به‌هۆی په‌كه‌كه‌ سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ و ڕه‌نگه‌ بخرێته‌ زیندانه‌وه‌
  2021-12-28       1379       

ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، تۆمەتبار دەكرێت بەوەی لەناو شارەوانییەكەی خۆیدا بە سەدان كەسی لێیە، كە سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ن و مووچە وەردەگرن، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت شارەوانی ئیستانبۆڵ قەیووم بكرێت و ئیمامئۆغڵوش بخرێتە زیندانەوە.

ئاوێنه‌: سولەیمان سویلو، وەزیری ناوەخۆی توركیا، ئیمامئۆغڵو تۆمەتبار دەكات، بەوەی بە سەدان كەسی سەر بە پەكەكە لە شارەوانییەكەیدا بوونی هەیە، بەڵام ئیمامئۆغڵو ئه‌وه‌ رەت دەكاتەوە.

ئیمامئۆغڵو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی به‌وه‌ دا، پێشتر سویلو گوتبووی لەناو توركیادا تەنیا 150 كه‌سێكی سه‌ر به‌ پەكەكە ماوە، ئەی خێرە ئێستا دەڵێن بە سەدان پەكەكە تەنیا لەناو شارەوانیی ئیستانبۆڵدا هەیە؟ ئەی بۆچی نەهاتووە دەستگیریان بكات؟

میدیاكانی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)، باس لەوە دەكەن، كە شارەوانیی ئیستانبۆڵ قەیووم دەكرێت و ئیمامئۆغڵوش دەبێت دادگایی بكرێت.

موراد سابوونجوو، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، لە وتارێكدا كە لە ماڵپەڕی (T24) بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت لە توركیا دوو كەسایەتی بوونەتە مایەی ترس بۆ رەجەب تەییب ئەردۆغان، یەكەمیان سەلاحەدین دەمیرتاشە، ئەویش تریش ئەكرەم ئیمامئۆغڵووە.

سابوونجوو، لە وتارەكەیدا باس لە گرنگی پێگەی ئیمامئۆغڵو دەكات و پێیوایە "ئەگەر ببێتە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی داهاتووی توركیا، بە دڵنیاییەوە دەتوانێت لە ئەردۆغان بباتەوە، بۆیە لە ئێستاوە دەیانەوێت بەربەستی بۆ دروست بكەن".

لە لای خۆیەوە، فاتیح پۆرتوكال، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا، پێیوایە ئەگەر ئەردۆغان ئەو هەڵەیە بكات، ئیمامئۆغڵو بخاتە زیندانەوە، دووچاری شكستێكی گەورە دەبێتەوە.

پۆرتوكاڵ پێیوایە، دەبێت ئەردۆغان بزانێت بە دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو ناتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە، بە پێچەوانەوە وەكوو چۆن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، ئیمامئۆغڵو دووجار بردییەوە، ئەگەر دەستگیر بكرێت و قەیوومی شارەوانییەكەی بكەن، ئەردۆغان دووچاری شكستێكی گەورە دەبێتەوە، بۆیە بڕوا ناكات ئەردۆغان ئەو هەڵە گەورەیە بكات.

سابونجووش هەمان بۆچوونی پۆرتوكاڵی هەیە، بەوەی ئەگەر ئیمامئۆغڵو كاندیدیش نەكرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، پاڵپشتی لە هەر كاندیدێك بكات، ئەردۆغان حاڵی باش نابێت، بۆیە ئەگەر زیندانی بكرێت، خەڵك زیاتر سۆزی بۆی دەڕوات.

عەبدولقادر سەلڤی، نووسەری زۆر نزیك ئەردۆغان، ئەوە ناشارێتەوە كە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا ئۆپەڕاسیۆنێكی زۆر گەورە لەناو شارەوانی ئیستانبۆڵ دەست پێدەكات بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی سەر بە پەكەكەن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كە ئیمامئۆغڵو لە كارەكەی دوور بخرێتەوە و دەستگیر بكرێت.

سەلڤی لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (حوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی داوە، كە قسەی لەگەڵ سولەیمان سویلو، وەزیری ناوەخۆی توركیا كردووە، ئەویش گوتوویەتی ئێمە كارمان بە سەرۆكی شارەوانی نییە، تەنیا كارمان بەو كەسانەیە كە تیرۆرستن.

میدیاكانی توركیا و جیهان، قسەی زۆر لەسەر ئەو بابەتە دەكەن، بەشێكیان پێیانوایە چارەنووسی ئیمامئۆغڵوش وەكوو دەمیرتاشی لێ دێت و دەخرێتە زیندانەوە، بەڵام بەشێكی تر پێیانوایە، ئەگەر ئەردۆغان ئەو كارە بكات، دووچاری هەڵەیەكی گەورەی سیاسی دەبێتەوە و رێگە خۆش دەكات تا ئیمامئۆغڵو لە زیندانەوە ببێتە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و دەشتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە.

ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، توانی بەسەر كاندیدی ئاكەپەدا سەر بكەوێت كە بیناڵی یڵدرم بوو، لەو رۆژەوە لایەنگرانی وەكوو سەرۆك كۆماری داهاتووی توركیا ناوی دەهێنن و ئامادە دەكرێت تا لە هەلبژاردنی داهاتووی توركیا ببێتە ركابەری ئەردۆغان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×