ونبوونی هیوا لە ململانێی نێوان ژیان و مردندا لە شیعری " هەوار " ی مارف عومەر گوڵ دا 
  2022-01-16       895       

 نوسینی: عەتا قەرەداخی

 

[ تەمەن شەپۆلە رامانداماڵێ]

                                           -١-

مارف عومەر گوڵ یەکێکە لە شاعیرانی نەوەی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، کە تاکو ئێستاش بەردەوامە. ئەو پێنج کۆمەڵە شیعری بڵاوکردووەتەوەو لەم دواییانەشدا هەر پێنچ کۆمەڵەکەی لە بەرگێکدا بە ناوی پێنج دیوان پێکەوە بەچاپگەیاندووە. ئەوەی جێگای تێبینیە شیعر لای ئەم شاعیرە وەکو بەرهەمێکی خۆڕسک دەربڕی سروشتی هەست و سۆزو ناخی سادەو خاوێنە. ئەم بەهرەیەکی شیعری باشی هەیە، بەڵام وەکو پێویست هەوڵینەداوە ئەو بەهرەیە بەسەرچاوەی بیرو لێکدانەوەی قوڵ و بنەماکانی جوانناسی و جیهانبینی مەودا فراوانتری مرۆیی، یان گەردوونی دەوڵەمدنتر بکات. واتە ئەگەر بەو ئەندازەی کە بەهرە خۆڕسکیەکەی سەرچاوەیەکی بەهێزو دەوڵەمەندی بەرهەمهێنانی شیعرو شیعریەتە، لە رووی تیۆرییشەوە لە ئاستی شێوازو جیهانبینیشدا بەهرە خۆڕسکیەکەی دەوڵەمدن بکردایە، پێگەیەکی بەهێزتری دەبوو لە جوگرافیای شیعری نوێی کوردیدا.

ئەو بە زمانێکی پاراو و بێ گرێ و گۆڵ دەنووسێت، رەگەزەکانی بەرهەمهێنانی شیعر لای ئەو رەگەزە کوردییەکانن. سروشتی کوردستان و توخم و رەگەزەکانی نێو سروشتی کوردستان و رووداو و چیرۆک و بەسەرهات و پاڵەوانی کوردی رەگەزی سەرەکی پێکهاتنی دەقەکانێتی. وێنە شیعرییەکانی بەرجەستەکراوی سروشت و پێکهاتەکانی ژینگەی کوردەوارین. ئەم بەم زمانە پاراوە کوردیەو بە وێنەی شیعری بەرجەستەکراوی نێو زەمینەی کوردی و بە هونەرەکانی رەوانبێژی بە تایبەتی لێکچوون و میتافۆرو دووانەی دژ و بەرامبەر و بە مۆسیقای ناوەوەی دەق ئاستێکی باش لە شیعریەت بەرهەم دەهێنێت. جیهانبینی دەقەکانی دابەش دەبن لە نێوان جیهانبینی ناوچەیی، تایبەتی و هەندێجاریش پەل دەهاێژێت بۆ بەرهەمهێنانی جیهانبینی مەودا فراوانی گەردوونی، بە تایبەتی لە پرسی پەیوەست بە بابەتی ژیان و مردندا کە وەکو دووانەیەکی دژ و وەکو چەمکی ژیان و مردنیش ئامادەبوونی بەرچاوی هەیە لە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەدا. 

لێرەدا ئێمە هەوڵدەدەین شیکردنەوەی یەکێک لە دەقەکانی ئەم شاعیرە بکەین کە ئەویش دەقی شیعری "هەوار"ە، کە ساڵی ١٩٩٦ لە تاراوگە نووسیووێتی و لە لاپەڕە ( ٤٣٨ ) ی کۆبەرهەمەکانیدا کە ساڵی ٢٠٢١ چاپکراوە، بڵاوکراوەتەوە.

ناونیشانی ئەم دەقە شیعریە " هەوار"ە، کە بێگومان ئاشکرایە ناونیشان نەک هەر پەیوەندییەکی بەهێزی بە دەقەوە هەیە، بەڵکو ناونیشان وەکو چڕکردنەوەی پرسیارو جیهانبینی دەق سەیردەکرێت، یان چەتری کۆکەرەوەی کۆی وردەکاری دەقە لە ئاستی جیهانبینی و بنیادی دەقەکەدا. ئەمە بێجگە لەوەی کە ناونیشان وەکو کلیلی دەق سەیردەکرێت و لە دەقی زیندوودا ناونیشان رێگای چوونە ناو بنیادی شاراوەی دەق دەکاتەوەو نەک هەر یارمەتیدەری رەخنەگر، یان شیکەرەوەو راڤەکەری دەقەکەیە، بەڵکو یارمەتیدەری خوێنەری ئاساییشە بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەقەکە تێبگات، یان چێژی لێوەربگرێت.

