بۆچی فەلسەفە لەیۆنان سەریهەڵدا؟
  2021-08-05       678       

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

کاتێک سەیری مێژووی فەلسەفە دەکەین، بەتایبەتی فەلسەفەی خۆرئاوایی، یۆنان دەبێتە دایکی هەموو فکر و فەلسەفەی خۆرئاوا و لێرەوە سەرەتای گومان و پرسیارەکان لەبارەی بوون و مرۆڤ و سیستمی سیاسیی و ئابووریی و زانست سەریهەڵدا. لەکاتێکدا یۆنان وڵاتێکی بچووکە، بەڵام کۆمەڵێک فەیلەسوف و زانای گەورەی بۆ جیهان بەرهەمهێناوە.  ئەمەش بۆتە مایەی پرسیار و لێکۆڵینەوە لای زۆربەی مێژوونووسان و فەیلەسوفەکانی جیهان،  بۆچی لەم وڵاتە بچووکەی ئەوروپاوە، فکرو فەلسەفەی ئەوروپا لەدایک بوو؟ ئەو هۆکارانە چین کە وایکردووە کە یۆنان ببێتە دایکی فکر و فەلسەفەی خۆرئاوا؟ بۆچی تەنها لە یۆنان لە شوێنێکی تر فەلسەفە سەریهەڵنەدا؟
دیارە لەمەشدا کۆمەڵێک هۆکاری جوگرافیی، مێژوویی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە سەرهەڵدانی فەلسەفە لە یۆنان. 
ئێمە لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین ئاماژە بە هەندێک هۆکار و فاکت بدەین، کە رۆڵی بەرچاوییان هەبووە لە سەرهەڵدان  و گەشەسەندنی فەلسەفە و فکری  یۆنانی کۆن.

مانای فەلسەفە
سەرەتا پێمخۆشە لە مانای وشەکەوە دەستپێبکەم، چونکە ئەویش لە زمانی یۆنانی کۆنەوە هاتووە. وشەی Philosophy فیلۆسۆفی لە دوو وشەی لێکدراوی یۆنانی پێکدێت کە مانای خۆشەویستی بۆ حیکمەت دەگەیەنێت، بۆ یەکەمجاریش وشەی فەلسەفە یان فیلۆسۆفی لەلایەن فەیلەسوفی یۆنانی فیساگۆرسەوە بەکارهات و چووە ناو فەرهەنگی  فکری جیهانەوە. فەیلەسوفیش ئەو کەسانە بوون کە بە دوای  راستیدا دەگەڕان ئەوەش لە رێگەی تێڕامانەوە.
لە سەدەی پێنجەمی پێش زاینەوە، وشەی فەلسەفە و  فەیلەسوف لە یۆنان سەریهەڵدا، بەڵام دووبارە با پرسین بۆچی لێرە نەک لە شوێنی تر ئەم دوو شەیە سەریان هەڵدا؟

پێگەی جوگرافی
هەمیشە جوگرافیا و کەشوهەوا کاریگەرییان بەسەر مرۆڤەکانەوە هەیە بۆ هەڵبژاردنی شوێنی مانەوە و ژیان. ئەم خاڵە زیاتر فەیلەسوفی ناسراوی فەرەنسی مۆنتسکیۆ داکۆکی لێدەکات.  کاتێک سەیری یۆنان دەکەین، دەکەوێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست و باشووری کیشوەری ئەوروپاوە. هەمیشە کەشوهەوایەکی مام ناوەندی هەبووە. یۆنان سروشتێکی جوانی هەیە، دەتوانیت شاخ و کێوی بەرز ببینیت، هەروەها پێدەشتی کاکی بە کاکی، دەریایەکی شینی پاک و بێگەرد، بوونی چەندین دوورگەی جوان. هەموو ئەمانەش کاریگەریان لەسەر کەسایەتی مرۆڤەکان دەبێت. وەک (ویلی دیورانت) مێژوونوس و بیرمەندی ناسراوی ئەمریکاییش  لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا «مێژووی شارستانییەتەکان» دەڵێت: بوونی کەشوهەوایەکی مام ناوەند و رووبار و دەریایەکی گەورە، وایکرد کە مرۆڤ وڵاتی یۆنان هەڵبژێرێت و تێیدا بژیی و شارستانی یۆنانیش سەریهەڵدا.»
دیارە جوگرافیا کۆمەڵێک سیفاتی باشی تری بە یۆنانییەکان بەخشی، بەتایبەتی لە رووی  کەلتورییەوە.

