گۆشەیەکی پرشنگدار لە مێژووی چینی کرێکاری ئەمریکا
  2021-07-29       447       

عامر سابیر



پێشەکییەکی کورت و پێویست:
لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1929 دا سیستەمی سەرمایەداری لە ئاستی دنیادا تووشی داڕوخان و قەیرانێکی قوڵ بوو. کە لەبەر گەورەیی  داڕمانەکە و کارەساتبارە ترسناکەکانی بە (گرەیت دیپرێشن) ناسراوە. کە لە زمانی کوردیدا بە (گرانی گەورە) ناوبراوە. کە تیایدا لە وڵاتیکی وەک ئەمریکادا 25٪ی هیزی کار بێکارکران و بە دەیان ملیۆن کرێکار کارەکانیان لەدەستدا. بە ملیۆنان کەس لە خانووەکانیان دەرکران و بێ لانە کران. هەژارییەکی زۆر و برسێتییەکی بێ وێنە  بڵاوبۆوە.

بەڵام خاڵی پڕشنگدار و هیوابەخشی ئەو کۆمەڵگایە لە کاتی ئەم ئەزمە قوڵەدا، ئەوە بوو کە سێ حیزبی گەورەی چەپ و کۆمۆنیستی تیادا هەبوو، لەگەڵ کۆنفیدراسیۆنێکی نەقابەکرێکارییەکانی ئەمریکا. کە بریتی بوون لە:
حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا
حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکا
حیزبی سۆشیالیستی کرێکاری ئەمریکا
یەکێتی نەقابە کرێکارییەکانی ئەمریکا کە بە (ڕێکخراوەکانی کۆنگرەی پیشەسازی) ناسراوبوو.
Communist Party of the United State of America (CPUSA)
Socialist Party of America (SPA)
Socialist Labor Party of America (SLP)
Congress of Industrial Organizations (CIO)

وەڵامی کرێکارانی ئەمریکا بە گرانی گەورە (گرەیت دیپرێشن):

چینی کرێکاری ئەمریکا بۆ وەڵامدانەوە بە دەرئەنجامە ترسناکەکانی ئەم ئەزمەیەی سەرمایەداری. خۆیان زیاتر ڕێکخراوکرد و بە ڕیزی ملیۆنی پەیوەست بوون بە نەقابە کرێکارییەکان و حیزبە کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانەوە. ئەندامانی هەریەک لەم حیزبە سیاسی و نەقابە کرێکاریانە بە دەیان جار چووە سەرەوە. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جمەی ئەهات لە شارەکانی ئەمریکادا. ئەم سێ حیزبە و نەقابە کرێکارییەکان، کواڵەیشنێکێان (هاوپەیمانێتی)یەکیان پێکهێنابوو و وە یەکیان گرتبوو تیایدا.

لە ساڵی 1933دا، کاتێک فرانکلین رۆزەڤیڵت (1882-1945) کە سەر بە حیزبی دیموکرات بوو، تازە ببوو بە سەرۆکی ئەمریکا (32 هەمین سەرۆکی ئەمریکا). ڕۆزەڤیڵت کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ نووێنەرانی حیزبی کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکان و نەقابەکرێکارییەکان کە لە کواڵەیشنێکدا پێکەوە خۆیان ڕێکخستبوو. ئەم نووێنەرانە داخوازییەکانیان دا بە ڕۆزەڤیڵت تا بە زوویی بۆیان جێبەجێ بکات. وە پییان وت کە ئەگەر جێبەجێی نەکەی ئەوا ڕێگەی تر ئەگرینەبەر و باسیان لە شۆڕش ئەکرد. ڕۆزەڤیلت سیاسییەکی زیرەک بوو، پێی نەوتن نا. وتی ڕێگەم بدەن بیری لێبکەمەوە و وەڵامتان ئەدەمەوە.

