وانەکانی زەریاب..
  2021-12-30       772       

جەواد خەلیل


زەریاب (۷۸۹-۸٥۰)ز هونەرمەند و دەنگخۆش و داهێنەرێکی مەزنی سەردەمەکەی خۆی بوو. ئەو کە بە ڕەچەڵەک کوردی بۆتان بوو، لە موسڵ پێگەیشت و بوو بە میوزیکژەن، ناوی تەواوی (ئەبو حەسەن عەلی بن نافع ) بوو، بەڵام بەهۆی دەنگخۆشی و ڕەشپێستیەکەیەوە پێیان دەوت زەریاب ( باڵندەیەکی ڕەشی خۆشخوانە).  زەریاب لە لایەن (هارون ئەلڕەشید)خەلیفەی ئەو سەردەمەی عەباسیەکانەوە ستایش دەکرێت، ئیدی لەمەوە دەکەوێتە بەر شەپۆلی ڕق و کینە و ئیرەیی مامۆستاکەی کە نێوی ( ئیسحاقی موسڵی)بوو، دوای ئەوەی کە چەن جارێک هەوڵی کوشتنی دەدا، ناچار دەبێ بەغدا جێبهێڵێت و ڕووبکاتە ئەندەلوس. چوونی زەریاب بۆ ئەندەلوس گۆڕانکارییەکی کلتوری و کۆمەڵایەتی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا، لەوەوە خەڵکی ئیسپانیا و تەواوی ئەوروپییەکان فێری ژیانێکی بەرزی ئەرستۆکراتیانە بوون و شێوازێکی تەواو جیاوازی ژیانکردن هاتە کایەوە.

زەریاب یەکەمین کەسە کە ڕاستەوخۆ ئەوروپیەکانی فێری پاکوخاوێنی کردووە، فێری کردوون خۆیان بشۆن و بۆنی خۆش لە خۆیان بدەن، لە پێش و پاش نانخواردنیش دەستیان بشۆن، فێری ددانشۆرینی پێش خەوتن و  شیکپۆشی کردن، فێری کردن ڕەنگی جل و بەرگیان و دیزاینەکەشی بە پێی وەرزەکان بگۆڕن. تەنانەت شێوازی باوی نانخواردنی لە دونیادا گۆڕی و جۆری خواردنەکانی بە پێی کاتی ژەمەکان ڕێکخست، یەکەمین کەسە سوپی خستە سەرەتای خواردن و دواتر ژەمی سەرەکی دانابوو، دوای ئەویش سەوزە و میوەکان. زەریاب ڕەچاوی لایەنی تەندروستی مرۆڤی دەکرد لە ڕێکخستن و خواردنی ژەمەکاندا، بۆیەش زۆرێک لە مێژوونوسان بە دامەزرێنەری چێشتخانەی هاوچەرخی دەزانن. ئەمە جگە لەوەی ئەو یەکەمین کەس بوو شێوازی قژداهێنان و جوانکاری بە شێوازی مۆدێرن داهێنا و خەڵکی فێر کرد ستایلی جیاوازی پرچ داهێنان تاقیبکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکەمین ساڵۆنی ڕۆژئاوایی بە گەڕانەوە بۆ بیرۆکەی زەریاب دامەزرا.

زەریاب یەکەمین کەسە لە مێژووی جیهاندا بە دوای شێوە ژیانێکی بەرز و ئەرستۆکراتیانەدا گەڕاوە و بە کردەوەیش هەوڵی بۆ داوە، نەک بە تەنها بۆ خۆی، بەڵکو بۆ تەواوی کۆمەڵگا. لای زەریاب پاک ژیان و جوان ژیان کرۆکی مەزنێتیە، ئەو دەیویست لە یەککاتدا خەڵکی هەم تێگەیشتوو بن و هەمیش بە ئەتەکێت وشارستانی.ئەو هانی خەڵکی دەدا تێڕوانینێکی ئیستاتیکیانەیان هەبێت بۆ ژیان و دەوروبەر، هانی دەدان لە هەڵبژاردنی شێوازی جل و بەرگ و شیکپۆشی و خواردن و خواردنەوەکانیان، تەنانەت شێوازی ڕێکردن و ئاخاوتن و پێکەنینیان، ورد و بە سەلیقە بن و هەوڵبدەن بە باشترین شێوە دەربکەون. فێری دەکردن کە هونەری مەزن چیه و داوای لە خەڵکی دەکرد تەنها گوێ لە مۆسیقا و دەنگی جیاواز و مانادار و تایبەت بگرن و خۆیان لەو کەسانە دووربخەنەوە کە هونەری ئاست نزم پێشکەش دەکەن.

       داهێنانەکانی زەریاب لە هونەر و میوزیکدا

۱. گۆڕانکاری لەو مادانەدا کرد، کە ئامێری عودی لێ دروست دەکرا و  ژێی پێنجەمی بۆ ئامێری (عود) دانا.

