2021-11-29   738     
بەیانی ئەمڕۆ جارێكی تر خۆپیشاندان لە لوبنان دەستی پێكردەوە، لە بەیروتی پایتەختو شارەكانی تر خۆپیشاندەران رێگا سەرەكییەكانیان گرتووە.
ئاوێنە: ئەم خۆپیشاندانە بەهۆی خراپی دۆخی بژێویو دابەزینی بەهای لیرەی لوبنانییە لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی.
بانگەواز بۆ خۆپیشاندان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە راگەیەندرا، داوا كرا رێگا سەرەكییەكان دابخرێن، بەڵام تائێستا ناسنامەی ئەوانەی بانگەوازی خۆپیشاندانەكەیان كردووە نادیارە.
لە بانگەوازەكەدا بۆ خۆپیشاندان هاتووە" بەهۆی بارودۆخی ئێستای وڵاتو بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، دۆخی سەختی ئابوریو تەندروستی گەیشتوەتە بنی دۆزەخ، سبەینێ دوو شەممە رێگاكان دەگیرێن".
گرتنی رێگاكان یەكێكە لەو شێوازانەی ناڕەزایەتیی لەدوای قەیرانی داراییەوە لە ساڵی 2019وە لە لوبنان پەیڕەو دەكرێت.
چەند رۆژێكە بەهای دراوی لوبنانی توشی داڕمان هاتووە، بەجۆرێك نرخی یەك دۆلار بەرامبەر لە (25 هەزار) لیرەیە، ئەمە لەكاتێكدایە بەر لە دوو ساڵ یەك دۆلار بەرامبەر بە (هەزارو 500) لیرە بوو.
لەگەڵ داڕمانی رێژەی زیاتر لە 90%ی بەهای لیرەدا لەبەرامبەر دۆلار بە درێژایی دوو ساڵی رابردووە، توانای كڕین لای هاوڵاتیانی لوبنانی پاشەكشێی گەورەی كردووەو كەمترین ئاستی كڕێ لەم وڵاتە بۆ خوار 30 دۆلار دابەزیوە.
پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بە سەرۆكایەتی نەجیب میقاتی لە مانگی سێپتێمبەری رابردوودا نەبووە هۆی راگرتنی داڕمانی بەردەوامی نرخی لیرە، سەرباری ئەوەی كابینە نوێیەكە كۆتایی بە ماوەی چەند مانگێك لە ئیفلیجی سیاسی لوبنان هێنا.
ماوەی زیاتر لە مانگێكە حكومەتی لوبنان هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردووە، حزبوڵاو هاوپەیمانەكانی بایكۆتی كۆبونەوەكانی حكومەتیان كردووە، ئەمەش پەیوەندیدارە بە كەیسی لێكۆڵینەوەكان لە تەقینەوەكەی 2020ی بەندەری بەندەری بەیروتو داوای دەستلەكاركێشانەوەی لیژنەی لێكۆڵینەوە دەكەنو دەڵێن لیژنەكە دۆسیەی تەقینەوەكەی بە "سیاسی" كردووە.
لێدوانێكی جۆرج قەرداحی وەزیری راگەیاندنی حكومەتی لوبنانیش، وڵاتی توشی قەیران كردووە لەگەڵ سعودیەو وڵاتانی تری كەنداوی عەرەبیدا، ئەمەش دۆخەكەی هێندەی تر ئاڵۆز كردووە.
ئێستا لوبنان بە دۆخێكی ئابوری سەختدا گوزەر دەكات، دۆخێك كە بانكی نێودەوڵەتی بە خراپترین حاڵەتی داكشانی ئابوری لە مێژووی هاوچەرخدا وەسفی دەكات، سەرچاوەی ئەم داكشانە ئابورییە گەورەیەش گەندەڵیو خراپ بەڕێوەبردنە لەماوەی چەند دەیەی سیاسی رابردوودا.