لە پاش دوو سەعات لەم کۆبوونەوەیە، ڕۆزەڤیلت تەلەفۆنی کرد بۆ سەرمایەداران و بزنس کۆمیونیتی ئەمریکا و داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کردن. کە ئەمە ئاسان بوو بۆ ئەو، چونکە ئەو خۆشی یەکێک بوو لەوان و زۆربەیانی ئەناسی و برادەری یەکتربوون.
لەم کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ سەرمایەدارانی ئەمریکادا، ڕۆزەڤیلت پێی وتن کە من تۆزێک پێش ئێستا کۆبوونەوەم لە گەڵ نووێنەری کۆمۆنیست و سۆشیالیست و نەقابە کرێکارییەکاندا هەبوو. کە ئەوان زۆر توڕەن و داخوازییەکانیان داوە بە من تا بۆیان جێبەجێ بکەم. ئێستا هاتووم بۆ لای ئێوە و دوو داواکاریم لیتان هەیە؛
یەکەم: داواتان لێ ئەکەم کە ڕێگریم لێ نەکەن لەوەی ئەیکەم بۆ یارمەتیدانی ئەوان.
دووەم: داواکارم کە نەک هەر ڕێگریم لێ نەکەن، بەڵکو یارمەتیم بدەن تا بتوانم یارمەتی خەڵکی ئەمریکا بدەم لەم ئەزمەیەدا.
ڕۆزەڤیڵت پێی وتن، خۆتان ئەزانن کە لەم ئەزمەیەدا خەڵک زۆر بێکار بووە. حکومەت پارەی نییە و باجی نایاتە دەستەوە تا بتوانێ یارمەتی ئەوان بدات. بۆیە ئەبێت ئێوە بەشێک لە پارەکانی خۆتانم بەنێ تا یارمەتی خەڵکی پێ بدەم. وە ئامۆژگاریتان ئەکەم کە ئەمە بکەن، ئەگەر نا، ئەوا ئەو کۆمۆنیستە تووڕانە باس لە شۆڕش ئەکەن. پێی وتن ئەزانن شۆڕش یانی چی؟ یانی وەک ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوپێش لە ڕوسیا ڕوویدا. بۆیە ئەگەر یارمەتی من نەدەن، ئەوا ئەوان کارێک ئەکەن کە پارەتان هیچ نەمێنێ. بۆیە ئامۆژگاریتان ئەکەم کە بەشێک لە پارەکانتان بدەن بە من تا داخوازییەکانی ئەوانی پێ جێبەجێ بکەم.

ئەم قسانەی ڕۆزەڤیڵت سەرمایەدارانی کرد بە دوو بەشەوە. بەشێکیان ڕازی نەبوون و قاعەکەیان بەجێهێشت و تووڕەبوون. بە ڵام توانی نیوەیان ڕازیبکات. ئەمە بەس بوو بۆ ئەو، بە نیوەی ئەوان توانی داخوازی نوێنەرانی کواڵەیشنەکە جێبەجێ بکات.
ڕۆزەڤیڵت ڕۆیشتەوە بۆ لای کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکان و پێی وتن کە من هەموو داخوازییەکانتان بە زیادیشەوە بۆ جێبەجێ ئەکەم بەڵام بەو مەرجەی کە ئیتر ئێوەش باسی شۆڕش نەکەن و لە ئەجندای خۆتان دەریکەن. نوێنەرەکان زۆربەیان نەک هەموویان ڕازیبوون بەم ڕێکەوتنە.

ڕۆژی دواتر ڕۆزەڤیڵت چووە سەر ڕادیۆ (کە لەو ڕۆژگارەدا تەلەڤزیۆن نەبوو هەر ڕادیۆ هەبوو) و سیستەمی سۆشیال سیکیوریتی (تەئمینی کۆمەڵایەتی) ڕاگەیاند. کە بۆیەکەم جار بوو لە مێژووی ئەمریکادا و وتی هەر کەسێک لەسەرو 65 ساڵەوەیە تا ئەو کاتەی لە ژیاندا بێت، مانگانە لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە چەکێکی بۆدێت تا ژیانی پێ دابین بکات.
ئەمە گۆڕانکارییەکی گرنگ بوو. تا ئەو کاتە کە بەخێوکردنی کرێکارانی خانەنشینکراو کەوتبووە سەر شانی نەوەکانی ئەو کرێکارانە خۆیان. بەم بڕیارە نەوەکانیان لە خەمی ژیانی ئەوان ڕزگارکران، تا زیاتر بپەرژێنە سەر ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان.

ڕۆژی دواتر بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەمریکادا ڕایگەیاند کە هەر کەس بێکار بێت ئەوا بیمەی بێکاری پێ ئەدرێ تا ئەو کاتەی ئیشێکی شیاو ئەدۆزێتەوە.

