ئێران: داوامان لە ئینتەرپوڵ کردووە چوار کەس كه‌ دەستیان هەبووە لە تیرۆری موحسین فەخریزادەدا دەستگیربکەن
  2021-01-11       1435       

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، داوایان لە پۆلیسی ئینتەرپوڵ کردووە چوار کەس دەستیان هەبووە لە تیرۆری موحسین فەخریزادەدا دەستگیربکەن.

ئاوێنه‌: مەهدی حاجیان، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 11 ی کانوونی دووەم، ڕایگەیاندووە، “داوامان لە پۆلیسی ئینتەرپوڵ کردووە کە حاڵەتی سور ڕابگەیەنن بۆ ئەو چوار کەسەی کە دەستیان هەیە لە تیرۆری موحسینی فەخریزادەدا”.

ئێران تا ئێستا ناوی ئەو کەسانەی دەستنیشان نەکردووە کە داویەتییە پۆلیسی ئینتەرپوڵ و تەنانەت ئاشکراشی نەکردووە خەڵکی کوێن و لەکوێ دادەنیشن.

ئەگەرچی ئێران پێشتر وتبووی تیرۆری موحسینی فەخریزادە بە چەکی ئەلیکترۆنی کراوە و هیچ هێزێکی مرۆی لە شوێنی ڕوداوەکە دەستنیان نەکراوە.

دواتریش ئێران ڕایگەیاند، خاوەنی ئەو ئۆتۆمبیلەی کە چەکە ئەلیکترۆنییەکەی لەسەر جێگیرکراوە وڵاتی جێهێشتووە و لە خاکی ئێراندا چووەتە دەرەوە.

یەکێک لەو شتانەی لە دۆسیەی تیرۆری موحسینی فەخریزادە جێگەی سەرنجە کە لێدوانێکی جیاواز و دژ بەیەک لەسەر ڕوداوەکە هەیە، چونکە سەرەتا ئێران وتی خاوەنی ئۆتۆمبیلەکە چەکەکەی لەسەر جێگیرکرابوو هەڵاتووە، کەچی دواتر وا ڕاگەیەنرا کە چوار کەس لە بکەرەکانی تیرۆرەکە دەستگیرکراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×