ژاڵە، لەخۆكوژەوە بۆ فریادڕەس
  2019-05-20       2949       


ئا: تارا عەزیز


ژنێكی بێدەنگ، دایكی سێ منداڵە. سەختی ژیان پیری كردوە، ئەگینا لە هەڕەتیەتی. ئازارێكی قووڵ لە پشتی ڕووخسارە هێمنەكەیدا خۆی حەشارداوە، ئەگەر باسی نەكات هیچ كەسێك هەستی پێناكات. سەرباری دڵڕەقی زەمانە، هێشتا ئومێد‌ لەناو ئازارەكانیدا جولە دەكات و ئامادەنییە كۆڵبدات.


ژاڵە، ناوی خوازراوی ئەم ئافرەتەیە كە لە منداڵییەوە كوشتەی بڕیارە سەپێنەرەكانی خێزانەكەی بووە و لەتەمەنێكی كەم، بەجۆرەها ئەشكەنجەو ئازاردی جەستەیی و دەرونیدا تێپەڕیوە! بەڵام ئێستا خانمێكی پێگەیشتووە و باسی چیرۆكی نەهامەتی خۆیمان بۆ دەكات.


بەپێی ئەو كلتورەی لە خێزان و باوانیدا هەیە، كچانیان بە منداڵی بەشودەدەن! ئەو لە تەمەنی ١٢ ساڵی دراوەتە پیاوێك كە ٢٨ ساڵی لەو گەورەتر. وەك ژاڵە وتی "نەمدەزانی شو چییە! من پیاوەكەم نەبینیبوو، نەشمدەزانی بۆكوێم دەبەن، تەنیا ئەوەندەم بیرە كە جلی سپییان لەبەركردم" ئیدی لێرەوە چیرۆكی ژاڵە دەستپێدەكات.


دوای ئەوەی بەزۆر بەشو دەدرێتە پیاوێك، كە هاوتەمەنی باوكییەتی، بۆ ژاڵە زەحمەت دەبێت لەمانای هاوسەرگیری تێبگات، كە ژنە بەتەمەنەكان نزیك خێزانەكەی ئامۆژگاری یان قسەیان بۆ كردووە، هەرئەوانیش بەرهەڵستی هەموو هەڵسوكەوتە سادە و منداڵانەكانیان كردووە و پێیان وتووە "تۆ شووت كردووە چیتر منداڵ نیت" ژاڵە ناچار دەبێت ژیانێك بژیت كە نازانێت چارەنوسی چییەو دواتر ئەشكەنجەیەك دەدرێت كە خۆیشی تێینگات.


ئەو دەڵێت "چوار ساڵ لەگەڵ ئەو پیاوەدا ژیام، چوار ساڵ هەموو شەوێك بە مەستی دەهاتەوە و لێی دەدام، هەموو جۆرە جنێو و قسەیەكی ناشرینی پێدەوتم. دایكم و خزمەكانم قەناعەتیان پێهێنابووم، كە پەیوەندی هاوسەرگیری هەر وایە و دەبێت بەرگەی بگرم! تەنها لەپێناو ئەوەی پێم نەوترێت تەڵاقدراوە، بەڵام تاوانی من چیبوو منداڵیم وابێت؟".


ژاڵە ئامۆژگارییەكانی لەمێشكدا ماوە و هەر بۆیە بێدەنگ دەبێت كاتێك دوو ژنی بەسەردا دەهێندرێت. لە تەمەنی ١٣ ساڵی یەكەم منداڵی دەبێت، لە ماوەی چوار ساڵ ژیان لەگەڵ مێردەكەی دەبێتە دایكی ٣ منداڵ. بەپێچەوانەی ئەوەی پێی وترابوو، بوونی منداڵ پەیوەندییەكەی باشتر نەكرد بەڵكو وایكرد ژاڵە بەتەنها بەرپرسیارێتی خێزان هەڵگرێت "مێردەكەم هیچكات وەكو هاوسەری خۆی تەماشای نەكردووم، ژمارەكەی منی دەدا بە هاوڕێكانی، دەیوت ئەمە دۆستمە قسەی لەگەڵ بكەن! بەردەوام دەترسام رۆژێك خۆم و كچەكەشم بفرۆشێت".