ڕۆزەڤیڵت هەر لەوماوەیەدا ڕۆیشتەوە سەر ڕادیۆ و ڕایگەیاند، کە حکومەتی ئەمریکا یارمەتی ئەوانە ئەدات کە بێکارن و ئیشیان بۆ ئەدۆزێتەوە. ڕۆزەڤیڵت وتی خەڵک زۆر بێکارە، ئەگەر کەرتی تایبەت و سەرمایەداران و کۆمپانیاکان ناتوانن یان نایانەوێ ئیش بدەن بە کرێکارانی بێکار. ئەوا ئەرکی سەرشانی من و حکومەتی ئەمریکایە کە ئیش بۆ دانیشتوان بدۆزێتەوە. وە بەپێی بەرنامەیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو 15 ملیۆن کرێکاری کردە سەر کار و لە کەرتی گشتی دایمەزراندن.  ئەم 15 ملیۆن کەسە لە کرێکارێکی ناشارەزاوە تا دارتاش و پەیکەرساز و ئەندازیار و میوزیک ژەنی تیادا بوو. زۆربەی ئەو باخچە (پارک) ە نایاب و پەیکەرە سەرنجڕاکێش و پردانەی ئێستای ئەمریکا، بەرهەمی دەستی کرێکارانە کە لە گرانی گەورەدا لەم بەرنامەیەدا ئیشیان کرد.

سەرنج بدەن، لەوکاتەدا سەرجەم دانیشتوانی ئەمریکا نزیک بە 127 ملیۆن کەس بوو. دەوڵەت 15 ملیۆن کرێکاری لە کەرتی گشتی دامەزراند. یانی ئەگەر بەراوردی بکەین بە ئێستا کە دانیشتوانی ئەمریکا نزیک بە 330 ملیۆنە، واتە حکومەت 38 ملیۆن هەلی کار لە کەرتی گشتی بڕەخسێنێ بۆ کرێکاران. 

هەر لەو کاتەدا (1933) ڕۆزەڤیڵت بۆ جارێکی تر چۆوە سەر ڕادیۆ و بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا لانی کەمی کرێی دیاری کرد کە 0.3 دۆلار واتە (30 سێنت) بوو بۆ هەر سەعاتێک. کە لە ئێستادا (2021) لانی کەمی کرێی حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا (7.25$) دۆلارە، کە لە ئێستادا نزمترینی لانی کەمی کرێیە لە نێو وڵاتانی (ئۆ ئی سی دی)دا.
OECD= Organisation for Economic Co-operation and Development
ئەم بڕیارانەی کە سەرۆکی ئەمریکا فرانکلین ڕۆزەڤیڵت لەو کاتەدا دەریکرد لە ژێر فشاری چینی کرێکاری ئەمریکادا بوو کە خۆیان ڕێکخستبوو لە حیزبی کۆمۆنیست و دوو حیزبی سۆشیالیست و سەندیکا کرێکارییەکاندا. دەرکردنی ئەم بڕیارانە، ئەم سەرۆکەی کرد بە خۆشەویستی خەڵک و شەعبییەتی بەرزبۆوە و چوار جار لەسەر یەک هەڵبژێردرایەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا. تا لە 12ی ئەیپرڵی 1945 دا بە جەڵتەی مێشک کۆتایی بە ژیانی هات، لە کاتێکدا لە تێرمی چوارەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بوو.
ڕۆزەڤیڵت بۆ ئەوەی پارە دابین بکات بۆ ئەو بڕیارانەی کە لە بەرژەوەندی چینی کرێکاردا دابووی. زەریبەی سەر کۆمپانیاکانی سەرمایەدارانی زیاد کرد. ڕۆزەڤیڵت لەبارەی زیادکردنی باجی سەر کۆمپانیاکان، بڕیاری نارد بۆ کۆنگرێس و داوایکردبوو کە هەر کۆمپانیایەک ئەگەر ساڵانە لە سەرو 25 هەزار دۆلار (بە پێوەری ئێستا واتە نزیک بە 490 هەزار دۆلار) زیاتر قازانج بکات، ئەوا ئەبێت  100٪ بیدات بە دەوڵەت.  
ناردنی ئەم بڕیارەی ڕۆزەڤیڵت بۆ کۆنگرێس، سەرمایەدارانی تووڕە کرد و موناقەشەی زۆری لەسەر کرا لە کۆنگرێسدا. تا سەرئەنجام بە 96٪ ڕازیبوون. تەنانەت تا ساڵانی 1970ش باجی سەرکۆمپانیاکان 70٪ بوو.
لە 2017 دا باجی سەرکۆمپانیاکان 35٪ بوو. دۆناڵد ترامپ بڕیاری داو ئەمەشی کەمکردەوە و لە 1/1/2018 ەوە بوو بە 21٪. وە ئێستا جۆ بایدن نیوەی ئەوەی ترامپ بڕیبووی زیاد کردەوە و کردی بە 28٪.
سەرنج بدەن، ئەگەر ئێستاش وەک سەردەمی گرانی گەورە، باجی سەرکۆمپانیاکان بکرێ بە 96٪. لە کاتێکدا لە ئێستادا قازانجی هەر یەک لەو کۆمپانیا گەورانە دەیان بلیۆن دۆلارە ساڵانە. ئایا ئەتواندرێ چەند گۆڕانکاری گەورەی لەبەرژەوەندی 99٪ی دانیشتوانی ئەمریکادای پێ بکرێ.

