ئاری هەرسین: خەلیفە عومەر نموونەی دادپەروەری بووە
  2021-08-14       2461       
پاش ئەوەی نامەیەکی ئاری هەرسین بۆ عەلی خامنەیی لەسەر خەلیفەی موسوڵمانان عومەری کوڕی خەتاب نارەزایەتی لێکەوتەوە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "خەلیفە عومەر نموونەی دادپەروەری بووە."

ئاوێنە: دەقی روونکردنەوەکەی ئاری هەریسن:

هەموو ئایینە ئاسمانیەکان بەمەبەستی رێکخستنی ئەخلاقیات و ئیدارەی کۆمەڵگە بۆ ئینسان نێردراون. بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەندی ئینسان و خوا شتێکی شەخسیە و پەیوەندی بە هەردوو بنەمای ئیمان و خۆشەویستیەوە هەیە. ئینسان خوای گەورە ئەپەرستێت و نوێژی بۆ ئەکات چونکە خۆشی ئەوێت، نەک لەبەر ئەوەی لێی ئەترسێت، چونکە خوا (الرحمن الرحیم)ە.

پێ ئەچێت لەسەر ناوەڕۆکی نامەیەکی کراوەی بەندە بۆ ئایەتوڵا خامنەیی، بەشێک لە هاوڵاتیان دڵگران بووبن، بۆیە بە پێویستم زانی روونکردنەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکەمەوە:

بەندە وەک زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە بنەماڵەیەکی موسەڵمانم و خۆشم لەخوا بەزیاد بێت کەسێکی ئیماندارم. ئیمانداریەکەشم تەنیا لەسەر بنەمای میراتیەکی مەعنەوی نییە لە باوک و باپیرم بۆم مابێتەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەدواداچونی بەردەوامە لە دەقەکانی قورئانی پیرۆز، حەدیسەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێ) و پرس و بیروڕا گۆڕینەوە لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی پسپۆڕ و شارەزا. بۆیە ئەگەر هەر بێڕەزیەک بەرامبەر بە ئایینی ئیسلام یان رابەرانی بکەم، ئەوا لەپێش هەموو کەسێکدا بێڕێزیم بە خۆم کردووە.

لەنامەکەدا من باسی لەشکرێکی زل و زەبەللاحم کردووە کە سەرێکی لە میسر بووە و سەرەکەی تریشی لە سنوری ئەفغانستان و پاکستان. ناوەندی خەلافەت لە نیمچەدورگەی عەرەبی بووە و مەسافەی فەرماندەی لەشکرەکە و سەربازەکانی بە هەزاران کیلۆمەتر لێک دوور بووە. بۆیە شتێکی سەیر نییە یەکەیەکی سەربازی سنوری ئەخلاقی تێپەڕاند بێت و لە رێنماییەکان لایان دابێت. ئەگەر ئەم سەربازانە لە وڵاتێکی دوورەدەست تاوانێکیان کردبێت، بەندە نەهاتوم تاوانەکە بخەمە ئەستۆی خەلیفەی ئیسلام.

لە ئەدەبیاتی ئیسلامی و بگرە ئەوروپیشدا خەلیفە عومەر بە کەسێکی ریفۆرمیست (ئیسڵاحی) ناسراوە. ئەگەر حاکمێک هیچ کەموکوڕیەک لە سنوری حوکمڕانیەکەیدا بەدی نەکات، چ پێویستی بە ریفۆرم و چاکسازی هەیە؟… کەوابێ خەلیفەی موسوڵمانان خۆشی هەستی بە کەمو کوڕی لە کۆمەڵگەی ئیسلامی ئەو سەردەمە کردووە. ئیتر کەم و کوڕیەکان لەوانەیە لە جومگە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری یانیش دام و دەزگای سەربازیدا بوبێت.

دۆستان و هاوڕێیانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێ) رێزی تایبەتیان لای هەموو موسوڵمانێک هەیە، ئەمە بۆ بەندەش وایە. ئینسانی بەئیمان چۆن بێڕێزی بەرامبەر بە کەسانی نزیکی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێ) دەکات؟ تەنانەت ئەگەر ئینسان پێیڕەوی ئاینێکی تریش بێت نابێت دەست بۆ پیرۆزیەکانی ئاینێکیتر بەرێت، چ جای ئاینەکەی خۆی. ئەوجۆرە بیرکردنەوە و کردارانەش لەبەندەوە دوورن، وابزانم هاوڵاتیانیش ئەو راستیە باش دەزانن.

ئەگەر لەداڕشتن و لە تەعبیردا، ئینتیباعێکی بەجۆرێک لای هەندێک لە هاوڵاتیان دروست بوبێت کە بەندە هێرشم کردبێتە سەر خەلیفەی ئیسلام ئەوا لەدڵەوە داوای لێبوردن ئەکەم. هەرچەندە دووپاتی ئەکەمەوە ناوی خەلیفەی ئیسلام لە چوارچێوەی مەنزومەی سەربازی ئەوسەردەمەی سوپای ئیسلام هاتووە و بەس.

هیوادارم دڵگرانی خەڵکی موسوڵمانی کوردستان لەسەر ئەم بابەتە بڕەوێتەوە. ئەم روونکردنەوەیەش نە لە ترسەوە سەرچاوەی گرتووە و نە فشار و گوشار لەسەرم. تەنیا هۆکاری روونکردنەوەکە شیکردنەوەیەکی ئەو لێکتێنەگەیشتنەیە لەسەرەوە باسم لێکرد، هەروەها پۆزشت بۆ هاوڵاتیانی موسوڵمانی کوردستان کە دڵگران بووبن لێم
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×