"هەوار" وەکو وشە لە زمانی کوردیدا وشەیەکی کۆنەو بە لایەنی کەمەوە لە رووی ئیتمۆلۆجیەوە مێژووی دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ سەروەختی یەکەمین نیشەجێبوون لە شوێنێکدا کە دەشێت نیشتەجێبوون بووبێت بۆ ماوەی کورت خایەن. ئەو شوێنەی بۆ ماوەیەکی کورتخایەن یان دیاریکراو خێزان و تیرەو خێڵە کۆچەرییەکانی کورد تیایدا ماونەتەوە، پێی گوتراوە هەوار. نیشتەجێبوونی ناو هەوار، لە شێوەی دەوار هەڵدان یان کەپرکردندا بووەو دەشێت ئەو قۆناغە وەکو قۆناغی پێش نیشتەجێبوونی تەواو لە گونددا سەیر بکرێت، یان لە دوای نیشتەجێبوونیش لە گونددا، گوندنشینی کوردەواری بە پێی وەرزەکانی ساڵ هەندێجار گوندەکەیان بەجێهێشتووەو چوونەتە شوێنێکی تر. بۆ نموونە لە وەرزی هاویندا خاوەن ئاژەڵەکان گواستوویانەتەوە بۆ ئەو شوینانەی کە ئاودارترو فێنکتر بوون و لەوەڕگای باشیان تیادابووە بۆ ئاژەڵەکانیان. لەوێ هەواریان خستووە تا وەرزی پایزو لەگەڵ باران و ساردبوونی ئاووهەوادا گەڕاونەتەوە بۆ ناو گوند. هەروەک لە گەرمیان و کوێستانی خێڵە کوردیشدا ئەو شوێنەی بۆ ماوەیەک خێڵی تیادا ماوەتەوە دیسان پێی گوتراوە هەوار. لە سەردەمی نوێشدا وشەی هاوینە هەوار بۆ ئەو شوێنانە بەکاردێت کە لە وەرزی گەرمی هاویندا، لە شوێنانی تر فێنکترن و خەڵک روویان تێ دەکەن بۆ بەسەربردنی چەند کاتێک لەو شوێنە فێنکانە. کەواتە ئێستا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات: ئایا ئەم لێکدانەوەیە هیچ پەیوەندییەکی بەم ناونیشانەوە هەیە؟

ئەم شیعرە لە شاری لێیژ لە وڵاتی بەلژیک نووسراوە. پەیوەست بەوی شاعیر ئەو شوێنەی کە ئەوکاتە لێی جێگیربووە، وەکو هەوار وایە چونکە شوێنی راستەقینە، یان زێدی خۆی نەبووەو مانەوەی لەوێ کاتی بووە. لەم روانگەیەوە ئەو شوێنەی دەقەکەی تیادا بەرهەمهاتووە، خاسێتی هەواری هەیە. کەواتە دەشێ لە رووی شوێنی بەرهەمهێنانی دەقەکەوە، هەوار بە مانای ماوەیەکی کاتی و کورت دێت، کە ئەوی شاعیر لێی ماوەتەوە. هەروەک شیکردنەوەی دەقەکە ئەوە بە روونی دەردەخات کە وشەی هەوار ئەگەر وەکو شوێن بەکارنەهێنرێت، دەلالەتی ژیان هەڵدەگرێت، کە بە گوێرەی هەموو زیندەوەران بەگشتی و مرۆڤ بە تایبەتی ماوەیەکی کورت و کاتیە. واتە ژیان یان تەمەن کورت خایەنە هەمان شێوەی هەوارخستنی خێڵ و هۆزە کوردەکان کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە شوێنێک هەوار دەخەن. لەم روانگەیەوە ژیانی هەموومان وەکو هەوارخستن وایە لەسەر ئەم زەویە، کە بۆ ماوەیەک دەمێنینەوەو پاشان بۆ هەتا هەتایە بەجێیدەهێڵین.

هەروەک دەشێ لە ئاستێکی دیاریکراودا، هەوار هەرچۆن شوێنی نیشتەجێبوونی کورت خایەن دەگەیەنێت، پەیوەست بە ژیانی کورتی مرۆڤ، مانای نیشتیمانیش ببەخشێت، بەتایبەتی پەیوەست بەوکاتەی دەقەکە بەرهەمهاتووە کە شاعیر لە تاراوگە بووە، وەکو مەجاز هەواری لە شوێنی نیستیمان دانابێت. سەرئەنجامیش داوا دەکات هەوار وێران نەکرێت. ئەمەش لە ئاستێکی تردا پەیوەستبوونی ئەو بە هەوارەوە واتە بە نیشتیمانەوە نیشان دەدات.