هێڕشی پێچەوانەی سەرمایەداران و چینی بۆرژوازی ئەمریکا بۆ سەر چینی کرێکار:

ڕۆزەڤیڵت پێش ئەوەی بمرێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پرسیاریان لێکرد کە، ئایا باشترین شت تا ئێستا لەماوەی سەرۆکایەتییەکەتدا کردبێتت بۆ ئەمریکا چییە؟ لە وەڵامدا وتی باشترین شت کردبێتم ئەوەیە کە سیستەمی سەرمایەداریم لە ئەمریکادا پاراست.
لە پاش مردنی ڕۆزەڤیڵت، سەرمایەداران و حیزبی کۆماری یاسای تازەیان دەرکرد و بڕیاردرا کە لەمەودوا هیچ سەرۆکێک نابێت لە دووجار زیاتر خۆی کاندید بکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا.

سەرمایەداران و چینی بۆرژوازی ئەمریکا ئەوەیان لا ڕۆشن بوو کە ڕۆزەڤیڵت لە ژێر فشاردا ئەو بڕیارانەی لە دژیان دەرکردبوو. بۆیە هێڕش و ڕوی ڕمیان کردە  ئەو هاوپەیمانێتییەی کە لە بەینی کۆمۆنیست و سۆشیالیست و نەقابە کرێکارییەکاندا هەبوو.
سەرەتا هێڕشی یەکەمیان کردە سەر گونجاوترین ئەڵقەی ئەو هاوپەیمانێتییە. کە حیزبی کۆمۆنیست بوو بۆیان. لەماوەی شەو و ڕۆژێکدا کۆمۆنیستەکان لە ڕابەرانی خۆشەویستی خەڵکەوە، لە نوێنەرانی باوەڕپێکراوی مامۆستایان و کرێکاران و ناوەندەکان و گەڕەکەکانەوە، لە بیرمەندی بە ئیعتیباری زانکۆکانەوە، کرانە سیخوڕ و بەکرێگیراوی بێگانە و یەکێتی سۆڤییەت. هەندێکیان تیرۆرکران یان ئەشکەنجە و زیندانی کران، یان دیپۆرت کران و ڕەوانەی ئەو وڵاتانە کرانەوە کە خۆیان یان باوباپیرانیان لێوەی هاتبوون. بە ڕەسمی کار و چالاکیان قەدەغە ڕاگەیەنرا  و بە  دوژمنی وڵات و دانیشتوانی ئەمریکا وەسفکران.
سەرمایەداران کە لەم کارەدا سەرکەوتووبوون و حیزبی کۆمۆنیستیان تێکشکاند. ئینجا بە هەمان بیانوو هێڕشیان کردە سەرحیزبە سۆشیالیستەکان و وتیان ئەمانیش هەر کۆمۆنیستەکانن و تەنها ناوەکانیان جیایە. ئەمانیشیان قەدەغە کرد و لەناویانبردن و نایاسایی ڕاگەیەنران.
کە لەم کارەشدا سەرکەوتووبوون، ئینجا بە شێوەیەکی سیستیماتیک هێڕشی بەربڵاویان کردە سەر نەقابە کرێکارییەکان و لاوازیان کردن و تەبلیغی ژەهراویان لە دژ ڕاگەیاندن و ڕێگریان بۆ دروستکردن تا کەسانی تر پێیانەوە پەیوەست نەبن. ڕابەرەکانیان زیندان ئەکردن و ئەشکەنجەیان ئەدان.
بۆ ئەوەی نەقابەکان نەتوان ئەندامگیری بکەن و ئەو ئەندامانەی هەشیانە لەدەستی بدەن. بڕیاریاندا کە هەر بڕیارێک ئەوان لەگەڵ خاوەنکارەکاندا لەسەری ڕێک کەوتن ئەوا ئەو بڕیارە هەر بۆ ئەندامانی نەقابەکان نییە وهەموو کرێکارانی ئەو ڕشتەیە بەهرەمەند ئەبن لێی. لەم ڕێگەیەوە بە ناڕاستەوخۆ بە کرێکارانیان ئەوت بۆ ئەبن بە ئەندامی نەقابە و ئابوونەیان ئەدەنێ. ئەگەر ئەندامیش نەبن هەر بڕیارێک دەرچێت تۆش ئەگرێتەوە.  ئەمانە سەرەڕای تەبلیغی ژەهراوی ئەوەی کە ئەیانوت ئەگەر ببن بە ئەندام ئەوا ئازادی فەردی لەدەست ئەدەن. حیزبە چەپ و نەقابە کرێکارییەکانیان بە دێوە زمە ئەناساند.

