کۆمپانیای فایزەر حەبی دژه‌ کۆرۆنا به‌رهه‌مدێنێت
  2021-11-05       1873       
کۆمپانیای فایزەر تایبه‌ت به‌به‌رهه‌مهێنانی‌ ده‌رمان، لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر حەبی کۆڤید-19 بڵاوکردەوەو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ئەم حەبە بەشێوەیەکی بەرچاو حاڵەتەکانی مانەوەی توشبووان‌ له‌نه‌خۆشخانه‌و مردن به‌كۆرۆنا كه‌مده‌كاته‌وه‌.

ئاوێنه‌: ئەم حەبەی فایزەر کە ناوی پاکسلۆڤید (Paxlovid)ە مەترسییەکانی بەڕێژەی 89% کەمکردووەتەوە کاتێک لە ماوەی سێ ڕۆژ پاش دەستپێکردنی نیشانەکانی کۆڤید-19 دراوە بە نەخۆشەکان.

فایزەر دەڵێت، دەستەیەکی شارەزایانی سەربەخۆی کە چاودێری تاقیکردنەوەکان دەکەن پێشنیازی ئەوەیان کردووە قۆناغی لێکۆڵینەوەکە زوو ڕابگیرێت، چونکە سودەکانی حەبەکە بۆ نەخۆشەکان زۆر بەرچاون. کۆمپانیاکە راشیگه‌یاندووه‌، بە نیازە بە زووترین کات زانیارییەکان بخاتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان بۆ ئەوەی پەسەندی بکات تا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەکاربهێندرێت.

ئەم حەبی دژە ڤایرۆسە دووهەم حەبی لەم شێوەیەیە کە کاریگەری دژ بە کۆڤید نیشان بدات. لە ئێستادا حەبێکی تری مێرک (Merck ) لە چاوەڕوانی ئەوەدایە لەلایەن ئەو دەزگا فیدراڵییەوە پەسەند بکرێت، هەرچەندە وادیارە حەبەکەی فایزەر کاریگەری زیاتری نیشان داوە.

ئاڵبەرت بۆرلا، بەڕێوەبەری گشتی كرمپانیای‌ فایزەر ڕایگەیاندووه‌، "هەواڵەکەی ئەمڕۆ هه‌ینی‌، بەڕاستی بارودۆخەکە دەگۆڕێت لە هەوڵەکانی جیهاندا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی وێرانکارییەکانی ئەم پەتایە. ئەم زانیارییانە دەریدەخەن حەبەکەی ئێمە، ئەگەر پەسەند بکرێت دەتوانێت ژیانی نەخۆشەکان بپارێزێت، توندی هەوکردنی ڤایرۆسی کۆڤید-19 کەم بکاتەوە و ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە دەکەونە نەخۆشخانە لە 10 یا 9 کەمبکاتەوە."

بەپێی ئەنجامەکانی فایزەر لە لێکۆڵینەوەکەدا کە 1200 توشبووی کۆرۆنا کە مەترسی زۆریان لەسەر بووە بەشدارییان کردبوو، ئەو کەسانەی حەبەکەی ڤایزەریان وەرگرتبوو زۆر کەمتر پێویستان بووە بچنە نەخۆشخانە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی کە حەبەکەیان وەرنەگرتبوو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×