سعودیە: حوسییەكان موشەكێكیان نا بە ڕیازی پایتەخته‌وه‌
  2021-01-23       720       

سعودیە موشەكێكی خستەخوارەوە و دەڵێت، “ڕەوانەی ڕیازی پایتەخت كرابوو.”

ئاوێنه‌:  ئەمڕۆ شەممە 23ی كانونی دووەم، حكومەتی سعودیە ڕایگەیاند، “هێزەكانیان موشەكێكیان لە ئاسمانی ڕیاز خستووەتەخوارەوە، كە حوسییەكان تەقاندبوویان.”

میدیای سعودیە وێنەی موشەكەكەی بڵاوكردەوە و لە زاری كاربەدەستانی حكومەتی ئەو وڵاتەوە ڕایگەیاند، “ئامانج لەو موشەكە، پێكانی ڕیازی پایتەخت بووە و حوسییەكان ویستوویانە لەڕێگەی موشەكەكەوە لە ڕیاز بدەن.”

دانیشتووانی ناوچەكە بە میدیاكانی سعودیە و جیهانیان ڕاگەیاندووە، دیمەنی تەقینەوەیەكیان لە ئاسمانی ڕیازدا بینیوە كە دەنگێكی گەورەی هەبووە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە و تۆمەتباركردنی حوسییەكان بە هاویشتنی موشەكەكە، حوسییەكانی یەمەن ڕەتیانكردەوە لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا هیچ هێرشێكیان ئەنجامدابێت.

ماوەی چەند ساڵێكە شەڕ لەنێوان سعودیە و هاوپەیمانەكانی لە لایەك و حوسییەكانی یەمەن بە پشتیوانیی ئێران لە لاكەی ترەوە هەڵگیرساوە، هێزەكانی سعودیە و هاوپەیمانەكانی لەناو یەمەن-دا شەڕ لە دژی حوسییەكان دەكەن و ئەوانیش ناوبەناو موشەك دەنێن بە سعودیەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×