ژاڵە بە بینینی خوشكەكانی و دایكی كە بارودۆخیان لەژاڵە باشتر نییە، هەوڵدەدات بەرگەی سوكایەتییەكان بگرێت و بێدەنگ بێت لەو ئەشكەنجە و ئازارە دەرونیەی ئەو دوو ژنەی بەسەریدا هێنرابوو، تا ئەو ڕۆژەی كوڕە تەمەن سێ ساڵانەكەی تووشی خوێنبەربوون دێت و پێویستی بە نەخۆشخانە دەبێت.


ژاڵە هەناسەیەكی قوڵ هەڵدەمژێ و چاوەكانی دادەخات، وەك ئەوەی بیەوێ وێنای ئەو ڕۆژە بەتەواوی بێنێتەوە بەرچاوی "پێی وتم كێ ئەڵێ ئەمە كوڕی منە و چ پێویست دەكات من بیبەم بۆ نەخۆشخانە! منیش ناچاربووم خۆم بیبەم، دواتر كە مێردەكەم زانی خۆم بردوومە جنێوی پێدام و ویستی لێمدات، بۆیەكەمجار هەستمكرد پێم قبوڵناكرێ و بەرگریم لەخۆم كرد و بیدەنگیم شكاند، لەسەر ئەو قسانەم تەڵاقیدام".


هەرچەندە كە مێردەكەی دواتر هەوڵیداوە بارودۆخەكان ئاسایی بكاتەوە، بەڵام ژاڵە پێی وابووە ناتوانێت جارێكی تر هەمان ژیان بەڕێبكاتەوە و ئەمەی بە دەرفەت زانی بۆ رزگاربوون لەم ژیانە. لەوێدا سەرەڕای دژایەتییەكانی خێزانەكەی، ئەو سوور دەبێت لەسەر نەگەڕانەوەی. هەر بۆیە ژاڵە لە كۆتاییەكانی تەمەنی ١٥ ساڵیدا جیادەبێتەوە لە مێردەكەی و لەگەڵ سێ منداڵەكەیدا دەگەڕێتەوە ماڵی باوكی.


دوای جیابونەوەی و دەستپێكردنی ژیانێكی نوێی پڕ ئازار بەخەمی ژیان و منداڵەكانی، بە دەنگێكی تێكشكاوەوە وتی "چوار جار بەجدی هەوڵمدا خۆم بكوژم، ژیانی منداڵەكانم نەبوایە من ئێستا مردبووم".


ماوەیەك تێدەپەڕێ بەسەر جیابوونەوەیدا و ژاڵە بڕیاردەدات چیدیكە بیر لەخۆكوشتن نەكاتەوە و زاڵبێت بەسەر هەموو زەحمەتییەكانی ژیانی و ڕووبەڕوویان ببێتەوە، بۆیە لەسەرووی ئەركە گرانەكانی خێزانەكەی، بڕیاردەدات دەستكاتەوە بەخوێندن، هەر بۆیە تاقیكردنەوەی دەرەكی دەكات و سەركەوتوو دەبێت. پاشان لە هەوڵی بەدەستهێنانی كارێك دەبێت و گرنگی بە توانجی دەوروبەر و خێزانی نادات، چەند هەوڵی ڕێگری كردنیاندا، بەڵام گورجتر هەستایەوەو بەردەوام بوو.


ئێستا دوای ١٠ ساڵ لەجیابونەوە، تەمەنی بووە بە 25 ساڵ، لە ڕێكخراوێكی دژ بە توندوتیژی وەكو داكۆكیكارێك لە مافی ئافرەت كاردەكات و ڕۆژانە كێشەی ژنان و كچان چارەسەردەكات. چەندین كەسی پەشیمان كردووەتەوە لە بڕیاری خۆكوشتن، منداڵەكانی لە قوتابخانەن و بەردەوام لە هەوڵی دابینكردنی داهاتوویەكی جێگیرە بۆیان، ئێستادا سەرقاڵی پلانی دامەزراندنی ئابوورییەكی تۆكمەیەو هەنگاوی سەركەوتوو دەنێت.


هەرچەندە هێشتا تەواو ئازاد نییە، بەڵام سوورە لەسەر دەسبەردار نەبوون لەكارەكەی "بەردەوام پێمدەڵێن تۆ ژنێكی جیابویەوەی و چۆن دەبێ كاربكەیت، ئافرەتی بێوەژن نابێ بچێتە دەرەوە! بەڵام من گرنگی بەم قسانە نادەم، چونكە ئافرەت بەهێزە و نابێ رێگابدات تواناكانی لەبار ببرێت".



ئەم ستۆرییە بە هاوكاری و پشتیوانیی رێكخراوی “Internews” ئامادەكراوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×