شێوەکارێکی کورد بەشداری لەپێشانگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بەجینۆساید دەکات
  2019-05-02       2446       

رێبین چالاك، هونەرمەندی شێوەكاری كورد یەكێكە لەو شەش هونەرمەندەی لەئاستی جیهاندا هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی بەشداری لەپێشانگایەكی تایبەت بەجینۆساید بكەن كە هەفتەی داهاتو لەشاری ڤینیسیای ئیتاڵیا دەكرێتەوە.

رێبین چالاك، بەئاوێنەی راگەیاند ئەم پێشانگایە بەشێكە لەپڕۆژەی رێكخراوێك كە بنكەی سەرەكی لەئەمەریكایەو لەگەڵ هەشتا وڵاتی دونیا كۆنتاكت‌و كاریان هەیە، بەڵام پاش ئەوەی كارەكان نێردراون شەش كاریان لەلایەن رێكخراوێكەوە هەڵبژێردراوەو پڕۆژەكە بوە بەپڕۆژەی شەش وڵاتی جیاواز‌و پێكەوە پێشانگایەك دەكەنەوە. 
رێبین وتی "ئەم پێشانگایە تایبەتە بەپرۆسەی جینۆساید، لە9ی ئەم مانگەدا یەكەمین كردنەوە، واتە نمایشە تایبەتەكە دەكرێ‌‌و 11ی مانگیش نمایشە گشتییەكەی دەكرێ‌ لەباڤیلیۆن دیلاڤیناسیۆن ڤینیسا لەوڵاتی ئیتاڵیا".
وتیشی "من دوای هاتنی داعش بۆ عێراق‌و پەلاماردانی كوردستان دەستم كرد بەكاری دیكۆمێنتاری پاش ئەوەی دەمبینی خەڵكی ئێزیدی چ كارەساتێكی دڵتەزێنیان بەسەرهاتوە، ئیتر وردە وردە هەندێ‌ خەڵكیش پەیدا دەبون كە لەدەست چەتەكانی داعش رایاندەكردو رزگاریان دەبو، هەریەكەو چیرۆكێكی جیاوازو خەمناكیشیان دەگێڕایەوە، بۆیە بڕیارم دا جیا لەوەی ڤیدیۆ دیكۆمێنتاریان لەسەر بكەم، بەشێوازی ماسكیش كارێكی جیاوازیان لەسەر بكەم تا بتوانم خزمەتێك بەكەیسی ئێزیدییەكان بكەم".
ئەم هونەرمەندە شێوەكارە ئەوە روندەكاتەوە كە بۆ ئەنجامدانی ئەم كارەی پشتی بەهاوكاری كۆمەڵێك هاوڕێی لەرێكخراوی "ئێمە" لەهەولێر بەستوە‌و پاڵپشتییەكی باشیان كردوە لەدۆزینەوەی ئەو كەسانەی لەدەستی چەكدارانی داعش رزگاریان بوە‌و دەستیان بەكارەكە كردوەو دواتریش پڕۆژەكە گەورەتر كراوە.
رێبین وتی "پاش ئەوەی هاورێیەكم كارەكانی بینیخ پێی سەرسام بوك بەو رێكخراوە ئەمەریكییەی راگەیاند كە كار لەسەر جینۆساید دەكەن، ئەوانیش بەدواداچونیان كرد‌و بینییان‌و پەسەندیان كرد، ماوەی ساڵێكە كۆنتاكتمان بەردەوامە تا توانیمان ئەم پێشانگایە رێكبخەین".
وتیشی "ئەوەی دەمەوێ‌ بیڵێم ئەوەیە كە نازانم كونسولخانەی گشتی ئەمەریكا لەهەولێر بۆچی دژایەتی ئەم كارەی منیان كرد، من دو جار داوای ڤیزەی ئەمەریكام كرد بەپشتگیری ئەو رێكخراوە ئەمەریكییە بۆ ئەوەی من مانگی 1ی ئەمساڵ لەئەمەریكا بم، بەڵام بەداخەوە من دوجار داوام پێشكەش كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ كارەكانم بچمە ئەمەریكا، رەزامەندیان نەنواند". 
هەربۆیە وەك رێبین رونیدەكاتەوە رێكخراوە ئەمەریكییەكە بڕیاریان داوە وڵاتی بەلجیكا بكەنە شوێنی یەكتر بینیان لەگەڵ ئەم، دوای ئەوەی ڤیزەی ئەوێی وەرگرتوە، ئەو وتی "بەداخەوە تا ئێستاش هیچ لایەنێكی فەرمی لەحكومەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێم نەهاتونەتە سەر خەت لەكاتێكدا ئەمە پڕۆژەیەكە پەیوەندی بەمیللەتێكەوە هەیەك پەیوەندی بەپێكهاتەیەكی گرنگی عێراقەوە هەیەو پاڵپشتییەك دەبێ‌ بۆ بەجینۆساید ناساندنی كەیسی ئێزدیدیەكان لەجیهاندا".
وتیشی "هیوادارم بتوانم لەڕێگەی هونەرەوە خزمەتێك بەكەیسی جینۆسایدی ئێزیدییەكان‌و هیوادارم لەداهاتودا بتوانم لەڕێگەی هونەرەوە ئەوەی سیاسیەكان نەیانتوانیوە بیگەیەنن ئێمە كارەسات‌و نەهامەتیەكانی كورد بگەیەنین بەدونیا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×