هیومان رایتس ۆوچ: ئێران ئەندامانی خانەوادەی قوربانیانی فڕۆكە ئۆكرانییەكە هەراسان دەكات
  2021-05-28       514       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، بەرپرسانی ئێران دەستیان بە هەراسانكردن و ئازاردانی خانەوادەی ئەو كەسانە كردوە كە لە مانگی 1ی 2021 لە روداوی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكەدا لەئێران كوژران. رێكخراوەكە داوا لە وڵاتانی بەشدار لە لێكۆڵینەوەی ئەو روداوەدا دەكات كە مافی ئەندامانی خانەوادەی ئەو قوربانیانە بپارێزن.

ئاوێنە: رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوەوە تا مانگی 1ی ئەمساڵ لەگەڵ 31 كەس لە كەسوكاری قوربانییەكان و كەسانی ئاگادار لە رەفتارەكانی بەرپرسانی ئێران بەرامبەر كەسوكاری قوربانی فڕۆكە ئۆكرانییەكە، قسەیان كردوە.

ئەو كەسانە بە رێكخراوەكەیان وتوە، دەزگا ئەمنییەكانی ئێران بەشێوەیەكی هەڕەمەكی، ئەندامانی خانەوادەی قوربانیان روبەڕوی دەستگیركردن، لێكۆڵینەوەو لێپێچینەوەی نابەجێ، ئەشكەنجەو هەراسان كردن، كردونەتەوەو هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكان پارەو شتەكانی قوربانییەكانیان نەگەڕاندۆتەوە بۆ كەسوكارەكانیان و لە پرسی بە خاكسپاردن و گردبونەوەی یادكردنەوەیاندا دەستوەردانیان كردوە.

مایكل پەیج، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ وتویەتی، سەرەڕای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران ئەوەی كەمترین بەپرسیارێتی خۆی بەرامبەر كوشتنی 176 كەسی نێو فڕۆكەكە بەجێنەهێناوە، ئێستاش هێزە ئەمنییەكانی ئێران دەستیان كردوە بە هەراسانكردن و ئازاردانی ئەندامانی خانەوادەی قوربانییەكان، بەمەبەستی لەناوبردنی هەر ئومێد بە دادپەروەری.

لەدوای كوژرانی ئەو 176 كەسە بەهۆی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكەوە بە موشەكی سوپای پاسداران، لەماوەی ساڵی رابردودا دادگاكانی ئێران لانیكەم سزایان بەسەر 20 كەسدا سەپاندوە ئەوەش بە تۆمەتی بەشداریكردن لە ناڕەزایەتییەكان دژ بەو كردەوەیەی سوپای پاسداران و لانیكەم سێ كەسی دیكەش بە هەمان تۆمەت لە ئێستادا دادگاییكردنیان بەردەوامە.

هیومان رایتس ۆوچ وتویەتی، خانەوادەی قوربانییەكان وتویانە، بەرپرسانی ئێران لە چەندین رێوڕەسمی لەوانە ناشتنی قوربانییەكان و یادكردنەوەیاندا دەستوەردانیان كردوەو گوشاریان لە خانەوادەكان كردوە بۆ ئەوەی نازناوی شەهید لەلایەن حكومەتەوە بۆ قوربانییەكانیان قبوڵ بكەن.

16 كەس لەوانەی قسەیان بۆ رێكخراوەكە كردوە رایانگەیاندوە كە هێزە ئەمنییەكان هەڕەشەیان لێكردون كە قسەی بۆ میدیا بیانییەكان نەكەن و لێپێچینەوەیشیان لەگەڵ ئەو كەسانە كردوە كە لە رێوڕەسمی یادكردنەوەی قوربانییەكاندا بەشدارییان كردوە.

هەروەها وتوشیانە، هێزە ئەمنییەكان ئەندامێكی یەكێك لە خانەوادەی قوربانییەكانیان دەستگیركردوەو ئەشكەنجەیان داوەو هەڕەشەیان لە چەند ئەندامێكی دیكەی ژمارەیەك خانەوادەی دیكەش كردوە.

مایكل پەیج داوای لە وڵاتانی بەشدار لە لێكۆڵینەوەی ئەو روداوەدا دەكات كە مافی ئەندامانی خانەوادەی ئەو قوربانیانە بپارێزن بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی بەرپرسی روداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە بون سزای خۆیان وەربگرن و دەستەبەری قەرەبوكردنەوەی خانەوادەی قوربانییەكان بكرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×