نەبوونی دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێز
ئەم پێگە جوگرافییەشی کۆمەڵێک خاسیەتی باشی تری پێ بەخشیووە. یۆنان بە حوکمی بوونی کۆمەڵێک دوورگەی بچووک، وایکردووە کە دەوڵەتی بەهێز و ناوندی وەکو لە ناوچەی میزۆپۆتامیا یان چین یان میسر دروست نەبێت، بەڵکو کۆمەڵێک دەوڵەتشاری بچووک هەبوون وەکو ئەسینا، تا لە کۆتاییدا ئەسکەندەری مەکدۆنی و باوکی هەموویان  دەگرن و ئیمپراتۆیەتی یۆنانی بەهێز دروست دەکەن.
یۆنان وەکو میسر نەبوو کە فیرعەونێکی ستەمکار حوکمی بکات ژیان و ئازادیی تاکەکان پێشێل بکات، نەبوونی ئەم حوکمە ستەمکارەش وایکرد کە خەڵکی ئازادانە بژین و پرسیار لەبارەی هەموو شتێکەوە بکەن  و ترسی کوشتن و سزادانیان نەبێت، بە واتایەکی تر « وشە یان قسە» سزای لەسەر نەبوو.
بوونی جۆری دەوڵەتشاریی وایکردووە کە جۆرە سیستمێکی ئازاد و دیموکرات لە یۆنان دروست بێت بەتایبەت لە ئەسینادا، بەپێی بۆچوونی ویلی دیورانت بێت، باشترین نموونەی دیموکراسی  بووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. بوونی سیستمی ئازاد و  دیموکراتیش وایکردووە کە خەڵکی ئازاد بن لە پرسیارکردن و قسەکردن، هەرئەمەش وایکردووە کە بە گومانەوە سەیری هەموو شتێک بکەن. وەکو دەشزانین سەرەتای هەموو فەلسەفەیەکیش بە پرسیار و گومان دەستپێدەکات.
هەرچەندە هەندیک کاتیش دەوڵەتشاری بەهێزیش دروستبووە و خەڵکی چەوساندۆتەوە بەتایبەتی لە ئەسینادا، بۆ نموونە لەسەردەمی سوکراتدا.  کە لەسەر بۆچوونە فکرییەکان سزای کوشتنی بەسەردا سەپێنرا، هەرچەندە تا ئەمڕۆش یۆنانییەکان لەو کارەیان پەشیمانن و خۆیان بە تاوانبار دەزانن بەرامبەر بە فەلسەفە.


نزیکی لە شارستانییە جیهانییەکانی ترەوە
دووبارە جوگرافیا سوودێکی تری بە یۆنان گەیاندووە، ئەوەش ئەوەیە کە یۆنان خۆی لە نزیک کۆمەڵێک شارستانیدا دەبینێتەوە، لە باشوورە دراوسێی شارستانی میسری، کە یەکێکە لە شارستانییە مەزنەکانی جیهان، لە خۆرهەڵاتیشەوە دراوسێی شارستانییە مەزنەکانی میزۆپۆتامیا و ئێران بووە، هەر لە رێگەی ئەمانیشەوە ئاشنایەتی بە شارستانیی هیند و چین هەبووە.
لە کۆندا  یۆنان ببووە چەقی هەموو شارستانییە مەزنەکانی ئەوکاتی جیهان، ئەمانەش چ لە رووی فکریی و سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگییەوە، کاریگەریی گەورەیان بەسەر یۆنانەوە هەبووە.

گەشەسەندنی لایەنی ئابووری
لە سەدەی 5 پێش زاییندا یۆنان گەشەیەکی ئابووری گەورەی بەخۆوە بینی، جگە لە لەلایەنی کشتووکاڵی، لایەنی بازرگانیش زۆر بەهێز بوو، لەوکاتەدا یۆنان بووە کاروانسەرایەکی گەورە لەنێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوادا. ئەمەش وایکرد کە کۆمەڵگەی یۆنانی گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا بێت، جگە لە خانەدانەکان، چینی بازرگان و خەڵکی دەوڵەمەند پەیدا بێت. چینێک پەیدا بوو، کە دەیتوانی  دەستی بە زانست و کتێبی گرنگ بگات، کەمێک خۆشگوزەران بژی.  بەحوکمی گەشەسەندنی بازرگانی، بواری کەشتیوانیش پێشکەوت، ئەمەش وایکرد کە گرنگی زیاتر بە زانست بدرێت بەتایبەتی لە بواری فەلەکناسییدا. نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت، کە بەشێکی زۆری فەیلەسوفانی یۆنان، پێشتر زانا بوونە لەوانە تالیس و فیساگۆرس، کە بە باوکی فەلسەفەی یۆنانی ناودەبرێن.

کاریگەریی ئەفسانەکان
یۆنان پێش ئەوەی ببێتە مەڵبەندی فکرو فەلسەفە، مەڵبەندی کۆمەڵێک ئەفسانەی گەورەیە کە هەتا ئەمڕۆش بە ئەفسانە مەزنەکانی جیهان دادەنرێن بەتایبەتی ئەفسانەی  ئەلیادەو ئۆدیسە. ئەم ئەفسانانە رۆڵی گەورەیان لە سەر ئەندەێشە و بیرکردنەوەی تاکی یۆنانی هەبوو، چونکە ئەم ئەفسانانە باسی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیستمی سیاسی و ئیداریی و تاڕادەیەکیش ئابوورییان کردووە. ئەم ئەفسانانە بوونە بەردی بناغە بۆ قسەکردن لەبارەی مرۆڤ، سیستمی کۆمەڵایەتی، بوون، خودا و زۆر شتی تریش. یۆنانییەکان لە رێگەی ئەفسانەکانەوە توانییان پەرە بە هونەری گێڕانەوە و نووسین و توانا فکریییەکانی خۆیان بددەن.

نەبوونی دەسەڵاتێکی ئایینیی بەهێز
هەتا ئایینی مەسیحی  بڵاونەببۆوە لە یۆنان، کۆمەڵێک ئایینی سروشتی لەناو خەڵکیدا بڵاوبوو، ئەو ئایینانەش نەبوونە هۆی دروستبوونی چینێکی بەهێزی پیاوی ئایینی، کە ببنە پاسەوانی زمان و جەستەی خەڵکی و خۆیان بکەن بە وەکیلی خودا لەسەر زەوی. وەکو نووسەر و بیرمەندی میسریش «محمەمەد زەکەریا تۆفیق» دەڵێت: بۆ ماوەی 8 سەدە قوتابخانەی لیسیومی ئەرستۆ بەردەوام بوو لەسەر خوێندن و وانە وتنەوە بە خوێندکارانی، هەتاوەکو کاتێک ئاینی مەسیحی بڵاوبۆوە بە فەرەمانی کوستەنتین قوتابخانەکە داخراوە و فەلسەفەش حەرام کراوە. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، زۆرجار پیاوانی ئایینی بوونەتە رێگر لە گەشەسەندنی فکر و فەلسەفە، بەڵام یۆنان پێش ئەوەی ببێتە مەسیحی، ئەم کێشەیەی نەبووە.