                            -٢-

دەقی شیعرەکە: 

گوڵستانی رووح  تەرزە دایکوتا،

 پووش و پەڵاشە سەوزەڵانی ژین 

ئەستێرەم دەدوان بە نیوە شەوێ 

خۆم نەگریام و ئەو کەوتە گرین

*         *          * 

خۆرەتاوی دەم کەلی سبەینێی،

بەفرگرتوو بوو هێنامییە شنە

پیاهەڵپژانی ژیان و مەرگە،

خونچەی ئاواتی لە بەیندا ونە.

*         *            *  

تەمەن شەپۆلە راماندەماڵێ

نەکەن دارستان ئاگرباران کەن

چاوی هیوامان ئەوا داڕژا

نەتانکردبێ هەوار وێران کەن.

ئەگەر سەرنجی پێکهاتەی زمانیی ئەم دەقە بدەین، دەبینین لە سێ کۆپلە پێکهاتووەو هەر کۆپلەیەک لە چوار نیوە دێڕ پێکهاتووەو هەموو دەقەکە بە پیتی ناوبەندیشەوە لە پەنجاو دوو وشە پێکهاتووە. ناو زیاترین رەگەزی زمانییە لەم دەقەداو نزیکەی نیوەی وشەکان ناون و دوای ئەویش فرمان دێت کە بریتین لە فرمانی تەواو و فرمانی ناتەواو کە پێکەوە چواریەکی وشەکانی ئەم دەقەن. ئاوەڵناو کەمترین رێژەی داگیرکردووە. ئەمەش لە رووی ئەرکی رەگەزەکانی زمان پێکەوە لە بری ئەوەی دەقەکە بکاتە دەقێکی وەسفی، دەیکاتە دەقێکی کرداری، واتە دەقێک کە کاری تیادا ئەنجام بدرێت. کات لەم دەقەدا کە دەمی فرمان دیاری دەکات بریتیە لە رابردوو، رانەبردوو. هەندێ رستە راستی جێگیر دەردەبڕن، ئەوانە رانەبردووی سادەن. هەندێ رستەش لە ئاستی بینراودا داخوازی نەرێن بۆ ئەنجامنەدانی کار لە داهاتوودا. هەروەک دوا دێڕی دەقەکەش پرسیاری نەرێیە. کەواتە ئەم دەقە شیعریە کە رووبەرێکی بچووکی داگیرکردووە، لە رووی زمان و بنیادی کاتەوە هەرسێ دەمی رابردوو، ئێستا و داهاتوو لەخۆ دەگرێت. ئەمەش ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە هیچ شتێک لەم گەردوونەدا ئەوە نییە کە تەنیا لە ئیستادا هەیەو ئەوەش نییە کە بەهەڵواسراوی لە بۆشایدا هەبێت. هەموو شتێک کە لە ئیستادا هەیە رەگوڕیشەی رابردووی هەیەو تەنانەت ئەگەر لە ئیستاشدا لەناوبچێت یان بمرێت بەجۆرێک کاریگەری لەسەر داهاتوو دەبێت، ئەگەرچی ئەو کاریگەرییە کەم و سنوورداریش بێت. هەروەک هیچ شتێک نییە لەم گەردوونەدا پەیوەندی بەو ژینگەو دەوروبەرەوە نەبێت کە تیایدا لەدایک بووە. هەروەها هەموو شتێک بە ئاستی جیاواز کاریگەری دەرەوەی خۆیی لەسەر دەبێت، هەم ئەم کاریگەری لەسەر دەرەوەی خۆی دەبێت. وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد بەشێکی فرمانەکانی ئەم دەقە فرمانی ناتەواون، ئەوەش بەجۆرێک کاریگەری دەبێت لە سەر جوڵەو رووداو لە پانتایی دەقەکەداو ئەگەر تەنیا لە ئاستی بینراوی دەقەکە بڕوانین، ئەوا وەکو دەقێکی وەستاو لە رووی جوڵەوە دێتە بەرچاو، بەڵام لەپشتی ئەم ئاستەوە جوڵەو کردار هەیە.

