ئایا ئەوەی لە هیندستان رودەدات بۆی هەیە لە کوردستان دوبارە ببێتەوە؟
  2021-05-02       2866       
سوتاندنی بەكۆمەڵی تەرمەكان لە نیودەهلی لەسایەی بڵاوبونەوەی كۆرۆنای گۆڕاوی هیندی. وێنە: رۆیتەرز

دكتۆر گۆران عەبدوڵا

بەهۆی کۆرۆناوە هیندستان بەیەکێک لە گەورەترین تراژیدیاکانی مێژوی خۆیدا تێدەپەڕێت. ژمارەی توشبون بە کۆرۆنا لە یەک رۆژدا، 400 هەزار کەسی تیپەڕاندوە. لە هەر رۆژیکیشدا، نزیکەی چوار هەزار کەس بە کۆرۆنا گیانی لە دەستدەدات. سیستمی تەندروستی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی ئیفلیج بوەو لە توانایدا نەماوە روبەڕوی ئەو کارەساتە تەندروستییە ببێتەوە.

بەڵام ئایا هۆکارەکان چین؟ ئایا ئەمەی لە هیندستان ڕودەدات، بۆی هەیە لە کوردستانیش دوبارە ببێتەوە؟

وەکو هەر کارەساتێکی گەورەی تر، تەنها یەک فاکتەرو هۆکار نییە. لە ڕاستیدا زیاد لە هۆکارێک بۆ ئەم بابەتە لە یەک کاتدا یەکیانگرتوە. دەکرێ هۆکارەکان لە ژێر سێ گروپی سەرەکی پۆلین بکەین:

فاکتەری بایولۆژی:

تێکەڵابون و قەرەباڵەغی زۆر، ژینگەیەکی لەباری خوڵقاند بۆ سەرهەڵدانی جۆرێكی تازەی ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا. ئەم جۆرە گۆڕاوەی لە هیندستان سەریهەڵدا ناوی لێنراوەB1.617 ، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەم گۆڕاوە لە جۆرەکانی تری کۆرۆنا خێراتر بڵاودەبێتەوە.

فاکتەری سیاسی:

وەکو ئەوانەی کوردستان، سیاسییەکانی هیندستان مەترسی کۆرۆنایان بەجیددی وەرنەگرت. لەڕاستیدا، سیاسییەکان هۆکاری سەرەکی ئەم تراژیدیایەن کە بەسەر وڵاتەکەدا هاتوە. سیاسییەکانی هیندیستان لەم دواییانە ملێونان کەسیان بۆ کەمپینی هەڵبژاردن کۆکردوە. لەپێش هەمویانەوە، سەرۆک وەزیران ناریندرا مۆدی ئەو کارەی کرد. مۆدی سەرۆکی حیزبی بەهاراتیا جاناتای هیدۆسیی نەتەوەپەرستە. ئەو ملیۆنان کەسی بە بێ ماسک کۆکردوە. لەوتارەکانیدا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەسەر کۆرۆنادا سەرکەوتون و ئیتر پێویست بە ترس و خۆپاریزی ناکات. هاوکات لە ئەنجامی سیاسەتەکانی مۆدی، هەزاران جوتیار ڕژانە نزیک دەلهی پایتەخت و ئەوەنەی تر ژینگەیەکی لەباریان بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە خوڵقاند.

ئەم قەڕباڵەغییە هەرچەندە لە قەبارەدا بەراورد بەوانەی کوردستان ناکرێ بەڵام لەڕۆی چۆنایەتییەوە جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ قەڕەباڵەغی نەورۆزو هاتنی پاپای ڤاتیکان و رەمەزان و کۆنگرەی حیزبەکان و بۆنە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان نییە.

ڤاکسین و سیستمی تەندروستی:

وەکو کوردستان، هیندیستانیش سیستمێکی تەندروستی خراپ و پچڕپچڕو نایەکسان و نادادپەروەری هەیە. سیستمی تەندروستی رەنگدانەوەی سیستمی دواکەوتوی کاستە. لە هەندێ لە شوێنە دەوڵەمەندەکان، نەخۆشخانەی تایبەتی گرانبەها هەیە. بەڵام لە زۆربەی ناوچەکانی تر، سیستمێکی گشتی پشتگوێخراو و کواڵیتی نزم بونی هەیە. ئەمە وای کردوە کارەساتی گەورەی وەکو نەمانی ئۆکسجین و سوتانی نەخۆشخانە ڕوبدات، رێک وەکو عێراق و کوردستان.

لەسەر ئاستی ڤاکسینیشیدا، پارادۆکسێکی گەورە لە هیندستان ڕویدا. وڵاتەکە گەورەترین بەرهەمهێنەری ڤاکسینە. بەڵام ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان متمانەیان بە ڤاکسینەکە نییەو بون بە نێچیری کۆمەڵێک قسەو قسەڵۆکی بێبنەمای لە چەشنی ئەوانەی لە کوردستان لە بارەی ڤاکسینەکەوە بڵاوە.

بەکورتی، ئەو سێ فاکتەرە سەرەکییەی بونە هۆی ڕودانی تراژیدیای کۆرۆنا لە هیندستان، لە کوردستانیش بونیان هەیە. بۆیە تا کار لە کار نەترازاوە، پێویستە خەڵک و حکومەتیش خەمێک لە داهاتو بخۆن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×