بۆ ئەوانەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە یان دەیانەوێت وەریبگرن
  2021-04-30       3727       
د. عارف گۆران

تا ئێستا برێکی کەم لە ڤاکسینەکانی دژ بە پەتای کۆرۆنا گەیشتۆتە کوردستان ، بەلام لە چەند ھەفتەو مانگی داھاتوو برێکی زیاتر دەگاتە عێراق و کوردستان . خەلکانێکی زۆر پرسیار دەکەن دەربارەی ڤاکسینەکان . لەم پۆستەدا ھەول ئەدەم وەلامی بەشێک لەو پرسیارانە بدەمەوە:

1-پێش وەرگرتن و دوای وەرگرتنی ڤاکسین  پێویست بە ھیچ پشکنینێک ناکات ، خەلکانێک ھەن  پشکنینی دژەتەن دەکەن ، لە راستیدا ئەمە جگە لە بەھەدەردانی پارە، ھیچ شتێک لە دۆخی کەسەکە ناگۆڕێت، چونکە دەزانین ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسین وەردەگرن بەرگری پەیدادەکەن.

2-دوای وەرگرتنی ڤاکسین بۆی ھەیە کەسەکە تووشی ھەندێک کێشەی لاوەکی بێتەوە وەک تاو لەرزو سەرئێشەو ئازاری ماسولکەکان و ئازارو ئاوسانی شوێنی دەرزیەکە و لەش داھێزران . ئەم نیشانانە شتێکی کاتیەو لە ڤاکسینەکانی تریش بۆ نموونە ڤاکسینی ئەنفلوێنزا دەبینرێت . لە زۆربەی کاتەکان لە دوو رۆژ زیاتر ناخایەنێت و بەھیچ شێوەیەک پێویست بە ترس ناکات . تێبینی کراوە ئەو کێشە لاوەکیانە لە ڤاکسینی ئەسترازێنێکا و کەسانی گەنج زیاتر دەبینرێت بە بەراورد لەگەل ڤاکسینەکانی تر.

مەرج نیە ھەموو کەسێک ئەو نیشانەیان لێدەرکەوێت.  لە راستیدا بەشێکی زۆری خەلک ھەست بەھیچ نیشانەیەک ناکەن ، دیارە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت ڤاکسینەکە کاریگەر نەبووە، چونكە ڤاکسینەکە بەرگری بۆ ھەموو کەسێک درووست دەکات .ئەگەر ھاتوو کەسەکە نارەحەت بوو ئەتوانێت حەبی پاراسیتامۆل بەکاربھێنێت .ئەگەر نیشانەکان لە چوار رۆژ زیاتری خایاندو لە کاتی ئێستادا کە ڤایرۆسەکە زۆر بلاوبۆتەوە لە کۆمەلگا، بۆی ھەیە کەسەکە تووشی کۆرۆنا بووبێت و لەو کاتانەدا باشتر وایە دکتۆر ببینێت بۆ ئەوەی دلنیا بێتەوە کە تووشی کۆرۆنا نەبووە . دەبێت ھەموومان بزانین کە ڤاکسینەکان بەھیچ شێوەیەک خەلکی تووشی کۆرۆنا ناکەن ، بەلکو ڤایرۆسەکە لە ئەنجامی بەرکەوتن لەگەل کەسێکی تووشبوو بە پەتاکە دەگوازرێتەوە. 

3-دوای وەرگرتنی ڤاکسین بە سێ ھەفتە لەشی مرۆڤ دژەتەن درووست دەکات و بە تێپەربوونی کات بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەکە زیاد دەبێت. بۆیە ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسەکە ھەر دەمێنێت بە تایبەت لە دوو ھەفتەی یەکەمی دوای ڤاکسین وەرگرتن . زۆربەی رێژەی بەرگری لە دوای ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکە درووست دەبێت ، بۆیە زۆر ئاساییە کە ژەمێ دووەمی ڤاکسینەکە دوای سێ مانگ بە کەسەکە بدرێت وەک ئەوەی لە بەریتانیا پەیرەو دەکرێت ، تەنانەت بەشێک لە لێکۆلینەوەکان وانیشان ئەدەن کە بۆی ھەیە زیاتر سوودی ھەبێت ، بەلام دەکرێت چوار ھەفتە یان ھەر کاتێکی تر چوار ھەفتە لە دوای ژەمی یەکەم ، ژەمی دووەمی ڤاکسینەکە بدرێت و ھیچ زیانێکی نیە .