یەکەم کۆپلەی دەقەکە بە رستەیەکی راگەیاندن دەستپێدەکات، کە رایدەگەیەنیت "گوڵستانی رۆح تەرزە دایکوتا". رۆح وەکو رەگەزێکی نامادی لە رێگای خستنەپاڵی وشەی گوڵستانەوە وەکو رەگەزێکی مادی بەرجەستە دەکرێت و تەرزە دایدەکوتێت. ئێستا خەیاڵمان بۆ بینینی دیمەنی گوڵستانێکی وەرزی بەهار دەچێت، کە تاوە تەرزە دەبارێت بەسەریداو دەیکوتێت و پەڕەی گوڵەکانی ئەو گوڵستانە قەشەنگە هەڵدەوەرێنێت. دیمەنی گوڵستانێک کە تەرزە کوتابێتی هاوشێوەی دیمەنی شارێکە کە کارەساتێک وەکو بومەلەرزە، لافاو یان جەنگ وێرانی کردبێت. ئەم لە رێگای ئەم وێنەیەوە واتە "گوڵستانی رۆح" کە وێنەیەکی جوانە سەرنجمان ڕادەکێشێت و دەشێ راستەوخۆ هەست بە جۆرێک لە چێژی جوانی بکەین، بەڵام نیوەی دووەمی دێڕەکە " تەرزە دایکوتا"، ئەم وێنە جوانەمان لێ دەشێوێنێت و راستەوخۆ ئەو چێژی جوانیەی هەستمان پێدەکردو خۆشیەکی پێدەبەخشین، دەگۆڕێت بۆ نیگەرانی و خەم، چونکە کوتانی تەرزە راستەوخۆ وێنەکە دەشێوێنێت و دیمەنی وێرانبوون، یان کارەسات لەبەر دیدەی خوێنەردا ئامادە دەکات. واتە جوانی و چێژی جوانی دەگۆڕێت بۆ وێرانبوون و خەم و کارەسات. ئەگەرچی رۆح لێرەدا خاسێتێکی گشتی هەیە، بەڵام پەیوەست بە کەسی شاعیرو ئەو زەمینەی دەقەکەی تێدا بەرهەمهاتووە، دەشێت بگوترێت شاعیر باسی رۆحی خۆی دەکات، کە چۆن تاراوگەو دووری لەزێدو نیشتیمان ماندووی کردووەو وەکو ئەوە وایە گوڵستانێکی بەهار بێت و تاوە تەرزە کوتابێتی.

ئەم ژیان بە سەوزەڵان وەسف دەکات. رەنگی سەوز هێمای ژیانەوەو زیندووێتیە. ئەم وێنەیە ژیان وەکو وەرزی بەهار نیشان دەدات، بەڵام ئەم سەوزەڵانیە کە وەکو خاسێتێکی جێگیرو هەمیشەیی ژیان باس دەکرێت، ئێستا وەکو خۆی نەماوەو گۆڕاوە بۆ پووش و پەڵاش. پووش و پەڵاش دەلالەتی وشکی و نەبوونی ژیان و قەیرانی زیندەگانی هەڵدەگرێت. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات ئێستا ژیان رەنگ و تام و چێژو زیندوێنتی تیادا نەماوەو رەنگی زەردو بێ گیانیی پووش و پەڵاشی پۆشیووە. بێگومان کاتێک کە رۆح سەرکوت کرابێت و ئێستا وێرانە بێت، مانای وایە ژیان لەکەناری مەرگدایە. ئەمەش راستەوخۆ فەزای کارەسات و مەرگەسات درووست دەکات. رستەی دووەم " پووش و پەڵاشە سەوزەڵانی ژین"، دەمی رانەبردووی سادەیە. هەمیشە بۆ دەربڕینی راستیە جێگیرەکان و ئەو رووداوانەی کە بەردەوام دووبارە دەبنەوە لە زماندا دەمی رانەبردووی سادە بەکاردەهێنرێت. کەواتە لێرەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە سەرباری ئەوەی ژیان دەبێت وەکو سەوزەڵان وابێت و هەمیشە سەوزو جوان و پڕ لە جوڵە بێت، بەلای ئەمەوە ژیان بە بەردەوامی زەردو بێ جوڵەو بێ گیانە و وەکو پووش و پەڵاش سووک و بێ گەوهەرەو تەنانەت دەشێت شنە بایەک رایبماڵێت.

