رۆمانی "کەژاڵ" دووڕیانێ لەنێوان ئازادی و ملکەچیدا
  2021-10-30       550       

بەیان ناسیح

 

جارێکی تر نووسەر و وەرگێر ڕووناک شوانی خوێنەر دڵخۆش و سەرسام دەکات، نەک لەبەر توانا و زمانە پاراوەکەی لە نووسین و وەرگێراندا، بەڵکو لە تایبەتمەندی هەڵبژاردنی ئەو دەقانەی وەریدەگێڕێ، ئەو رۆمانانەی ژن نووسیونی، پاڵەوانەکانی لە کچان و ژنانی سادە پێک هاتوون. ئەوانەی لەناو چوارچێوەی دابونەرێت، ئایین، چەمکی شەرەف و نامووسدا دەنگی کچان و ژنان تیایاندا بەرزدەبێتەوە.

رۆمانی کەژاڵ لەنووسینی مەندانە موعینی، یەکێکە لەو جۆرە کتێبانەی کاتێ دەست بەخوێندنەوەی کرد تا کۆتایی ناتەوێ دەستی لێ هەڵبگریت. لەم رۆمانەدا کۆمەڵێ ڕووداوی گەورە دەستەویەخەت دەبنەوە و ئەستەمە خۆتیانی لێ بپارێزی. کێشەکان ئەوەندە ئاشنان ڕاستەوخۆ دەیانناسیتەوە. وەرگێر لەپێشەکییەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە شانۆی رووداوەکان لە گوندێکی دوورەدەستی ناوچەی لوڕستانە، هەربۆیەشە بەسەلیقەوە گفتۆگۆی کارەکتارەکانی گوندەکەی بە زاراوەی کەلهوڕی وەرگێراوە، ئەمەش بۆخۆی ئەوەندەی تر لە ژینگەکە نزیکت دەکاتەوە.  
رۆمانەکە لەژیانی کچیکی شاریی ٢٤ ساڵیەوە دەست پێ دەکات. دابونەرێتەکان هەر لە منداڵییەوە دەست و پێی گرتوون، بەڵام ئەوەندە بیری لە ئەنجامەکانی نەکردۆتەوە. کاتێ وەکو پزیشکێکی تازە دەرچوو ڕەوانەی ئەو گوندە دووردەستە دەکرێت، کاتی زیاتری هەیە بۆ بیرکردنەوە لە مانای ژیان و داهاتووی، لە نێوان جوانی سروشتی گوندەکە، ترسی تەنهایی شەوان، ڕابردووی خۆی و بنەماڵەکەی و داهاتوو. خەیاڵ دەیهینێ و دەیبات هەتا رووداوێکی دڵتەزێن دنیاکەی دەهەژێنی. لە ناخی پەروازە خانمدا شەڕێک هەڵدەگیرسێ. ئایا ژیان ئەوە دەهێنی بەپێچەوانەی رووبارەوە مەلە بکەی؟ ئایا ئەو کچانەی لە ماڵەوە هەڵدێن ژیانیان باشتر دەبێت؟ پەروازە تا ئەو کاتە کچێک یان ژنێکی نەبینیبوو لە ژیانیدا دابونەرێت بهێنێتە ژێرپرسیارەوە، بۆیە لە سەرەتاوە هەوڵدەدات خۆی تێکەڵ بە کێشەکان نەکات.
لەلایەکی ترەوە، پێی باش نییە کچان ئازادی هەڵبژاردنی هاوسەریان نەبێت، بەڵام پێی باشە هەموو پەیڕوەی ئەو کەشەی بەسەریاندا زاڵە بکەن و لەگەڵ ئەو هەل ومەرجانەی بۆ کچان و ژنان دانراون ڕا بێن و بەرگەی بگرن. لەسەرەتاوە پەروازەی پزیشک ساویلکانە و بەسادەیی لەو کێشانە دەڕوانێ.  پێیوایە ئەگەرهاتوو کچەکان ئەوە بکەن، کە چاوەڕوانیان لێ دەکرێت هەمووشتێ چارەسەردەبێت. کاتێ خۆی رووبەڕووی پرسیارێ دەبێتەوە، چیتر دڵنیا نییە لەو بۆچوونەی خۆی. ئایا قبووڵیەتی بەزۆر بەکەسێک بدرێ، کە بیست ساڵ لەخۆی گەورەتر بێ و ببێتە سێیەمین ژنی؟ سەرەتای بەئاگاهاتنەوەی لەو پرسیارەوە دەست پێ دەکات. لەگەڵ چوونەپێشەوەی رووداوەکاندا پەروازە لەنێوان دوو دنیای دژ بەیەک لەگەڵ ئاوەزو ویژدانی خۆیدا دەکەوێتە شەڕەوە. لێرەدا گرنگترین وانە لە کچ و ژنانی گوندەکەوە فێر دەبێت، کە بە درێژایی ئەو هەموو چەند ساڵەی خوێندنیدا لەهیچ شوێنی کتێبدا نەیبینیبوو.