4-ھەموو ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە دەتوانن ڤاکسینەکان وەرگرن ، لە راستیدا ئەو کەسانە دەبێت لەریزی پێشەوەی ڤاکسین وەرگرتن بن ، چونکە دەزانین لە ئەگەری تووشبوون بە کۆرۆنا ئەو کەسانە بە رێژەیەکی زیاتر بە تووندی پەتاکە دەگرن بە بەراوردکردن لەگەل ئەو کەسانەی نەخۆشییان نیە . نەخۆشەکان پێویست ناکات بەھیچ شێوەیەک دەرمانەکانیان راگرن.

5- ئەوە بەتەواوی یەکلابۆتەوە، کە ئەو کەسانەی پێشتر تووشی کۆرۆنا بوونە دەبێت ڤاکسین وەربگرن، ھەرچەندە ئەگەری دووبارە تووشبوون لە شەش مانگی یەکەمی دوای پەتاکە زۆر کەمە ، بەلام نازانرێت بۆ ماوەی چەند بەرگری لەش بەرامبەر ڤایرۆسەکە دەمێنێت. زۆر ئاساییە کەسی تووشبوو بۆ ماوەی شەش مانگ چاوەری بکات بۆ ئەوەی دەرفەتی وەرگرتنی ڤاکسین بداتە کەسێکی تر، کە پێشتر تووش نەبووە ، ئەگینا دەکرێت ڤاکسینەکە دوای سێ مانگ لە تووشبوون بە پەتاکە بدرێت . بەھیچ شێوەیەک پێوسیت بە پشکنینی دژەتەن ناکات پێش ڤاکسین وەرگرتن. 

6-کێشەی خوێن مەیین بە ھۆی ڤاکسینەکان بۆتە باسی ھەموو جیھان. تێبینیم کردووە بەشێکی ئەو کەسانەی لەكوردستان ڤاکسینیان وەرگرتووە تووشی دلەراوکێیەکی زۆر بوونە. دووبارەی دەکەمەوە ئەو دیاردەیە زۆر دەگمەنە ، لە ئەگەری روودان تێبینی کراوە خوێن مەیین لە دوای رۆژی چوارەم دەبێت و دوای چوار ھەفتە لە ڤاکسین وەرگرتن ئەو مەترسیە نامینێت. لە ئەگەری روودانی خوێن مەیین نەخۆش نارەحەت دەبێت و کۆمەلێک نیشانە لە کەسەکە دەردەکەوێت کە دەوەستێتە ئەو بەشەی لەش کە خوێیین مەیینەکە تیا روویداوە ، لەو کاتانەدا پێویستە نەخۆشەکە سەردانی دکتۆر بکات.

خەلکانێک ھەن پشکنینی خوێن دەکەن بە تایبەت دی دایمەر بێ ئەوەی ھیچ نیشانەیەکیان ھەبێت، بەرای من دەبێت ئەو پشکنینانە تەنھا لەژێر چاودێری پزیشک بکرێت ، لەھەمان کات دەزانین گەلێک ھۆکاری تر ھەن جگە لەخوێن مەیین کە دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی دی دایمەر . تێبینیم کردووە کە ھەندێک کەس دوای ڤاکسین وەرگرتن دەرمانی دژە خوێن مەیین بەکاردەھێنن ، کە لەراستیدا شتێکی ھەلەیەو بۆی ھەیە ئەو دەرمانانە ببێتە ھۆی خوێن بەربوون . لە بەریتانیاو وولاتانی تر لە جیھان ھیچ دەرمانێک بەو کەسانە نادرێت، كە ڤاکسین وەردەگرن.

7-لەکاتێک دڵنیاین لە كاریگەری ڤاکسینەکان بەلام  دەبێت خەڵك بزانێت، کە تەنانەت دوای ژەمی دووەمی ڤاکسینەکەش کەسەکە بۆی ھەیە تووشی پەتاکە ببێت ، ھەرچەندە ئەمە بە رێژەیەکی یەکجار زۆر کەمە ، بۆیە ئێمەی دکتۆر ئامۆژگاری خەلک دەکەین کە بەردەوام بن لە رێکارەکانی خۆپاراستن . ئەوەی بە تەواوی دەرکەوتوە دوای ڤاکسین وەرگرتن تووشبوون بە پەتاکە بە تووندی و ھەوکردنی سیەکان یەکجار کەم دەبێتەوە . بە کورتی ئەتوانین بلێین ھەر کەسێک کە ڤاکسین وەردەگرێت لە ئەگەری تووشبونیش پێویستی بە چارەسەری نەخۆشخانە نابێت ، مردن بە ھۆی کۆرۆنا دوای ھەردوو ژەمی ڤاکسین دەبێتە دیاردەیەکی دەگمەن . 

8-.لە ھەندێک لاپەرەکانی سۆشیال میدیا دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكرێتەوە ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتوە دەبنە ھۆکاری بلاوبوونەوەی پەتاکەو دەبێت ئەو کەسانە کارەنتینە بکرێن . دیارە ئەو ھەوالە لەوە سەرچاوەی گرتوە کە ئەو کەسەی ڤاکسینی وەرگرتوە بۆی ھەیە ھەست بە نیشانەکانی پەتاکە نەکات لە کاتی تووشبون و ڤایرۆسەکەو بگوازێتەوە بۆ خەلکانی تر ، دیارە ھەر کەسێک کە ڤاکسین وەردەگرێت دەبێت بەردەوام بێت لە خۆپاراستن ، بەلام لە راستیدا لێکۆلینەوەکان لە بەریتانیا دەریانخست کە ڤاکسین وەرگرتن دەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە نەک زیادکردنی ، چونکە لەو کەسانەدا تێبینی کراوە کە برێکی کەمتر لە ڤایرۆس دەبینرێت لە ئەگەری تووشبونیان بە ڤایرۆسەکە بە بەراوردکردن لەگەل ئەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتوە. 

9- ڤاکسینەکان نادرێن بە منداڵان و ئافرەتی دووگیان،  بەلام لە ئێستادا بەشێک لە ڤاکسینەکان لێکۆلینەوە لەسەر ئەم دوو گرووپە دەکەن و ئەنجامە بەراییەکان وا نیشان ئەدەن کە سەلامەتەو کاریگەرە ، لەچەند ھەفتەی داھاتوو ئەنجامی ئەو لێکۆلینەوانە بە تەواوی بلاودەکرێتەوە ، تاکوو ئەو کاتە دەبێت چاوەروان بین . ئافرەتی شیردەر دەتوانێت بەردەوام بێت لەشیردان بە کۆرپەکەی لەئەگەری وەرگرتنی ڤاکسین .

10-خەلکێکی زۆر لە کوردستان باسی ئەوە دەکەن کە ھەستیاریان(حەساسیە) هەیەو  دوو دلن لەوەرگرتنی ڤاکسینەکان. دیارە کاتێك باسی ھەستیاری دەکرێت دەبێت بزانین چ جۆرێکە لە هەستیاری ، بەشی ھەرەزۆری ئەوانەی ھەستیاری پێست ، یاخود ھەستیاری قورگ و لووتیان هەیە دەتوانن ڤاکسینەکان وەرگرن . جۆرێکی ھەستیاری ھەیە کە دوای بەکارھێنانی ھەندێک خواردن یان دەرمان بەکارھێنان روودەدات و دەبێتە ھۆی ئەوەی کە دۆخی کەسەکە زۆر تێک بچێت ، دەبێتە ھۆی ئاوسانی لێو و بۆری ھەواو و کەسەکە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت و پێویستی بە چارەسەری خێرا دەبێت لە نەخۆشخانە ئەگینا ژیانی دەکەوێتە مەترسی ، ئەو کەسانە دەبێت ئاگادار بن و لە ئەگەری ڤاکسین وەرگرتن دەبێت تیمی ڤاکسین ئاگاداری ئەو خالەبن و کۆمەلێک دەرمانی پێویست دەبێت بەردەست بێت . بەلام دووبارەی دەکەمە ئەو حالەتە زۆر دەگمەنەو زۆربەی ھەرەزۆری ئەو کەسانەی لە کوردستان دەلێن حەساسیەمان ھەیە لەو جۆرە نین . ھەر کەسێک ئەگەر حەساسیەی بە ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکان درووستکرد ، نابێت ژەمی دووەم وەرگرێت . 

کوردستانیانی خۆشەویست ، ھیوادارم ئەو نووسینەم لەگەل کەسوکاری خۆتان باس بکەن و لایەنی کەم ھاندەری ئەو کەسانەبن کە بە تەمەنن ، یان ھەلگری نەخۆشین ، بە تایبەت نەخۆشی شەکرەو بەرزەفشاری خوێن و نەخۆشی شێرپەنجە، یان قەلەون لە نزیکترین دەرفەت ڤاکسین وەرگرن . باوک و دایکتان ناونووس بکەن و ھانیان بدەن لە وەرگرتنی ڤاکسینەکان .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×