چونکە هێزی ئایدۆلۆژیی خۆی، ئایینە گەورەکان سەرکەوتن، بزووتنەوەی ڕێنسانس و ڕیفۆرم سەرکەوتن، بیری دیموکراسی و سۆسیالیزم لەم چەند سەدەیەی ڕابردوودا وەرچەرخاوە بۆ سیستمی ژیانێکی کۆمەڵایەتی، ژیانی دیموکراتیک و کۆمەڵگەپارێز بە سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی، کە پشتبەستووە بە کۆمەڵگەی دیموکراتی، ئیکۆلۆژیک و ئازادیپارێزی ژن، کە ڕێبەر ئاپۆ دەستنیشانیکردووە، یانی سۆسیالیزمی دیموکراتی دەبێتە سەرکەوتنی ئەم سەدەیە، ئەو بزووتنەوەیە لە کوردستان دەستیپێکردووە، هەنگاو بە هەنگاو بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بڵاودەبێتەوە”.
“لە ٤٣یەمین ساڵی تێکۆشانی خۆیدا ئێمە هێڵی ڕێبەرایەتی بەهێز دەکەین”
لە درێژەدا وتی:”ئێمە خاوەنی ئەو ئیرادە شۆڕشگێڕییەن، کە تێکۆشانی ئەو هێڵە بەڕێوەببات، لەگەڵ بەڕێوەبردنی تێکۆشان لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ، ئەوە بەرپرسیارییەتیی ئێمەیە، کە هێڵی ڕێبەرایەتی بە گەلانی جیهان و هەموو هێزە دیموکراسییەکان بگەیەنین، بیر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو شوێنێک دەناسرێت و تێگەیشتنی هەیە، لە ٤٣یەمین ساڵی تێکۆشانی خۆیدا ئێمە هێڵی ڕێبەرایەتی بەهێز دەکەین و بەدیهێنانی ژیانی دیموکراتی و ئازادی گەلی کورد، گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر نزیک دەکەینەوە”.
“فکری ڕێبەر ئاپۆ هەموو کێشەکان چارەسەر دەکات”
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هاوسەرۆکی کەجەکە وتی:”دەبێت هێزە دیموکراسییەکان لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە ببینن، کلیلی چارەسەریی هەموو کێشەکان لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیر و ڕامانی ڕێبەرایەتییە، ئەوەی عەقڵییەتی کاپیتیالیست مۆدێرنیست، نەتەوەپەرەستی و مەزهەبپەرەستی نەهێڵێت، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هۆکاری گوشار، داگیرکاریی و شەڕن، ئەوەی گەلان، باوەڕەکان و ناسنامەی ئیتنیکییەکان ئازاد بکات، بیری ئایدۆلۆژی سیاسیی ڕێبەر ئاپۆیە، لەبەر ئەوەش هێزە دیموکراسییەکان دەبێت هەم باشتر لەو هێڵە تێبگەن و هەمیش ئەوە ببینین، کە دیموکراسی تەنها بە هاوپەیمانی بەدی دێت، ببنە خاوەنی هەڵوێستێکی وەها، کە هێزە دیموکراسییەکان لە دەوری یەک کۆ ببنەوە”.
“گەلی کورد دڵسۆزی ڕێبەر ئۆجالانە”
جەمیل بایک قسەکانی بەردەوامیی پێدەدات و دەڵێت:”ئەگەر لە دەوری پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشان بەڕێوەبچێت، بە دڵنیاییەوە دەبنە خاوەنی ژیانێکی دیموکراتی و ئازاد، با گەلی کورد بڕوای بە خۆی هەبێت با بزانێت، کە بە دڵنیاییەوە لەسەر هێڵی ڕێبەرایەتی سەردەکەوێت، گەلی کورد هەر چییەکی قازانج کردبێت و بە دەستی هێنابێت، بە تێکۆشان قازانجی کردووە و بەدەستیهێناوە، بێگومان لە کوردستان بە ئاسانی قازانجی نەکردووە، تاوەکو مرۆڤ زۆر و زەحمەتی نەداتە پێش چاوی خۆی لە کوردستان نە دەتوانێت هەبوونی خۆی بپارێزێت و نە دەشبنە خاوەنی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک”.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە وەها کۆتایی بە پەیامەکەی هێنا:”گەنجان و ژنانی کورد خاوەنی ئەو هێزەن کە دەتوانن پێشەنگایەتی بۆ ئەو سەرکەوتنە بکەن، لەسەر ئەو بنەمایە بڕوامان بەوە هەیە، کە لە ٤٣یەمین ساڵدا سەردەکەون، بۆیە سڵاو و خۆشەویستی و ڕێزی خۆم پێشکەشی هەموو هێزە تێکۆشەرەکان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم”.