نەتەوە یەکگرتوەکان لەڕۆژی جیھانی پاڵپشتی قوربانیانی ئەشکەنجەدا: زۆرینەی کات ئەنجامدەرانی ئەشکەنجە لەسزادان ڕزگاریان دەبێت
  2021-06-27       366       
کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕۆژی جیھانی پاڵپشتی قوربانیانی ئەشکەنجەدا بەیاننامەیەکی بلاوکردەوەو دەڵێت "ئاستی تۆڵەسەندنەوە لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ھێشتا بەرزە، لە کاتێکدا زۆرینەی کات ئەنجامدەرانی ئەشکەنجە لە سزادان ڕزگاریان دەبێت".

ئاوێنە: لە بەیاننامەیەکدا لە ڕۆژی جیھانی پاڵپشتیکردنی ڕزگاربووانی ئەشکەنجە، نوسینگەی کۆمسیارانی باڵای مافی مرۆڤی بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە کە ڕزگاربووانی ئەشکەنجە مافی دووبارە شیاندنەوەیان ھەیە و ئەوانەش کە ھاوکاریان دەبن لەم پرۆسەیەدا دەبێت ڕێگایان پێبدرێت کارەکانیان بەبێ تۆڵەلێسەندنەوە بکەن. دووبارەشیاندنەوە چارەسەری شیاوی تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و چارەسەرە تایبەتمەندەکانی تر دەگرێتەوە.
لە بەیاننامەکەدا ھاتووە: " ئەو کەسانەی بەرگەی ئازار و بەرەنجامە درێژخایانەکانی ئەشکەنجەیان گرتووە مافی یاساییان ھەیە بۆ دەست گەیشتن بە قەرەبووکردنەوەی شیاو و دادپەروەرانە، کە دووبارە شیاندنەوەی تێروتەسەل بەشێکە لەمە. ڕێکەوتننامەی دژ بە ئەشکەنجە ئەم چارەسەرانە دەخاتە بەردەست بۆ ئەوەی قەرەبووکردنەوەی شیاو و دادپەروەرانە لەپای ئەو پێشێلکارییە ئاشکرایانەی مافی مرۆڤ بگیرێتە بەر و ھەروەھا شکۆ بگەڕێندرێتەوە [بۆ ڕزگاربووەکان.]"
"بەتایبەت گرنگە کە حکومەتەکان ڕێزبگرن لە مافی قەرەبووکردنەوە و جێبەجێی بکەن، دەبێت گرنگی تایبەت بدەن بە زامنکردنی بەشداری  پیشەگەرانی پزیشکی و پیشەگەرانی دیکە لە چارەسەرکردنی ڕزگاربووانی ئەشکەنجە و ھەروەھا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ بتوانن کاری گرنگی دۆکیۆمێنت کردنی ئەشکەنجە و پاڵپشتیکردنی ڕزگاربووانی ئەشکەنجە بکەن، بەبێ کۆت وبەند و تۆڵە لێسەندنەوە."
ھەر لە بەیاننامەکەشدا ھاتووە کە ئاستی تۆڵەسەندنەوە لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ھێشتا بەرزە، لە کاتێکدا زۆرینەی کات ئەنجامدەرانی ئەشکەنجە لە سزادان ڕزگاریان دەبێت. حکومەتەکان ھەر بەوە ناوەستن کە نکوڵی لە بەکارھێنانی ئەشکەنجە بکەن، لەگەڵیدا ئەوەش ڕەتدەکەنەوە کە لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەشکەنجە بکەن، ھەروەھا ترساندن و تۆڵەسەندنەوە لە دژی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و ھەواڵدەر و ڕۆژنامەنوسان بەکاردەھێنن، بۆ ئەوەی ساردیان بکەنەوە لە دەنگ ھەڵبڕین و بەدەستھێنانی قەرەبووکردنەوە بۆ ڕزگاربووانی ئەشکەنجە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ھاتووە: "ھانی دەوڵەتان دەدەین کە جێبەجێی قەدەغەی تەواوەتی و جیھانی ئەشکەنجە و مامەڵە توند و نامرۆڤانە و ڕیسواکەرانەکان و سزادان بکەن و ژینگەیەکی ھاوکاریکەر دروستبکەن بۆ قەرەبووکردنەوە و شیاندنەوەی ڕزگاربووانی ئەشکەنجە و بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئازادانە کاربکەن."
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×