تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی هۆشداری‌ لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی بەنزین لەکوردستان دەدات
  2021-02-12       1784       
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی هۆشداری‌ لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی بەنزین لەکوردستان دەدات‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێکهاتەکانی بەنزینی بەکارهاتو لەکوردستان هۆکاری دەیان کێشەو نەخۆشی تەندروستین بەشێرپەنجەوە. 

ئاوێنه‌: ده‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ تۆڕه‌كه‌:


تۆری پاراستنی تەندروستی گشتی هۆشیاریەکی توند لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی بەنزین لە کوردستان دەدات

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بە دڵەراوکێیەکی زۆرەوە دەڕوانێتە کواڵیتی خراپی بەنزین لە کوردستاندا. تۆڕەکەمان هۆشیاری توند دەدات کە پێکهاتەکانی بەنزینی بەکارهاتو لە کوردستان هۆکاری دەیان کێشە و نەخۆشی تەندروستین بە شێرپەنجەوە. 

بە گوێرەی بەدواداچونی تۆرەکەمان بەلای کەمەوە دوو پێکهاتەی بەنزین لە کوردستان بەکاردەهێنرێن کە زەرەری تەندروستی گەورەیان هەیە. هەردوو ئەو پێکهاتانەی خوارەوە بۆ زیادکردنی پلەی ئۆکتانی بەنزین بەکاردەهینرێن. 
١. قورقوشم: لە چەند ساڵی رابوردودا رێژەی قورقۆشم لە هەوای کوردستاندا بە رێژەیەکی ترسناک زیادیکردوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە قورقوشم لە بەنزیندا بەکاردەهێنرێ (کە لەسەر ئاستی جیهاندا قەدەغەکراوە). بەداخەوە پاڵاوکەگانی هەرێمی کوردستانی ماددەی قورقوشم بەکاردەهێنن. هەروەها زیادبونی مادەکە بۆ زیادبونی لەناوبردنی پاتری بەکارهاتوی ئۆتۆمبیلەوەیەوە کە دوای تەواوبونی تەمەنیان بە شێوەیەکی نازانستی فرێدەدرێن.
تۆڕەکەمان ئەم زەرەرە تەندروستیانەی قورقوشم لە بەنزیندا دەستنیشاندەکات:
١. مردن
٢. کەم خوێنی
٣. کێشەی گەشە لە مناڵان
٤. دابەزینی توانای عەقڵی لە مناڵان
٥. دواکەوتنی فێربون لە مناڵان
٦. زەرەر بە کۆئەندامی دەمار
٧.بەرزبونەوەی فشاری خوێن
٨. زیادبونی نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
٢. بەنزینا: جگە لە قورقوشم ماددەی بەنزینا بەکاردەهینرێ بۆ زیادکردنی پلەی ئۆکتان. بە گوێرەی ستانداردە جیهانیەکان نابێ رێژەی ئەو ماددەیە لە ٠.٦٢ زیاتر بێ. بەڵام بەداخەوە لە کوردستان رێژەکە زۆر لەوە زیاترە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەم نەخۆشی و حاڵەتانەی خوارەوە:
١. شێرپەنجە
٢. نەخۆشیەکانی دڵ 
٣. نەخۆشیەکانی فشاری خوێ  و خوێنبەرەکان
٤. نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە
٥. کێشەکانی منداڵبون
٦. کێشەی کۆئەندامی بەرگری. 
بەهۆی ئەم ئاکامە تەندروستیە خراپانەوە، تۆرەکەمان داوا دەکات کە:
١. بەکارهێنانی قورقوشم لە بەنزین بە تەواوەتی قەدەغەبکرێ و پاتری ئۆتۆمبیل بە شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێ کە نەبێتە هۆی پیسبونی ژینگە. 
٢. رێژەی ماددەی بەنزینا پێویستە لە خوار ٠.٦٢ وە بێت.
لێرەشەوە داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی تەندروستی و ژینگە دەکەین بڕیار و هەنگاوی پراکتیکی خێرا بنێن بۆ چارەسەری ئەم کێشە ژینگەیی و تەندروستیە گەورەیە. 
تۆرەکەمان ئامادەیە هەمو هەنگاوە مەدەنی و یاساییەکان بگرێتە بەر  بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان لە ژەهربارانکردنیان لەرێی بەنزینی خراپەوە.

 تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی
٢٠٢١/٢/١٢
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×