ئیستانبوڵ؛ لە یەك رۆژدا 435 پەنابەر دەستگیركران
  2021-07-30       528       

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی ئاشكرایكرد، دوێنێ پێنجشەممە، لە ئۆپەراسیۆنێكی پۆلیسدا تەنها لەنێو شاری ئیستانبوڵی توركیا، 435 پەنابەر دەستگیركراون و بەوەش لە هەفتەی رابردودا زیاتر لە یەك هەزارو 500 پەنابەر لەو شارە دەستگیركراون.

ئاوێنە: فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا لەزاری هیوا خدر، ئەندامی فیدراسیۆنەكەوە لە توركیا رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکی پۆلیسی شاری ئیستانبوڵدا لە هەریەكە لە ناوچەو گەڕەکەکانی (فاتیح، زەیتن بۆڕنۆ، گوین گوران، کوچوک چەکمەجە، بیوک چەکمەجە، ئەسەنیۆرت، بەیلک دوزو)ی شارەكە تەنها لە ڕێکەوتی 29/7/2021، 435 پەنابەر دەستگیركران.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەماوەی هەفتەی رابردوشدا تا ئەو ڕیکەوتە ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە ئۆپراسیۆنەکانی پۆلیسدا لەو گەرەک و ناوچانەی ئیستانبوڵ دەستگیرکراون گەیشتۆتە یەک هەزارو 559 پەنابەر.

سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو پەنابەرانە، پۆلیسی شاری ئیستانبوڵ ئاماژەی بەوەداوە کە زۆربەی ئەو پەنابەرانەی دەستگیریان كردون بەنایاسایی چونەتە شارەكەو لەچاوەڕوانی ئەوەدا بوو بەرەو وڵاتانی ئەورووپا بڕۆن و بەشێکیشیان ڤیزاکانیان بەسەرچوەو بەپێی یاسا مانەوەیان نایاساییە.

هەروەها سەبارەت بە ڕەگەزننامەکانیشیان پۆلیس ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو پەنابەرانەی بەنایاسایی چونەتە ئیستانبوڵ و دەستگیرکراون زۆرینەیان خەڵکی وڵاتانی (ئەفغانستان و پاکستان و سوریا)ن، بەڵام سەرجەم پەنابەرەکان خەڵکی 24 وڵاتن لەنێویشیاندا عێراق.

سەبارەت بە چارەنوسی پەنابەرەکانیش، پۆلیسی ئیستانبوڵ رایگەیاندوە، سەرجەمیان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران کراون تا لەوێوە ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان ئەنجام بدرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×