کورتە مێژوویەکی شەوی یەڵدا یان شەوی چلە
  2020-12-21       2681       

دانا سەلام

 

ئەم شەوە، لە چەند ڕۆژژمێرێکدا بە فەرمی بە دواشەوی پایز دەژمێردرێت. لە زۆر کولتوریشدا جەژن دەگرن و ئاهەنگی جۆراو جۆر ساز دەکەن.
ئەم شەوە درێژترین شەو و کورتترین ڕۆژی ساڵە لە بەشی سەرەوەی گۆی زەوی (لەبەشی خورەوەی گۆی زەوی پێچەوانەکەیەتی) چونکە قوتبی باکور بە گۆشەی 23.5 دوور دەکەوێتەوە لە خۆر یان ڕۆژ.
ووشەی یەلدا پێ دەچێت لە سەدەی سێەمی میلادیدا هاتبێتە نێو کولتوری گەلەکانی ئێرانەوە کە پێ دەچێت ڕیشەکەی سیریاکی (ئارامی، ئاسوری) کە بە مانای لە دایک بوون دێت هەیە[i]. لە فارسی ناوەندیدا (پارثی و ساسانی) ئەم بۆنەیە بە زایشن( Zāyishn) ناوبراوە کە بەمانای لە دایک بوون دێت. پێدەچێت دواتر ووشەی چلە یان چلە شەو (بەکارهاتبێت هاوکات لەگەڵ ووشەی یەڵدادا و دواتریش تا ئەمڕۆ هەردوو ووشەکە هاوکات بە کاردێت لەناو گەلانی ئێرانیدا.
لە دایک بوونی چی؟
لە دایک بوونی خودای ڕوناکی کە لە کولتوری هیندۆئەوروپیدا بە ناوەکانی میترا یان میثراس یان میثرا (زمانەکانی گەلانی ئێران و سانسکریتیدا) هاتووە[ii]. یەکەم تۆماری ناوی خودای میترا دەگەڕێتەوە بۆ 1400 پێش زاین  کە لە ڤیدای هیندودا هاتووە. دواتر گەیشتۆتە گەلانی ئێران و لەگەڵ داگیرکردنی ئێرانەوە لەلایەن ئەلێکساندرەوە، ئەم ووشەیە هاتۆتە ناو زمانەکانی ئەوروپاوە. ئەم خودایە لە ئاینی هیندوسدا هێمای هاوڕێیەتی، ڕەوشت و هاوئاهەنگی و هەموو ئەوشتانەی پێویستن بۆ پاراستنی مرۆڤ و هاوسەنگی بوون . زۆربەی کات لەگەڵ خودای ڤارونەدا جوت دەکرێن کە ئەویش هێمای هاوسەنگی ئاسمانەکانە[iii].
 لێکۆڵەرەوان باوەڕیان وایە کە ئەم بۆنەیە سەرەتاکەی بگەڕێتەوە بۆ سێ تا چوار هەزار ساڵ پێش زاین، واتە پێش زەردەشت[iv]. بەڵام دواتر لە ئاینی زەردەشت دا دەربڕدراوە بە جەژنی سەرکەوتنی ڕوناکی بەسەر تاریکیدا یاخود ئەهریمەندا. پێیان وابووە کە ئەهریمەن دەتوانێت لەو شەوەدا پەی بە مرۆڤ بەرێت بۆیە خەڵک لەگەڵ خزم و خێش و هاوەڵەکانیان کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی شەوارە بگرن تا بەیانی و دەرکەوتنەوەی خۆر، بۆ ئەوەش میوە و خواردنی کە هەیانبووە پێکەوە بەشیانکردووە و لە دەوری ئاگر دەوریان گرتووە.
لەزمانی فارسی نوێشدا بە ڕۆژی شادی (خرم) ناو دەبرێت یان بە جەژنی لەدایکبوونی خۆر کە لەلای گەلانی ئێرانی کۆن پیرۆز بووە.
گەلانی میسری کۆنیش ڕۆژی خودای خۆریان بە جەژن گرتووە، بەڵام بەپێی ڕۆژژمێرەکەی ئەوان 6ی مانگی یەکیان داناوە بە ڕۆژی خۆر و جەژنی خودای ئۆسیریس (Osiris) و ئایۆن (Aeon)[v] .
هەمان ڕۆژ لە ڕۆژژمێری عیبریدا بە Tekufat Tevet ناسراوە  یان Et ha-ḥoref  (بە مانای سەرەتای زستان).[vi]