ئەم باسی ئەوە دەکات کە بە نیوە شەوێ ئەستیرەی دواندووە. ئەم رووداوە، یان ئەم کارەی کردوویەتی لە رابردوودایەو رابردوویەکی بەردەوامیشە، واتە زیاتر لە جارێک نیوە شەوان ئەستیرەی دواندووە. ئەم بەم بارودۆخەیەوە کە تیایدا گوڵستانی رۆحی تەرزە کوتاوێتی و سەوزەڵانی ژیانی بووەتە پووش و پەڵاش، هێشتا ئەستیرەی نیوە شەو دەدوێنێت، لە ئەنجامیشدا ئەستێرە دەکەوێتە گریان. ئەمەش کاریگەری دواندن، یان گێڕانەوەکەی ئەم و ترسناکی ئەو شتانە نیشان دەدات کە ئەم لێیان دەدوێت. ئەم ئازاری ئەو بارودۆخەی چەشتووەو بە کردەوە تیایدا ژیاوە کە دەشێت ئەو کاتانە قورسی ئەو خەمانەو ئازارەکانیان وایان لێکردبێت بگری، بەڵام بۆ ئێستا باسکردنی شتەکان، یان گێرانەوەو بەیادهاتنەوەی ئازارەکان دەشێت شتێکی ئاسایی بن، بەڵام بۆ ئەستێرە دەشێ کاریگەرتر بن، هەر بۆیە ئەستێرە دەخاتە گریان. بێگومان گێڕانەوەی خەم و نیگەرانی و ئازارو ژانەکانیان بۆ کەسانی تر، یان تەنانەت بۆ ئاژەڵ و باڵندەو رووەک و تەنانەت بۆ رەگەزە نازیندووەکانی سروشتیش شتێکی ئاساییە. واتە گرنگ نییە بۆگێڕەرەوە کێیە یان چییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە گێڕەرەوە لە کرداری گێڕانەوەدا ئەوەی لە ناخیدا پەنگی خواردووەتەوەو ناخی داگیرکردووە دەگێڕێتەوەو بەوەش لە رووی دەروونیەوە خۆی خاڵی دەکاتەوەو بەجۆرێک دەگاتە حەوانەوەیەکی دەروونی و هەندێجار حەوانەوەی رۆحییش. پاڵەوانی یەکێک لە چیرۆکەکانی چێخۆف خەم و ئازارەکانی بۆ ئەسپێک دەگێڕێتەوە.

رەنگە لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات ئایا دەشێت ئەستێرە هێما بێت بۆ کەسێک و شاعیر مەبەستی ئەوە بێت لە نیوەشەواندا کەسێکی دواندووەو باسی خەم و ئازارەکانی خۆیی بۆ کردووەو سەئەنجام کاریگەری خەم و ئازارەکانی ئەم، ئەو کەسەی خستبێتە گریان؟ بێگومان لێکدانەوەی "ئەستێرەم دەدوان" بەم ئاراستەیە ئەگەرێکی زۆر لاوازی هەیە.

                                         -٣-

ئەم باسی ئەوە بۆ خوێنەر دەکات کە سەیری خۆرەتاوی بەربەیانی کردووە کاتێ لە دەم کەلەوە سەردەردەهێنێت. لێرەدا پێشبینی دەکرێت خۆر بە تیشکێکی زیوینەوە لەکەل بێتەدەرو هەتاو و تینی هەتاو دنیا بگرێتەوە. بەڵام ئەم باسی ئەوە دەکات کە ئەو خۆرەتاوە بەفرگرتوویەتی. ئاشکرایە خۆر سەرچاوەی گەرمیەو بەفریش کە دۆخی رەقی مادە نیشان دەدات سەرچاوەی ساردی بەخشەو وەکو هێمای ساردی سەیردەکرێت. ئەوەی چاوەڕوانکراوە تیشکی خۆر بەفر دەتوێنێتەوە. بەڵام لێرەدا بەفرگرتوو بۆ وەسفکردنی خۆرەتاو بەکاردێت، کە ئەوەش جۆرێک لە نەگونجان نیشان دەدات، بەڵام لە ئاستێکی تردا دەشێت وەها لێکبدرێتەوە کە بەفرگرتوو بۆ وەسفی دەم کەل بەکارهاتبێت و لەم بارەدا وەسفەکە گونجاوتر دەبێت و ئەو وێنەیەی بەرهەم دێت " تیشکی خۆری بەیانی دەم کەلی بە بەفر پۆشراو" وێنەیەکی جوانی نێو ئەم سروشتەیەو تەنانەت وێنەیەکی باو و ناسراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جوانیەکی لە ئەندازەبەدەری هەیە. ئەم وێنە نەخشێنراوە جوانە ئەو دەهێنێتە شنە. شنە جۆرێکە لە جوڵەی با، بەڵام نەک هەموو با-یەک، بەڵکو تەنیا بای شەماڵ کە با-یەکی هێمن و لەسەرخۆ و فێنک و خاوێن و ئارامبەخشە. ئەم وێنە جوانە، ئەم دەخاتە سەر جوڵەیەکی لەو جۆرە کە خاسێتەکانی شنەی شەماڵی هەبێت. واتە جوانی ئەم وێنەیە کاریگەری خۆی لەسەر ئەم دیاری دەکات و بەجۆرێک دەیبزوێنێت بەڵام بزواندنێکی هێواش، کە بێگومان سەرچاوەی ئەو بزواندنە هێواشەش کە ئاسودەیی بە رۆحی دەدات ئەو چێژی جوانیەیە کە ئەم لە بینینی ئەو وێنەیەدا وەریدەگرێت، کە وەکو تابلۆیەک بەرجەستە دەبێت.

