بایدن: پـوتن باجی دەستێوەردانی لەهەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دەدات
  2021-03-17       587       
پـوتن، بایدن
جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕوسیا باجی ئەوە دەدات کە دەستێوەردانی لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا كردووە.

ئاوێنه‌: بایدن لەچاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی abcNewsی ئەمەریکی‌ کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، لەبارەی ئەو پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیە قسەی کرد کە لەکۆتایی مانگی یەکدا لەگەڵ پـوتن ئەنجامی دابوو تیایدا باسیان لەو ڕاپـۆرتانە کردبوو کە ئاماژەیان بەدەستێوەردانی ڕوسیا لەهەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا کردبوو.

بایدن وتی، "پـوتن باجەکەی دەدات. زۆر بەدرێژی قسەمان کردو پـێم وت، من دەتناسم و تۆش من دەناسیت، ئەگەر بێت و دەربکەوێت ئەمە ڕویداوە، ئەوا خۆت ئامادەبکە."

له‌وه‌ڵامی‌ پێشكه‌شكاری‌ كه‌ناڵه‌كدا كه‌ پرسی‌ ئایا پـێتوایە پـوتن پـیاوکوژبێت؟ سەرۆکی ئەمەریکا لەوەڵامدا وتی بەڵێ.

ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی ئەمەریکا پاش ئەوە دێت كه‌ ئۆفیسی هەواڵگریی نیشتمانی ئەمەریکا ڕاپـۆرتێکی بڵاوکردەوەو تیایدا باس لەڕوسیا و ئێران کراوە هەوڵیانداوە کاربکەنە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکە، خودی پـوتن ڕازیبووە هەڵمەتێک ئەنجامبدرێت بۆ لەکەدارکردنی جۆو بایدن و دیموکراتەکان بە گشتی بە ئامانجی پـشتیوانیکردن لە ترامپی سەرۆکی پـێشوو و هەروەها هەوڵدان بۆ نەهێشتنی متمانە بە پـرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێو خەڵکی ئەمەریکادا.

ڕووسیا لای خۆیەوە لە ڕێگەی ڤیاچێسلاڤ ڤۆلۆدین، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانەکەی (دوما) وەڵامی داوەتەوە کە لەسەر تیلگرامەکەی نووسیویەتی "پـوتن سەرۆکمانە و هەر هێرشێکی بکرێتەسەر ئەوا مانای هێرشە بۆ سەر وڵاتەکەمان."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×