خۆکوشتن
  2020-12-14       2736       

وەرگێڕان: شاهین کەریمی



بە گشتی کەسانێک دەست دەدەنە خۆکوشتن کە سەردەمی منداڵیان بە ناسەقامگیری تێپەڕاندووە یان مێژوویەکی پڕ لە پاڵەپەستۆیان لە ڕابوردوو و ئێستادا هەبووە و هەیە، یان بێبەش بوون لە پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و دۆست و هاوڕێکیان نەبووە کە متمانەی پێبکەن. توێژینەوەکان نیشان دەدەن کە ئەو کەسانەی خۆکوشتنەکەیان بە مردن کۆتایی هاتووە، بەزۆری خێزانیان پێک نەهێناوە، هاوبەشی ژیانیان مردووە، جیابوونەتەوە، تەمەنیان لە ٤٥ بۆ سەرەوە بووە، بەتنها ژیاون، تووشی تێکچوونی جیدی جەستەیی و ورووژاندن بوون یان گیرۆدەی مادەهۆشبەرەکان بوون.

زمان و گوتار: دەبێ گوتەی وەک: «خۆزگە قەت لەدایک نەدەبووم» یان «کاتێک مردم پەشیمان ئەبیتەوە» وەک ڕستەی «خۆم ئەکووژم» بە جیدی وەربگیرێت.
گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتدا: ئەم گۆڕانکارییانە زۆر جیاوازن، وەک بەخشینی سامان، بەرەو مەترسی چوون و سڵ نەکردن. ئاسەوارەکانی‌تر ڕەنگە سکاڵاکردن لە تەنیایی لەڕادەبەدەر،وەڕزی، چوونەسەرەوەی ئاستی نەسرەوتن یان ورووژاندن و شەڕکردن لە قوتابخانە یان لەگەڵ پۆلیس، بن. دەرکەوتەی باوی‌تر وەک خەمۆکیش ڕەنگە هەبێت، وەکو گۆڕانکاری لە ئیشتیای خواردن و جۆری خەو، دابەزینی لەپڕی ئاستی خوێندن، سکاڵاکردن لە بێدەسەڵاتی بۆ چڕبوونەوە و هەروەها دوورکەوتنەوە لە هاوڕێیان و چالاکی بەسوود.

دایک و باوک و هاوڕێیانی، دەبێ لەم قۆناغەدا بە هەندێ پرسیاری وەک «زۆر داهێزراوی»،«پلانێکت هەیە بۆ کۆتایی هێنانی بە ژیانی خۆت»، «پێتوایە بەڕاستی ناتەوێ بژیت» بێنە ناو کێشەکەوە. پرسیاری ڕاستەوخۆ لەسەر خۆکوشتن، بیری خۆکوژی ناخاتە مێشکی کەسێک، بەڵام ڕەنگە بە جیدی وەرگرتنی وەڵامەکان، پێوەرێکی دیاریکەر بێت. هەم دایک و باوک و هەم هاوڕێیانی پێیان وایە نابێ پرسیاری لەو چەشنە بکرێت، یان ڕەنگە زۆر مەترسیدار بێت. زۆرجار هاوڕێ و کەسی نزیک بەڵێن دەدات کە ڕازدار بێت و نەهێنی ئەو کەسە بپارێزێت، بەڵام کاتێک باسی خۆکوشتن دێتە ئاراوە، دەبێت دەسبەجێ لەگەڵ دایک و باوک یان کەسانی گەورەساڵ، پێوەندی بگرن و یارمەتییەکی پڕۆفیشناڵ بدۆزنەوە.
لە ڕوانگەی دەروونزانانەوە هۆکاری خۆکوشتن دابەش ئەبێت بەسەر دوو دەستەدا:
١- ئەوانەی کۆمەڵگە بە هۆکار دەزانن.
٢- ئەوانەی ڕوو دەکەنە کەسەکان.
خاڵی یەکەم داکۆکی لەسەر ئەو حەقیقەتە دەکات، کە زۆربەی کەسانی ڕوو لە خۆکوژی، بێبەشن لەو چالاکیانەی کە ژیان لای ئەوان بەنرخ و خۆشگوزەران بکات. بەڵام ڕوانگەی دووهەم جەخت لە ڕۆڵی تاک لە بڕیارداندا دەکات. ئەو کەسانەی دەست دەدەنە خۆکوشتن، ڕەنگە دوژمنایەتی یان هەڵچوون بگەڕێننەوە بۆ خۆیان، یان ڕەنگە هەندێ ئەزموونیان هەبێت کە بیری خۆکوشتن لای ئەوان بەهێز دەکات، یان ڕەنگە خۆکوشتن وەک ڕێگەیەک بۆ چارەسەری کێشەکان بەکار بێنن.
زۆرترین هۆکار لەناو مێرمنداڵاندا، دروستبوونی کەلێن و نەبوونی پێوەندی باش لەنێوان منداڵ و دایک و باوک دایە. ئەو مەودایە دەبێتە هۆی ئەوەی دایک و باوک تێگەیشتنێکی دروستیان لە باری مناڵەکەی خۆیان نەبێت.

دەروونناسان پێیان وایە، خۆکوشتن لەڕاستیدا شێوازێکە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و نیگەرانی و ئەگەر دەورووبەر هەستیان بە مەترسی کرد و دەسبەجێ هەنگاو بنێن، دەکرێ بە کەمکردنەوەی ئازارەکان، پێش بە خۆکوژییەکە بگیرێت. سەرەڕای هەموو شیکاری و ڕاڤەکان لەسەر خۆکوشتن، ئەوەی حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە کە مرۆڤی تەندرووست نابێتە دیلی بارودۆخەکان، بەڵکوو دەتوانێت دۆخی نالەباری ژیان بە پێی خواستی خۆی و لەڕێگەی لێهاتووییەکانی خۆیەوە بگۆڕێت. مرۆڤی تەندرووست ئەتوانێت بۆ خۆی هاندەری جۆراوجۆر بۆ بەردەوامی ژیان دروست بکات تاکو ژیانێکی بەنرخی هەبێت.

سەرچاوە: کەناڵی فەلسەفە
زمانی سەرچاوە: فارسی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×