بەریەککەوتنی تیشکی خۆرو بەفر، کە بریتیە لەبەریەککەوتنی گەرم و سارد، هاوشێوەیە لەگەڵ پەیوەندی نێوان ژیان و مردندا. لێرەدا لە دوای درووستبوونی دووانەی گەرم / سارد کە لە پەیوەندی نێوان خۆرەتاوی سبەینێ و بەفری دەم کەلدا دروست دەبێت، دووانەی ژیان / مردن بەرهەم دێت. ئەمی شاعیر پەیوەندی نێوان ژیان / مردن، وەک پیاهەڵپژان نیشان دەدات. ئەمەش بە تەواوی لەگەڵ پەیوەندی ئەم دووانەیەدا وەکو دووانەیەکی دژ، یان بەرامبەر بەرجەستەکردنێکی گونجاوە. ژیان بەردەوام ململانێی مردن دەکات و دەیەوێت بەسەریدا زاڵ بێت. لە بەرامبەردا مردن هەمیشە لە هێرش کردندایەو رێگانادات ژیان بەسەریدا زاڵ بێت و بوونی بسڕێتەوە. ئەم لەبەرامبەر یەکتر وەستانە، کە هەر جەمسەرەو دەیەوێت پارێزگاری لە بوونی خۆی بکات و رووبەری هەژموون و دەسەڵاتی خۆی فراوان بکات، وەکو ململانێیەکی تووند دەردەکەوێت کە هەڵپژانە و سروشتی ململانێ و هێرش بۆ سەر یەکتریکردنی هەیە. هەڵبەت ئاشکرایە هاوسەنگی سروشت بەرهەمی پەیوەندی و ململانێ و لەبەرامبەر یەکتروەستانی دووانە دژەکانە. ئەگەر بێت و هەرکام لە جەمسەرەکانی ئەم دووانە دژانەی کە هاوسەنگی سروشت، یان گەردوونیان دروست کردووە، پاشەکشە بکات و توانای هاوسەنگبوون لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا لەدەست بدات، ئەوە ئەو هاوسەنگیە تێکدەچێت و هارمۆنیای گەردوون دەشێوێت. بۆ نموونە ئەگەر ژیان بەسەر مردندا زاڵ بێت و مردن نەمێنێت، ئایا چ پێشبینیەک بۆ ئایندەی گەردوون بەگشتی، یان گۆی زەوی بە تایبەتی دەکرێت؟ یان بە پێچەوانەوە ئەگەر جەمسەری مردن بەسەر ژیاندا زاڵ بێت، واتە ژیان بەرەو کۆتایی دەچێت، ئەوەش نەک هەر تێکچوونی هارمۆنیای گەردوونە، بەڵکو دەبێتە کۆتاییهاتنی بوون. هەربۆیە ژیان و مردن بەردەوام لە بەرامبەر یەکتردا وەستاون و هاوسەنگی نێوانیان دەپارێزرێت. پەیوەندی نێوانیان وەکو ململانێ و دژایەتیکردنی یەکتر وایە. بەڵام پێشبینی ئەوە ناکرێت براوە یان دۆڕاو، سەرکەوتوو یان بەزیووی تێدا بێت.

لە هەڵپژانی بەردەوامی هەریەکە لە ژیان و مردن بەیەکتردا، سەرباری دەرکەوتنی پەیوەندی نێوانیان وەکو شتێکی ئاسایی، بەڵام هێشتا ئاڵۆزی لەو پەیوەندییەدا هەیە، بە جۆرێک سەرباری هاوسەنگی نێوانیان کە لە جەمسەری ژیانەوە سەیری جەمسەری بەرامبەر واتە مردن بکرێت، ئەوا هەست دەکرێت کە هەرچی ئاوات هەیە لەبەردەم هەڕەشەی مردندایە، واتە رووبەری نێوان ژیان و مردن، رووبەرێکە لەبەردەم هەڕەشەدایە بۆیە ناشێت خونچەی هیچ هیواو ئاواتێک لەو رووبەرەدا شین ببێت یان بکرێتەوە. دیسان لەم کۆپلەیەدا دوو نیوە دێڕی یەکەم دەمی رابردوو نیشان دەدەن، کە باسی رووداوێک دەکەن لە رابردوودا روویداوە، کە خۆرەتاوی بەربەیانی دەم کەلی بەفرگرتوو ئەمی هێناوەتە شنە یان جوڵە. دوو نیوە دێڕی دووەم کە باسی راستیەکی هەمیشەیی دەکەن کە لە بەرامبەر یەکتروەستانی ژیان و مردنە، دەمی رانەبردووی سادەیە. ژیان و مردن هەمیشە بەرامبەر یەکتر وەستاون. ئەمەش راستیەکی رەتنەکراوەیە. هەروەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد بۆ گوزارشت کردن لە راستی، دەمی رانەبردووی سادە بەکار دێت.