گرنگە بڵێین کە گەلانی ناوەڕاست و باکوری ئەوروپای کۆن لەسەر ئاینی پەیگان، ، لەوانە کەلتیک و تیوتۆنیک (Celtic and Teutonic) جەژنی کۆتایی پایزیان گرتووە و ناویان بردووە وەک یول (Yule, Juul, Jol) بەڵام شارەزایان باوەڕیان وایە کە ڕۆژەکەی گۆڕابێت بە پێی کات تەنانەت هەندێ جار لە ڕۆژی دەیەم و یانزەیەمی مانگی 11دا جەژنیان گرتووە. ئەمەش وا ڕوون دەکرێتەوە کە ئەوکاتانە لە و جێگانەدا بەفری زۆر باریوە و بۆتە هۆی مردنی گیا و ڕووەکەکان و دواتریش بەشێک لە ئاژەڵەکانیان، بۆیە دواتر فێربوون کە بەشێک لە ئاژەڵەکانیان بکوژن وەک قوربانی بۆ خوایەکانیان و خۆشیان گۆشتەکەیانیان هەڵگرتووە لە بەفردا یان بە ڕێگەی تر بۆ ئەوەی خۆیان لە بەفر و سەرمای ئەستوری زستان ڕزگاریان بێت[vii].
بەپێی ڕۆژژمێری جولیەن (Julian)، ڕۆژی خۆریان بە 25ی مانگی دوانزە داناوە. ئەمەش لەئەنجامی هەڵە ژماردنی ڕۆژەکانی ساڵ کە بە 365.25 ڕۆژ خەمڵێندراوە کە لە ڕاستیدا ڕۆژەکانی ساڵی خۆری [viii]364.242. گرنگە بگوترێت کە ڕاستە لە کاتی ئەژماردنەکەیاندا، ئەو ساڵەدا کەوتۆتە 25ی مانگەوە.
دواتر ئیمپراتوری رۆم ئەوریلیۆ لە سەدەی سێەمی زاینی 25ی مانگی دوانزەی کردە پشو و جەژنی گشتی و ناساندی وەک جەژنی خۆری لەبن نەهاتوو.  بەڵام لەسەدەی دواتر، کاربەدەستانی ڕۆم کە بڕیاریان دا جەژنی لەدایک بوونی مەسیح بکەنە فەرمی ڕۆژی 25یان هەڵبژارد، شارەزایان باوەڕیان وایە کە بۆ ئەوە بووە کە ئاینی پەیگانەکان کاڵ بکەنەوە[ix].
لە ئیمپراتۆریەتی ئینکا لە پێروو لە بەرئەوەی لە بەشی خوارەوەی گۆی زەوی سەری گرتووە، لە مانگی شەشدا جەژنیان گرتووە و ناویان ناوە ئاهەنگی خۆر (Inti Raymi)[x]
لەکۆتاییدا پێویستە بڵێم، ئێمەی کورد وەک بەشێک لە گەلانی ئێرانی کۆن، هەزارەها ساڵە کە ئەم شەوەمان بە جەژن گرتووە و هیوامان خواستووە کە ڕوناکی بەسەر تاریکیدا سەرکەوێت. هیوای شەوێکی خۆشتان بۆ دەخوازم و هیوام وایە لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا، بەختی باش یاوەرتان بێت بۆ هەمیشە و تەندرووست و شاد بمێنن.
بۆ ئەوانەی دەخوازن زانیاری زیاتر وەربگرن، تکایە هەندێک لە سەرچاوەکانم بە لینک لە خوارەوە داناوە و چەندین پەڕتوکی باشیش هەن لەسەر ئەم بابەتە.


[i] https://www.cais-soas.com/CAIS/Celebrations/yalda.htm

[ii] https://www.britannica.com/topic/Mithra

[iii] https://www.britannica.com/topic/Mitra-Vedic-god

[iv] https://www.cais-soas.com/CAIS/Celebrations/yalda.htm

[v] https://encyclopedia2.thefreedictionary.com/Winter+Solstice

[vi] https://en.wikipedia.org/wiki/Tekufah

[vii] https://encyclopedia2.thefreedictionary.com/Yule

[viii] https://encyclopedia2.thefreedictionary.com/Winter+Solstice

[ix] https://www.huffpost.com/entry/winter-solstice-pagan-yule_n_585970abe4b03904470af4c5#:~:text=In%20pre%2DChristian%20Scandinavia%2C%20the,the%20god%20of%20agricultural%20bounty.

[x] https://www.history.com/topics/natural-disasters-and-environment/winter-solstice


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×