۲. کردنەوەی پەیمانگایەکی هونەریی لە ئەندەلوس، کە بە یەکەمین پەیمانگای هونەریی دادەنرێت لە سەرتاسەری جیهاندا، بۆ مەبەستی فێربوونی شێوازەکانی ژەنین و تاقیکردنەوە دەنگییەکان و ئاشنابوون بە ئامێر و کەرەستە میوزیکیەکان.

۳. بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، کۆمەڵێک کچی هێنایە نێو پەیمانگاکەی و فێری ژەنینی ئامێرە مۆسیقیەکانی کردن، کە بەشێک لەوان دواتر بوون بە هونەرمەندی ناسراو، لەوانە: ( عەجفا و عابیدە و قەمەر). ئەمە بۆ ئەو سەردەمە، شۆڕشێکی فەرهەنگی و کلتوری گەورە بوو.

٤. نۆتەکانی مۆسیقای نووسییەوە و هەوڵیدا بە شێوازێکی ئەکادیمیانە قوتابی هان بدات فێری ژەنیی ئامێرەکان بن.

      ئایا زەریاب هۆکاری ڕووخاندنی ئەندەلوس بووە؟

زۆرێک لە مێژونوسانی عەرەبی و ئیسلامی، زەریاب بە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕووخاندنی ئەندەلوس دادەنێن! لەبەرئەوەی پێیان وایە خەڵکی لە ئاین دوورخستۆتەوە و هانیداون لە نێو خۆشی و کەیف و سەفادا بژێن و جەنگ و شەڕکردن لە بیر بکەن!

لە ڕاستیدا، ئەمە حوکمدانێکی ستەمکارانەی مێژوونوسانی عەرەبە بەسەر کەسایەتیەکدا، کە جگە لە چاکە هیچی تری پێشکەشی ئەندەلوس نەکردووە. ئەوەی "مێژووی ئەندەلوس"ی خوێندبێتەوە دەزانێت کە دەیان هۆکاری گەورە و گرنگ هەبوون بۆ ڕووخاندنی، لەوانەش بێ هێزی دوا خەلیفەی ئەندەلوس و نەبوونی سوپایەکی تۆکمە و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و کێشە ناوخۆییەکان و ڕاپەڕینی شارەکان.

                   لە زەریابەوە چی فێر دەبین؟

باش ژیان و جوان ژیان دوو چەمکی پڕ بە باڵای هەوڵ و بیرکردنەوەکانی زەریابن. ئەو لەو بڕوایەدا بوو مرۆڤ بۆ ئەوەی هەم خۆی چێژ لە دونیا ببینێ و هەمیش دەوروبەرەکەی بە بوونی ئاسوودە بن، دەبێت ژیانێکی باش و شایستە بژێت و  تێڕوانینی خۆی بۆ ئەو جیهانەی تێیدایە بگۆڕێت و باشتری بکات. کەسێک کە تێڕوانینێکی بەرز و مەزنی هەبێ بۆ شتەکانی چوار دەوری، کەسێک نیە بە شتە کۆن و هاکەزاییەکان ڕازی بێت، بەڵکو کەسێکە کە بەردەوام لە هەوڵی چاککردن و بەرەو پێشبردنی شتەکاندایە و دەیەوێ تا بەرزترین ئاستی جوانی بیانبا و لەوێوە چێژی تەواوەتی لە ژیان وەربگرێت.

لە نک زەریاب، چاوی مرۆڤ زۆر لەوە بە نرخترە کە تەماشای شتی ناشرین و ناچیزە و قێزەونی پێ بکرێت و گوێیشی لەوە زۆر بە بەهاترە کە دەنگی ناساز ببیسێ، بۆیە دەبێت مرۆڤ بزانێت چ دەکا و چ دەپۆشێ و چ دەخوا و گوێ لە چی دەگرێ و تەماشای چ شتێک دەکا! مرۆڤ دەبێ خۆی بە جوانترین و ڕێکترین شێوە پیشانی دەوروبەر بدا و لەو خووە ناشرینانە دووربکەوێتەوە کە کەسایەتی و مرۆڤبوونی لەکەدار دەکەن.

گرنگی زەریاب لەوەدا بوو دەستکاری وردەکارییە بچووکەکانی ژیانی دەکرد و هەوڵی باشترکردن و گۆڕینیانی دەدا، بە پێچەوانەی زۆرێکەوە کە بانگەشەی گۆڕانکاری گەورە داغانی کردوون و لە ناو وردەکارییە کۆن و ڕزیوەکانی ژیانی خۆیاندا چەقیون، زەریاب بە ئێمەی مرۆڤی گوت :  (پێش گۆڕینی دونیا، خۆتان بگۆڕن، خۆتان ببنە نمونەی ئەو گۆڕانکارییەی کە خوازیارن لە ژیانی گشتیدا ڕووبدات).

 

 

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×