چەپکێ رێحانە بۆ سەر گۆڕێ
  2021-02-10       2194       
غازی بامەڕنی

سمکۆ ناکام


کە مەرگ هات بە خشکەیی دێ. ناهێڵێ ئەم دەست بەو دەست بزانێت. پاشان، کە داسی خۆی وەشاند، ئنجا بنیامە زیندوەکان، بە تایبەت لای ئێمە، ئەکەونە هاوارهاوارو شینوشەپۆڕ. پێئەچێ ئەمە جۆرە تۆڵەسەندنەوەیەک بێت لە مەرگ: تا ئەو ئەوەندە بێخشە بێت، ئەمان زیاتر دەنگ بەرزئەکەنەوە. ناوەڕاستی مانگی دیسەمبەری ساڵی پار شانۆکارێکی بەتوانای کورد سەری نایەوە: غازی بامەڕنی. کەچی بە پێچەوانەی ئەوەی پێی راهاتوین، کەس لە سلێمانیدا ورتەی لە دەم نەهاتە دەرێ. سایتە کوردییەکانی ئەم شارە دوو دێڕ ماڵاواییان بۆ نەنووسی. ئەم میدیایانە کە پیشەیانە بەیناوبەین شین بۆ نەکیرەیەک بکەن کە کەس ناوی نەبیستوە، مەرگی غازی نەیبزواندن. حەیف!


بەهاری ١٩٧٠ پاش دوو ساڵ لە شاخ هاتمەوە سلێمانی. ئەوسا دەمێ بوو تەلەفزیۆنی کەرکووک کەوتبوە پەخش. لەوێ بەرهەمێکی تیپی نواندنی سلێمانیم دی: نرخی ئازادی. لە دوتوێی ئەم کارەوە بۆ یەکەم جار ناوی غازی بامەڕنیم بیست. پاشتر، بەهۆی چالاکیی هونەرییەوە یەکتریشمان لە نزیکەوە ناسی. هەستم بە رێزلێنان ئەکرد لە رووی ئەم هونەرمەندەدا کە زێدی خۆی جێهێشتوە بۆ ئەوەی بچێ لە بەغدا شانۆ بخوێنێ، کە ئەم بوارە لە بامەڕنی خەڵکانێکی زۆر هەواداری نەبوون. ئنجا پاش کۆتاییهێنان بە خوێندنەکەی، بە سەرکەوتنێکی جێی سەرنجەوە، هاتوە لە سلێمانی کار بکاو شانۆگەری بەرێتە سەر شانۆ. ئەمە مایەی قەدرزانینم بوو.


گەرچی غازی خۆی لە قەرەی دوو شت نەئەدا، ئەوانیش کحوول‌و نیکۆتین بوون، بەڵام ئەمە رێگر نەبوو لەوەی لە یانەی مامۆستایانی سلێمانی لەگەڵ گەلێ رۆشنبیری تردا شەو بەسەربەرین.

ئێمە هەموو بەخیلیمان بە غازی ئەبرد، چونکە لەلایەن بۆیە یەزیدییەکانی ئەو یانەیەوە زۆر رێزی لێئەگیراو خاتریان ئەگرت. گۆشتی تشریبەکەی ئەو دوو ئەوەندەی ئەوەی ئێمە بوو.


پشت ئەستوور بە رۆشنبیرییەکی دەوڵەمەند، بیرکردنەوەی غازی چەپڕەوانە بوو. بەڵام نەمبیستوە سەر بە هیچ حیزبێ بێت. لەگەڵ ئەوەیشدا هەرگیز رێنەکەوت من‌و غازی کارێک بە دووقۆڵی بەرینە سەر شانۆ. چونکە زمانێکی هاوبەشمان نەبوو. ئەو دانووی لەگەڵ کۆمێدیادا نەئەکوڵاو، زیاتر حەزی لە دەقێک ئەکرد کە زۆر جیددی بێت. خۆ ئەگەر چەند دیمەنێکی ئەشکەنجەدان‌و هەڵواسین‌و دارکاریی تێدا بێ ئەوا چاکتر.


کە غازی کەوتە کەڵکەڵەی ئەوەی بچێ لە فرەنسا دکتۆرا بخوێنێ، ١٩٧٧ یا ١٩٧٨ بوو بیرم نایێ، زەمالەیەکی فرەنسی نە هەبوو نە بەهیوا بوو پێی ببەخشن. بەڵام وەک فەرمانبەرێکی عێراقی مافی خۆی بوو سوود لە کارئاسانییەک وەرگرێ، ئەوەی کە بە زمانی بیرۆکراتیی ئەم مەملەکەتە ناونرابوو (إجازة دراسیة براتب تام). بەڵام کە کەوتە منەی، لایەنە رەسمییەکان پێی پێکەنین. چونکە ئەم ئیمتیازە تەنها بۆ بەعسییەکان قۆرخکرابوو. بەڵام بامەڕنی لای چاکتر بوو لە فرەنسا بە کولەمەرگی بژی لەوەی خۆی بدۆڕێنێ‌و ببێ بە کاسەلێسی رژێم. ئەم هەڵوێستەی غازی رۆژی ئەمڕۆیش شایەنی بەبیرهێنانەوەو بەرزنرخاندنە.


ساڵی ١٩٧٩ سەرم بەرەو فرەنسا هەڵگرت. لەگەڵ غازیدا پێک شاد بوینەوە. لە یەکەم پەیوەندییەکانمدا بە پۆلیس‌و دایرەکانی تردا غازی پشتوپەنام بوو. تەنانەت ئەدرەسەکەی خۆیشی لەگەڵدا بەشکردم‌و، نوسراوە رەسمییەکانم لە رێی ئەوەوە پێ ئەگەیی. ئێستایش خۆم بە قەرزاری غازی ئەزانم. پاشان کە بووم بە خاوەن ئەدرەسی خۆم، پەیوەندیمان وردەوردە کز بوو. بەیناو بەین یەکتریمان بە رێکەوت ئەدی یا تەلەفۆنمان بۆ یەکتر ئەکرد. دواهەمین جار دەنگیم لە تەلەفۆندا بیستەوە ساڵی ١٩٨٤ بوو.


ئەم هونەرمەندە چیتر لە ناوماندا ناژی. لەگەڵ ئەوەیشدا هەر تاوێ ناوی غازی بامەڕنی ئەبیستم دوو هەست دامئەگرن: رێزو خۆشەویستی.


دواهەمین شوێن ئەم کەڵە شانۆکارە خزمەتی تیا کردبێ زانکۆی دهۆک بوە. ئەم دەزگا زانستییەش بەم شێوەی لای خوارەوە هەواڵی کۆچی دوایی ئەم مامۆستایەی خۆی راگەیاند:
(غەمبارین ب وەغەرکرنا خودێ ژێ رازی د. غازی عبدللە بامەڕنی مامۆستایێ کۆلێژا زانستیێن مرۆڤایەتی پشکا دراما/ زانکۆیێ دهۆک ل رۆژا ١٥/١٢/٢٠٢٠ چویە بەر دلۆڤانیا خودێ.)



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×