هەر لەوکاتەوە ئیتر کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی سۆشیالیستی لە ئەمریکادا سەرکوتکرا. ڕەخنەگرتن لە سیستەمی سەرمایەداری قەدەغەکرا. بەکارهێنانی وشەی کۆمۆنیست و سۆشیالیست نایاسایی ڕاگەیەنرا. ئەندامانی نەقابە کرێکارییەکان لە 80-90٪ ەوە کەمکرایەوە بۆ کەمتر لە 10٪.

ئەم وەزعییەتە لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە درێژەی کێشا، تا سێپتەمبەری ساڵی ٢٠١١. تا کاتێک بزووتنەوەیەکی تازە سەریھەڵدا. کە بەردەوام بزووتنەوەی تازە لێرە و لەوێ گەشە ئەکات و سەردەردێنێ. ئەم بزوتنەوەیە ناوێکی سەیری ھەبوو " ئۆکیوپای ۆڵ ستریت- داگیرکردنی شەقامی ۆڵ". وە لەمەش سەیرتر ئەوە بوو کە ئەمە بزوتنەوەیەک بوو کە گەنجان ڕێکیانخستبوو کە زۆر دلێر و شۆڕشگێڕ و ھێڕشبەربوون و لە ناوەندی شاری نیویۆرکدا لە پارکێک لە مانھاتن خێمەیان ھەڵدابوو. ئەم بزووتنەوەیە وەک ئاگری دارستان پڕیشکی ھاویشت و بڵاوبۆوە، کە لە ماوەی سێ مانگدا لە ٣٥٠ شاری ئەمەریکادا گەنجان ھەمان کاریان دووبارەکردەوە. ئەوەی لەم بزووتنەوەیەدا خاڵی زۆر بەھێز بوو، ئەوە بوو کە ڕەخنەیان لە کەپیتالیزم نەشاردەوە و ئەمانە کارێکیان کرد کە ھیچ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە ماوەی شەست و پێنج ساڵی ڕابردوودا نەیوێرابوو بیکات لە ئەمەریکادا. شیعاری سەرەکیان بریتی بوو لە ١٪ بەرانبەر ٩٩٪. کە ڕەخنەکەیان ھێندە بە سادەیی و کارامەیی بەیان کرد لە دژی سەرمایەداری، تەنانەت سەرۆکی ئەمەریکاش لە پاش دوومانگ ناچار بوو ھەمان شیعار لە وتاری خۆیدا بەکاربھێنێ. ڕەخنەیان لە ئیقتسادی سیستەمی سەرمایەداری ئەوە بوو کە ئەم سیستەمە کۆمەڵگا دابەشدەکات بە ١٪ کە دەسەڵات و سەروەتی زۆی ھەیە، وە لە بەرانبەریشدا ٩٩٪ کە ھیچیانی نییە یان بەشێکی زۆر کەم لە ھەردوکیانی ھەیە. ئەم بزووتنەوەیە زۆر درێژەی نەکێشا، بەڵام ئەمە پێویستە کەس تووشی سەرسوڕمان نەکات. بزووتنەوەی لەم جۆرە ھەڵئەتۆقێ و ھەوڵئەدا جێپێی خۆی بگرێ و زۆر جار لە ھەنگاوی یەکەمدا
سەرکەوتوونابێت.