                                          -٤-

شاعیر باسی تەمەن دەکات و بە شەپۆل وەسفی دەکات. ئاشکرایە سەپۆل خاسێتی دەریاو زەریاکانە، هەرچەندە لە رووی لۆجیکی زانستەوە شەپۆل وەکو کار سەیرناکرێت، چونکە لادان نابڕیت، بەڵکو هەمیشە لە شوێنی خۆیدا دروست دەبێت و دەجوڵێت و دەکوژێتەوە، یان کۆتایی دێت، بەڵام لە مەودای جوڵەی خۆیدا هەرچی بێتە بەردەمی رایدەماڵێت، بە تایبەتی لە کاتی باوباران و زریاندا، یان لە کاتی گۆڕانکاری لە کەش و هەوادا، شەپۆلەکان بەهێزتر دەبن و سەرباری دیمەنی جوانیان وەکو هێزێکی تێکدەرو وێرانکەر سەیر دەکرێن، بەلەم و کەشتی نقوم دەکەن، هەندێجار کەنارەکان دەشێوێنن. ئەو تەمەن بە شەپۆل وەسف دەکات، واتە هەرچۆن شەپۆل هەموو ئەو شتانە رادەماڵێت کە دێنە بەردەمی، تەمەنیش هەموو زیندەوەران بە مرۆڤیشەوە رادەماڵێت. ئاشکرایە هەر چەشنێکی زیندەوەر تەمەنێکی دیاریکراوی خۆیی هەیەو کۆتاییەکەی مردنە. وەسفکردنی تەمەن وەکو هێزێکی ڕاماڵەر، ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە ژیانی ئێمە ماوەیەکی دیاریکراوە، لەبەرئەوە پێویستە مرۆڤ هیچ کارێکی نەرێنی نەکات. هەربۆیە داوامان لێ دەکات، خۆمان بەدووربگرین لە ئاگربارانکردنی دارستان. ئایا مەبەست لە دارستان لێرەدا تەنیا دارستانە، یان مەبەست سروشتە بە هەموو پیکهێنەرەکانیەوە؟  بێگومان ناشێت لەبەر ئەوەی تەمەن وەکو شەپۆل رامان دەماڵێت، ئەو تەنیا داوامان لێ بکات بەدوور بین لە ئاگربارانکردنی دارستان، بەڵکو زیاتر بەلای ئەو لێکدانەوەیەدا دەچین کە بەدووربین لە تێکدان و ناشیرینکردنی سروشت بەهەموو توخم و رەگەزەکانیەوە. دەشیت دارستان وەکو وشەیەک، یان دالێک بکرێتە هاوتای وشە، یان دالی سروشت. ئەویش لەو روانگەیەوە کە سروشت لە چەندین رەگەزی جۆراوجۆری زیندوو نازیندوو پێکهاتووەو بەو ئەندازەی رەگەزی ئاشکراو بینراوی تێدایە، ئەوەندەش رەگەزی شاراوەو ئاشکرانەکراوی تێدایە. هاوکات دارستانیش هەم لە درەختی جۆراوجۆر پێکدێت، هەم چڕی دارستان هۆکارێکە بۆ شاردنەوەو داپۆشینی زۆر شت. کەواتە کاتێک باسی ئاگرباران نەکردنی دارستان دەکرێت، دەشێت مەبەست هەموو سروشت بێت. هەروەک دەربڕینی "ئاگربارانکردن" بە مانای گولەبارانکردن دێت زیاتر لەوەی بە مانای سووتاندن بێت. ئەوەی گولەباران دەکرێت مرۆڤ و زیندەوەرەکانی ترن نەک دارستان. بۆیە لەم روانگەیەشەوە دارستان زیاتر بە مانای مرۆڤ دێت. ئەمەش لەگەڵ داواکارییەکەی ئەودا دەگونجێت کە وریامان دەکاتەوە لەوەی هەرگیز دەستدرێژی نەکرێتە سەر مرۆڤ.

