ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، پلانی نیشتمانیی هەرێمی
کوردستانی بۆ مافەکانی مرۆڤ تاوتوێ كردو پڕۆژە یاسای سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانیشی پەسەند کرد.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە،
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی
وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبونەوەی ئاسایی خۆی
ئەنجامدا.
بەپێی
راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، ڕەشنوسی پڕۆژە
یاسای (سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی،
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خرایەڕو، دوای گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوەو خستنەڕوی چەند
تێبینییەک، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکە پەسەندکراو
دواتر ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ تەشریعکردنی.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"ئەم یاسایە ڕۆڵی کاریگەری دەبێت لە دۆزینەوەی
هەلی کار بۆ دەرچوانی کۆلێج وپەیمانگاو ئامادەییە کشتوکاڵییەکان و دەرچوانی خوێندنی
پزیشکی ڤێرتێنەری، ئەوانەیان کە لە فەرمانگەکانی حکومەت دانەمەزراون. هەروەها دەبێتە
هۆی بوژاندنەوە وپێشخستنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە ژێرسەرپەرشتی خاوەن توانای زانستی،
کە ئەمەش بەشێکە لە بەرنامەی کاری کابینەی حکومەت."
بەگوێرەی
راگەیەندراوەكە، لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکەدا، لە لایەن دیندار زێباری ڕێکخەری
ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، (پلانی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ
2021- 2025) خرایەڕو، وەک بەشێک لە پابەندیی هەرێمی کوردستان بە پلانی نیشتمانیی فیدراڵی
کە لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەیە کە عێراق ئەندامە تێیاندا "بە
ڕەچاوکردنی تێبینی و ڕاسپاردەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە ئامانج لێی
گونجاندنی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە لە گەڵ پەیماننامەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان
و ئەو ماف و ئازادییانەی لە دەستوری فیدڕاڵی هاتون سەرەڕای بەشداریکردنی هەرێم لە
چوارچێوەی شاندە فیدڕاڵیيەکان لە گفتوگۆ و پێگە نێودەوڵەتیەکانی بواری مافی مرۆڤ و
پتەوکردنی دامەزراوەکانی هەرێم لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان و برەودان
بە ڕۆڵی ئافرەتان و پێکهاتە ئایینی ونەتەوەییەکان و پێشوازیی لە ئاوارەو پەنابەران
و دەستنیشانکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی پلانەکە."
دوای خستنەڕوی چەند سەرنج و تێبینییەک
لەسەر پلانەكە، "بڕیاردرا لە کۆبونەوەی هەفتەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیراندا،
بڕیاری کۆتایی پەسەندکردنی بدرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە."