بایدن بە ئەردۆغان ڕادەگەیەنێت مامەڵە ناژیرانەکانی تورکیا زیان بە پەیوەندییەکانیان دەگەیەنێت
  2021-10-31       1033       
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەراوێزی لوتکەی G20ـدا دیداری لوتکەی ئەمریکا و تورکیاش ئەنجامبدرێت و لە دیدارەکەدا سەرەڕای داوای تورکیا سەبارەت بە کڕینی فڕۆکەی جەنگیی F-16، بایدن تورکیا ئاگاداردەکاتەوە لەو مامەڵەیەی ئێستا ئەو وڵاتە دەیکات.

ئاوێنە: ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، لە دیداری ئەمڕۆیاندا جۆ بایدن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕادەگەیەنێت کە مامەڵە ناژیرانەکانی تورکیا زیان بە پەیوەندییەکانیان دەگەیەنێت، پێویستە لە دروستکردنی قەیران خۆی بەدووربگرێت.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە باسی لەوەشکردووە کە لەدیدارەکەدا بایدن و ئەردۆغان گفتوگۆ دەکەن لەبارەی داوای تورکیا بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگیی F-16.

جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بەمەبەستی بەشداریکردنی لە دوو لوتکەی جیهانیدا لە ڕۆمایە، یەكێکیان لوتکەی G20 کە دوێنێ دەستیپێکرد و دووەمیشیان لوتکەی COP26 لە گلاسکۆ، بڕیارە لە پەراوێزی ئەو دوو کۆنگرەیەدا لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی کۆببێتەوە و لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەشی گفتوگۆ لەبارەی دانوستانەکانی پەیوەست بە پرسی ئەتۆمیی ئێران بکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×