چارەسەری بەرزی چەوری خوێن
  2021-09-07       6516       


دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو - لەندەن


گۆڕینی سیستەمی خواردن، یاخود بەكارهێنانی دەرمان؟ 
گومان لەوەدا نیە پەیرەوکردنی ڕژێمی خواردنی تەندرووست و دابەزاندنی کێش کۆمەلێک سوودی زۆر گرنگی ھەیە بۆ تەندرووستی مرۆڤ، هاوكات هەندێك کەس نایانەوێت پەنا بۆ دەرمان بەرن وپێیان وایە خۆپارێزی باشترین وتاكە ڕێگایە بۆ دابەزاندنی چەوری خوێن، بۆئەوەی بەوردی لەسەر ئەو بابەتە بدوێین، وا باشترە وەڵامەكە لەچەند خاڵێكدا كورتبكەینەوە:
1-بەرزی چەوری خوێن، بە تایبەت ئەو جۆرەی بە چەوری خراپ (LDL-Cholesterol )  دەناسرێت، یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکیەکانی تەسکبوونەوەی خوێن بەرەکان و تووشبوون بە جەلتەی دڵ ومێشک .
2- چەند ساڵێك لەمەوبەر، هیچ جۆرە دەرمانێكی كاریگەر لەبەردەست نەبوو بۆ چارەسەركردنی بەرزبوونەوەی چەوری خوێن، بەلام دوای ئەوە ستاتین(Statin) دۆزرایەوە، كە بە یەکێک لە ھەنگاوە ھەرە گرنگەکانی چارەسەری نەخۆشیەکانی دڵ و خوێن بەرەکان ھەژمار دەکرێت  ویەکێکە لەو دەرمانانەی زۆرترین بەكارهێنانی لە سەرانسەری جیھاندا هەیە.
3- پارێز ووەرزش کردن تەنھا ڕێژەی ١٠٪‏ چەوری خوێن دادەبەزێنێت، هەرچەندە پارێزكردن زۆر بەباشی وبەرێكیش ئەنجام بدرێت، لەهەموو حالەتەكاندا ناتوانێت رێژەی چەوری خراپ لەسەرەوەی 20% دابەزێنێت!.
4-وەرزش کردن دەبێتە ھۆی دابەزاندنی چەوری سیانی (Triglyceride) وزیادبوونی چەوری باش، کە بە (HDL-Cholesterol )دەناسرێت ، بەلام کاریگەریەکی زۆر کەمی لەسەرچەوری( LDL-Cholesterol )  هەیە. 
5- دەرمانی ستاتین، ئەگەر بەشێوەیەكی دروست بەكاربهێنرێت، كاریگەریەكی زۆری لە سەر کەمکردنەوەی چەوری خوێن، بەشێک لە ستاتینەکان نزیکەی ٤٠٪‏ لە چەوری خراپ کەم دەکاتەوە ، بەلام کاریگەریان لەسەر چەوری سیانی سنووردارترە.
6- ئەو كەسانەی تووشی جەڵتەی دڵ ومێشك بووینە، دەبێت دەرمانی چەوری خوێن بەكاربهێنن، بەشی ھەرەزۆری نەخۆشانی شەکرە پێویستیان بە ستاتین دەبێت بۆ ئەوەی رێژەی چەوری خەراپ بەرێژەیەکی باش دابەزێنن . ئەو کەسانەی کە کێشەی تەندرووستیان نیە وا باشترە لە لایەن پزیشکەوە ھەلسەنگاندنیان بۆ بکرێت ، دیارە جگە لە بەرزی رێژەی چەوری کۆمەلێک ھۆکاری تر ھەن، کە دەبێت ھەلسەنگاندنیان بۆ بکرێت وکاریگەریان لەسەر بریاردان دەربارەی بڕی ئەو دەرمانەی پێویستە بەكاربهێنرێت هەیە.
7- ستاتین بە شێوەیەکی گشتی سەلامەتە . کەمتر لە دوو کەس لە سەد ھەزار نەخۆش کە ستاتین بەکاردەھێنن تووشی ھەوکردنی ماسوولکەکان دەبن ، لەو حالەتەدا نەخۆش تووشی ئازارێکی زۆری ماسوولکەکان دەبێت، دەتوانرێت لەرێگای پشكنینی خوێنەوە حالەتەکە دەستنیشان بکرێت و دواتر چارەسەر بکرێت . هاوكات بەكارهێنانی ستاتین بۆی هەیە ببێتە ھۆی بەرزبوونەی ئەنزیمەکانی جگەر، ھەر بۆیە پێش ئەوەی بەكاربهێنرێت، دەبێت پشكنین بۆ ئەنزیمەکانی جگەر بکرێت. دوا لێکۆلینەوە لەسەر ستاتین ئەوە دەردەخات، كە هەندێك نیشانەی تر لەو كەسانە دەردەكەوێت هیچ پەیوەندیەكیان بە دەرمانەكەوە نیە.
8-پێویستە ستاتین بە بەردەوامی بەکاربھێنرێت ومەرج نیە جۆری براندو گرانبەھا بەکاربھێنرێت . ئەتۆرڤاستاتین ( Atorvastatin ) یەکێکە لەو دەرمانانەی، کە زۆر کاریگەرەو نرخەکەشی گونجاوەو لە کوردستان بەردەستە، دەكرێت بەكاربهێنرێت. ئافرەتی دووگیان، یان ئەو ئافرەتانەی پلانیان بۆ مندال بوون هەیە، نابێت ستاتین بەکاربھێنن.
9- ھەندێک دەنگۆ هەیە، گوایە ستاتین دەبێتە ھۆی کێشەی لەبیرچوونەوە، لەراستیدا تا ئێستا ھیچ لێکۆلینەوەیەک ئەو بابەتەی یەکلانەکردۆتەوە ، بە پێچەوانەوە بۆی ھەیە ستاتین یارمەتی ئەو کەسانە بدات، کە حالەتی لەبیرچوونەوەیان ھەیە.
10-لێکۆلینەوەكان دەریدەخەن، كە ئەوانەی رێژەی چەوری خوینیان بەرزە، دەتوانن لەرێگای بەكارهینانی ستاتینەوە، بەرێژەیەكی زۆر باش خۆیان لەجەڵتەی دڵ ومێشك دوور بخەنەوە، سەرباری هەموو ئەمانە تێبینی دەكرێت، بەشێکی ئەوانەی كێشەی بەرزی چەوری خوێنیان هەیە، بەڕێكی ئەو دەرمانە بەكارناهێنن.
خوێنەری بەڕێز،  ستاتین بە یەکێک لە ھۆکارە ھەرە گرنگەکان دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی چەوری خراپ لە خوێن و کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە جەلتەی دل و مێشک، بۆیە ئەگەر دکتۆری پسپۆر پێشنیاری ئەو دەرمانەی بۆ کردی ئەوە دوو دڵ مەبە لە بەکارھێنانی.


دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو
لەندەن

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×