ئەمریکا داواکارییەکی ئیسرائیل بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی دژ بە ئێران ڕەتدەکاتەوە
  2021-12-14       635       

لەگەڵ زیادبونی ئەگەرەکانی پەنابردنی ئیسرائیل بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی دژ بەئێران، بەتایبەت دوای دەرکەوتنی ئاماژەکانی سەرنەکەوتنی دانوستانە ناوەکییەی نێوان ئێران‌و وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ڕۆژنامەیەکی عیبری ئاشکرایکردوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا داواکارییەکی ئیسرائیلی بۆ پێدانی دوو فڕۆکەی پڕکردنەوەی سووتەمەنی لە ئاسمانەوە بەو وڵاتە بۆ ئاسانکردنی وەشاندنی گورزی سەربازیی لەئێران رەتکردۆتەوە.

ئاوێنە: بەگوێرەی ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی، ڕێککەوتنێکی پێشوتر لەنێوان واشنتۆن‌و تەلئەبیبدا هەیە بۆئەوەی ئه‌مریكا 4فڕۆکەی پڕکردنەوەی سوتەمەنی لەئاسمان لەجۆری بۆینگ KC-46 بۆ ئیسرائیل دابینبکات، لەمدواییەشدا ئیسرائیل داوای لەئەمریکا کردوە بۆئەوەی کاتی ڕادەستکردنی ئەو فڕۆکانە پێشبخات، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەوەی ڕەتکردۆتەوە.

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوەکردوە، فڕۆکەی جۆری بۆینگ KC-46 دەتوانێت مەودای 11 هەزار کیلۆمەتر بفڕێت‌و ماوەی 11 بۆ 12 کاتژمێر لەئاسماندا بمێنێتەوە، هەروەک دەتوانێت دەیان فڕۆکەی جەنگیی لەئاسماندا پڕ لەسوتەمەنی بکاتەوە.

یەدیعۆت ئەحرانۆت دەڵێت:"گەورە بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل دەیانەوێت لەچوارچێوەی ئامادەکاریان بۆ پەلاماردانی بەرنامەی ناوەکیی ئێران، بڕوا بەهاوتا ئەمریکاییەکانیان بهێنن کاتی ڕادەستکردنی دوو دانە لەو فڕۆکانە پێشبخەن، بەڵام پنتاگۆن ڕەزامەندی لەسەر داواکارییەکەی سوپای ئیسرائیل نەداوە".

بەوتەی ڕۆژنامەکە، لەگەڵ ئەو ڕەتکردنەوەیشدا بەرپرسە ئیسرائیلییەکان ئومێدیان وایە لەماوەی ساڵی داهاتودا بتوانن بۆچونی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەوبارەیەوە بگۆڕن‌و بتوانن ئەو فڕۆکانە زوتر بەدەستبهێنن.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش بینی گانتسی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەمیانی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا ڕایگەیاند، بەبەرپرسە ئەمریکیەکانی وتوە کە ڕێنمایی دەرکردوە بەوەی ئامادەکاریی بۆ پەلاماردانی ئێران بکرێت، چاودێرانیش دەڵێن: هاوکات لەگەڵ گوشارەکانی ئیسرائیل بۆ توندکردنی سزاکانی سەر ئێران‌و پاشەکشەکردن لەگفتوگۆکانی تایبەت بەزیندوکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی، بەڵام هێشتا ئەمریکا پێیوایە، بژاردەی هێرشی سەربازیی دژ بەئێران دەبێت دوایین بژاردەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×