لە ئێستادا بۆ جارێکی تر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و سۆشیالیستی  لە ئەمریکادا لە گەشەکردن و پەرەسەندنێکی بەرچاو و بەردەوامدایە و ئومێدی گەورەی لێ چاوەڕوان ئەکرێ.

هەژموونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە سەر کرێکارانی ئەمریکاوە:

شۆڕشی کرێکارانی ڕوسیا، شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی 1917 دا بە ڕابەرایەتی لینین و حیزبی بەڵشەفی، گەورەترین ڕووداوی دنیا بوو لە سەدەی بیستەمدا. هەژموونی ئەم شۆڕشە بەسەر کرێکارانی ئەمریکا و تەواوی دنیاوە زۆر کاریگەر بوو. ئەوە ڕاستە کە کرێکارانی ئەمریکا بە خۆ ڕێکخستن و یەکگرتنیان توانیان داواکانیان بسەپێنن بەسەر چینی سەرمایەداردا. بەڵام لە هەمان کاتدا هەژموونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەئاسانی ئەتواندرێ هەست پێ بکرێ. ئەوەی لە گرانی گەورەدا کرێکارانی ئەمریکا بەدەستیان هێنا تا ئەوەی باڵی چەپی بۆرژوازی لە ئەوروپادا زیاتر دەوڵەتی ڕیفای هەموارکرد و زیاتر داخوازییەکانی کرێکارانیان دەستەبەر کرد، هەمووی بەرهەمی خەتەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو. بەرهەمی خەتەری شۆڕشی سۆشیالیستی بوو لەسەر بۆرژوازی.  

دەرسەکانی کرێکارانی ئەمریکا لە گرانی گەورەدا بۆ ئێمە:

سەرنج بدەن، ئەگەر لە وڵاتێکی گرنگی وەک ئەمریکادا، ئەگەر لەوهەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیەی گرانی گەورەدا، کە سەرمایەداری لە ئەزمەی قوڵدا بوو. کە ناڕازایەتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش شەپۆلی ئەدا، کە کرێکاران بەهرەمەند بوون لە حیزبی سیاسی و سەندیکای کرێکاری خۆیان، کە بە ڕێزی ملیۆنی خۆیان ڕێکخراو کردبوو لە حیزبی سیاسی و ڕێکخراوە کرێکارییەکاندا و هاوپشتی یەکتر بوون و هاوپەیمانێتیان پێک هێنابوو.
ئەگەر ڕابەرانی هاوپەیمانێتیەکەیان (کواڵەیشنەکەیان) ڕێفۆرم و شۆڕشیان تێکهەڵپێچایە و لە جیاتی ڕازی بوون بەو ڕیفۆرمانەی سەپاندیان بەسەر چینی سەرمایەدار و بۆرژوازیدا، شۆڕشیان ئەنجام بدایە. ئایا ئێستا چارەنووسی نەک هەر کۆمەڵگای ئەمریکا، بەڵکو هەموو کۆمەڵگای بەشەری، شتێکی جیا تر لەمەی ئێستا نەئەبوو؟ 

بۆ کرێکارانی سۆشیالیست، بۆ کۆمۆنیستەکان، ڕیفۆرم و شۆڕش تەواوکەری یەکترن. ڕیفۆرم و سەپاندنی لانی زۆری داخوازییەکان بەسەر بۆرژوازیدا، نابێت شۆڕش و گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی لە بیری چینی کرێکار بباتەوە. بەدەستهێنانی داخوازییەکانمان و سەپاندنی ڕیفۆرم ئەبێت گوڕو و تینی زیاترمان باتێ و لە ئەنجامدانی شۆڕش و گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی نزیکترمان بکاتەوە، نەک ساردمان بکاتە و پشتی لێ بدەینەوە. ڕیفۆرم و داخوازییە سەرەتایی و بەرحەقەکان ئەگەر ئەمڕۆش بتواندرێ بسەپێندرێ، ئەوا لە سبەی ڕۆژدا بۆرژوازی کەمی ئەکاتەوە و نایهێڵی و هێڕشی دڵڕەقانەتر ئەکاتە سەر ماف داخوازییە ڕەواکانمان. ئەمە ئەو دەرسە گرنگەیە کە ئێمە ئەتوانین لە تەجرەبەی کرێکارانی ئەمریکا لە گرانی گەورەدا لێوەی فێربین.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×