ئەی کەژاڵ؟ ئەم رۆمانە بۆ بەناوی کەژاڵەوە نێونراوە نەک پەروازە؟ نووسەر بەتوانا و شارەزاییەکی قووڵەوە دەست بۆ چەندین چەمکی گرنگ دەبات. دەکرێت هەریەکێ لەو چەمکانە لە ڕووی هوشیاری جەندەری، پیاوسالاری، دابونەرێتی کۆمەڵگەی نەرێتی، سیستەمی نامووس پەرستی، شەرەفی پیاوانە، پیاوبوون، بەرگری و یاخیبوون، نەبوونی دادوەری و گەندەڵی لێک بدرێتەوە. ڕووداوەکان لە ڕێگەی کەژاڵ ناوێکەوە دەچنە پێشەوە، تا لە کۆتاییدا خوێنەر رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی زۆر سەخت و دژوار، بەڵام واقیعیانە دەبێتەوە. نووسەر زۆر زیرەکانە وات لێدەکات بیر لەوهەڵبژاردنە یاخود هەڵنەبژاردنە بکەیتەوە.
بە لێکدانەوەی من، دەستەواژەی پاڵەوان لە ڕۆمانەکەدا مانایەکی تر دەگرێتە خۆ، واتا ئەو کەسە نییە لەهیچ نەترسێ و توانایەکی فیزیکی بەهێزی هەبێت، لەوانەشە لە هەندی کاتدا وا دەربکەوێ لەچاوی ئەوانی تردا. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەو مانا پر هێمایەی بوونی پاڵەوانە لای ئەوانەی زیاتر پێویستیان بەبوونی پاڵەوانێکە وەک لە خودی کەسەکە خۆی. پاڵەوان لە ڕۆمانەکەدا لە هێزێکی ژنانەی تووڕە لە هەموو ئەو نادادیەی بەرامبەر خۆی و هارەگەزەکانی کرابوو، دەکرێت کۆدەبێتەوە. ئەمە تەنها هێمای ناو ڕۆمانێ نییە، بەڵکو لە مێژوودا نموونە زۆرە کاتێ هێزی ژن یەکدەگرێت لەو شوێنەدا گۆڕانکاری دروست دەبێت.
لەگەڵ خوێندنەوی رۆمانی کەژال، بیرم بۆلای گوڵڕوخ و گوڵڕەنگەکانی لای خۆمان چوو. ژمارەیان دیار نییە بەڵام زۆرن. لە زۆر شوێنی نادیاری شارو شارۆچکە و گوندەکان هەن. گۆڕەکانیان بێناون. هەندێ کات لەناو گۆڕستانەکانیشدا شوێنیان ناکرێتەوە. ئەو هێمایەی لە شۆڕشەکەی کەژالدا دەبینرێ لای کچان و ژنانی تریش هەیە. هەروەکو چۆن دوو کچی شانزە ساڵە لە قەراغ گۆڕستانێکی شاری هەولێر، بەنهێنی دوو گوڵ لەسەر گۆری هاوڕێ کوژراوەکەیان دادەنێن.
نووسەرو وەرگێر هەردووکیان مەبەستی خۆیان پێکاوە، ئەویش بزواندنی هەستی خوێنەرە، هەژاندنیەتی لەبەرامبەر کێشەیەکی جیهانی. ئەویش توندوتیژی نامووسیە، کە بەپێی ئاماری ووڵاتە یەکگرتووەکان ساڵانە بەلایەنی کەم پینچ هەزار ژنی لەسەر دەکوژرێ. بۆیە وەرگێرانی رۆمانێکی لەم بانەتە لە شوێنی خۆیەتی و شایانی خوێندنەوەیە.   

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×