ئەمریکا مەرج بۆ بەشداریكدرنی لە حكومەتی تاڵیبان دادەنێت
  2021-09-02       592       
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:" پێویستە بەر لە بڕیاردان لەسەر کارکردن یان نەکردن لەگەڵ ئەو حکومەتەی کە بڕیارە تاڵیبان پێکیبهێنێت، دەبێت بزانین حکومەتەکە چ جۆرە حکومەتێكە".

ئاوێنه‌: نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ تاڵیبان بە شێواز و جۆری ئەو حکومەتە بەندە، کە بڕیارە بزووتنەوەکە پێکیبهێنێت.

نێد پرایس وتی: "بەر لەوەی قسە لەسەر شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ هەر حکومەتێكی نوێی ئەفغانستان بکەین، دەبێت چەند شتێك روون بکەینەوە، سەرەتا دەبێت حکومەتێکی نوێ لە ئەفغانستاندا هەبێت کە تاوەکو ئێستا پێکنەهێنراوە. دووەم دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تیشکبخاتەسەر نەک تەنیا ناوی حکومەتی ئەفغانستان بەڵکو شێوازی کارکردنی و هەروەها رەفتارەکانیشی، لەدوای ئەوە ئێمە دەتوانین هەڵسەنگاندن بکەین کە ئایا چ شتێک لە بەرژەوەندی ئێمەیە و چ شتێک بە زیانمانە."

پرایس وتیشی: "ئەمریکا کار لەگەڵ حکومەتی تاڵیبان ناکات ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدا نەبێت، کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دانیشتنی چەند رۆژ لەمەوبەریدا، داینابوون".

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەکۆی 13 دەنگ لە 15 دەنگی وڵاتانی ئەندامیدا، بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا تاڵیبانی ناچارکرد بە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لە ئاست پاراستنی خەڵک و پێدانی دەرفەت بە ژنان لە نێو حکومەتدا.

بەوتەی هەندێ سەرچاوە، پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا تاڵیبان حکومەتە نوێیەکەی رابگەیێنێت، کە چاوەڕێ دەکرێت حکومەتێكی ئاینی بێت و تێیدا هەیبەتوڵلا ئاخوندزادە، رابەری بزووتنەوەی تاڵیبان بە رابەری ئیمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان دابنرێت.

هاوکات چەند کەسێکی دیاری نێو بزووتنەوەکەش بەشداری حکومەتە نوێیەکە دەکەن وەک عەبدولغەنی برادەر یەکێک لە دامەزرێنەرانی تاڵیبان، سیراجەدین حەقانی، جێگری ئاخوندزادە و سەرۆکی تۆڕی چەکداری حەقانی، هەروەها مەولەوی محەممەد یەعقوب، کوڕی مەلا محەممەد عومەر، سەرۆکی پێشووتری بزووتنەوەی تاڵیبان.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×