 بوونی قووتابخانەی فکریی و زانستی بەهێز
هەمیشە بۆ پێشكەوتنی هەر شتێک پێویستیت بە ژێرخانێکی بەهێز هەیە، جا شتی فکریی بێت یان تەنانەت پیشەیی بێت، بۆ هەموو شتێک  پێوستیت بە مامۆستا و قوتابخانە هەیە تاوەکو خوێندکارانی وانەی تێدا بخوێنن و ئەزمونی خۆیان تاقیبکەنەوە و توانا فکریی و جەستەییەکانی خۆیان تێدا بەرجەستە بکەن. هەر لە دێر زەمانەوە بەتایبەتی لەسەردەمی فیساگۆرسەوە قوتابخانەی فکریی و زانستی پەیدابوو، دواتریش لە سەردەمی ئەفلاتوندا بۆ یەکەمجار قوتابخانەی تایبەت بە فکر و فەلسەفە کرایەوە کە بە ئەکادیمای ئەفلاتون دەناسرێت.
جێگەی ئاماژەیە تائیستا لە تەواوی زمانە ئەوروپییەکاندا وشەی « ئەکادیمی» بۆ خوێندنی زانکۆیی دادەنرێت. لە دوای ئەفلاتونیش، ئەرستۆ قوتابخانەی لیسیومی فەلسەفی دانا، ئەویش هەمان رێچکەی مامۆستاکەی دەگرتە بەر.
بوونی ئەم قوتابخانە زانستیی و فکریی و فەلسەفییانە رۆلی ئێجگار گەورەیان هەبوو لە بەرهەمهێنانی زانا  و فەیلەسوفی مەزن لە یۆناندا. چونکە لە رێگەی ئەو قوتابخانانانەوە، خوێندکارانی فێری زانست و فکری نوێ دەبوون، هەروەها لە رێگەی رەخنە  و مشتومڕ و دیالۆگیشەوە، فکری نوێ لەدایک دەبێت. ئەگەر کەسێک نەبێت تۆ فکرەکانی خۆتی بۆ باس بکەیت و کەسیش نەبێت رەخنەت لێبگرێت، ناتوانیت بیری راست و دروست بەرهەم بهێنیت.

دەرئەنجام
دیارە کۆمەڵێک خاڵی گرنگی تر رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە پێشخستنی زانست و فکر و فەلسەفە لە یۆنان، لەپێش هەمووشیانەوە بوونی ئاشتیی و ئارامیی، بەڵام بەداخەوە لەپاش داگیرکردنی یۆنان لەلایەن تورکەکانەوە، چرای فکر و فەلسەفە بەتەواوەتی لەم وڵاتە دەکوژێتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە تورکەکان چ زیانێکی لەو وڵاتانە داوە کە داگیری کردووە.
راستە یۆنان لە سەدەکانی پێشوودا مەڵبەندی فکر و فەلسەفە و زانست بوو، چراییەک بوو کە هەموو ئەوروپا و جیهانیشی رووناک کردەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم چرایە بە داگیرکردنی ئەم وڵاتە لەلایەن تورکیاوە، دەکوژێتەوە، پاشان وڵاتانی تری ئەوروپایی جێگەی یۆنان دەگرنەوە لەپێش هەمووشیانەوە ئیتالیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا. 

سەرچاوە:

Susanne Haiden.Wo und warum entschtand Philosophie. www.univie.ac.at
Griechische Philosophen: Alles durchdacht. /www.geo.de
الفلسفة: العوامل التي ساعدت في ظهورها، ولماذا اليونان؟. www. sotor.com
ویل دیورانت. قصة حضارة. ترجمة : محمد بدران. الجزء السادس. دار الجبل. بیروت. 1988
طالیس ملطي. قصة فلسفة.ترجمة من فرنسیة: السید عبدالله حسین.الطبعة الاولی. مکتبة الثقافة الدینیة. قاهرة. 2007.
دیف روبنسون.  جودي جروفز. اقدم لکم الفلسفة. ترجمة : امام عبدالفتاح امام. مجلس الاعلی للثقافة. 2001

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×