ئەم باسی ئەوە دەکات کە مرۆڤ هەمیشە و لە هەموو بارودۆخێکدا چاوی هیوای کراوەیەو ئاسۆی بینینی روو لە ئایندەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێجار هیواکانی مرۆڤ بەدینایەن، ئەویش لەبەر چەندین هۆکار کە بەشێکیان پەیوەندییان بە خودی مرۆڤەوە هەیە وەکو ئافریدەبووەیەکی ژیرو هەستیارو بەشێکیشی پەیوەندی بەو بارودۆخانەوە هەیە کە واقیعی کۆمەڵایەتی و هەلومەرج بەسەر مرۆڤیدا دەسەپێنێت. هەربۆیە ئەمیش دەڵێت چاوی هیوامان خێل بووە، یان رژاوە، واتە هێندە جاوەڕون بووین و هێشتا هیچ تروسکەیەکی ئەو ئامانجەمان لێ دەرنەکەوتووە ئاوی چاومان داهات. چاوەڕوانی دوورو درێژی بێ ئەنجام بووە بەهۆی ئەوەی خێل بین، یان چاوی هیوامان هیوابڕ بێت. بەڵام ئەم ناڕاستەوخۆ واینیشان دەدات کە دەشێت هۆکارێک هەبێت بۆ بێ هیوابوون، رەنگە ئەو هۆکارەش پەیوەندی بە خۆمانەوە هەبێت. واتە لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم هەرگیز هیواو ئومێدی بە ئایندە ناڕوخێت، مەگەر خۆمان هۆکاری ئەو رووخاندنە بین. هەر بۆیە کاتێک هەست دەکات هیوای ئایندەمان روو لە رووخانە، دەمانخاتە بەردەم لێ پرسینەوەی ئەوەی کە لەوانەیە ئێمە "هەوار"مان وێران کردبێت. هەڵبەت ئێمە لە سەرەوە باسی هەوارو ئەو مانایانەمان کرد کە هەوار دەیانگەیەنێت، لەناو ئەوانەشدا ئاماژەمان بۆ ئەوە کرد کە یەکێک لە ماناکانی هەوار لەم دەقەدا نیشتیمانە. کەواتە ئەو دەترسێت هۆکاری رژانی چاوی هیوامان وێرانکردنی نیشتیمان بێت، ئەویش بە دەستی خۆمان. هەڵبەت لێرەدا دەشێت پەیوەست بەوکاتە مێژووییەی دەقەکەی تێدا بەرهەمهاتووەو ئەو بارودۆخەی کە هەواری رەسەنی ئەوی شاعیر واتە نیشتیمانەکەی پیایدا تێپەڕیووە، لێکدانەوەیەکی سیۆسیۆسیاسی بکەین و وێرانکردنی هەوار ببەستینەوە بە شەڕی ناوخۆوە، کە لەو ساتەدا بەردەوام بووەو لە راستیشدا ئەو شەڕە بریتی بووە نەک تەنیا لە وێرانکردنی نیشتیمان، بەڵکو جۆرێک بووە لە خۆکوژی.

ئەم لە کاتێکدا باسی ئەوە دەکات تەمەن ماوەیەکی کورتەو دەڕوات و مردن هەموو شتێک رادەماڵێت، بۆیە پێویستە بەدووربین لە هەموو کارو چالاکیەکی وێرانکەر. دارستان کە هەوار، یان نیشیمان، یان کۆمەڵانی خەڵک نیشان دەدات، پێویستە نەک ئاگرباران نەکرێت بەڵکو دەبێت بپارێزرێت. هەروەها لە رستەیەکی رابردووی نەرێدا کە خاسیتی پرسیاری هەیە، هەرچەندە لە دەقەکەدا نیشانەی پرسیاری بۆ دانەنراوە، دەپرسێت "نەتان کردبێ هەوار وێران کەن؟" کە بەپێی بنەمای رێزمان وەڵامی پرسیاری نەرێ بە بەڵێ دەدرێتەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوان هەواریان وێرانکردووە.

شاعیر لەم کۆپلەیەدا داواکاریەک بەرزدەکاتەوە. ئاشکرایە داواکاری، یان داخوازی بۆ ئیستاو ئایندەیە، هەربۆیە بە تافی رانەبردوو دەردەبڕرێت و داهاتوو نیشان دەدات، واتە داوا دەکات نەکەن لە ئێستاوە بۆ داهاتوو دارستان ئاگرباران کەن، کە وەکو گوتمان مەبەست ئەوەیە خەڵک، یان وڵات رووبەڕووی چەک نەکەنەوە. بەڵام پرسیارە نەرێکە بە دەمی رابردووە. ئەمەش مانای ئەوەیە لە رابردوودا ئەمان هەواریان وێرانکردووە. کەواتە هۆکاری سەرەکی بێ هیوا بوونی ئێمە لە سەر زمانی ئەوەوە کارە خراپ و نەرێنیەکانی ئێمەیە، کە لە یەکەمیاندا هەوار واتە نیشتیمانمان وێرانکردووە. هەروەها بۆ ئەمەودواش دەترسێت کە دارستانیش کە وەکو پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد لەم روانگەیەوە مرۆڤەکان، یان هاووڵاتیان دەگرێتەوە، ئاگرباران کەن، کە مەبەست لە ئاگرباران، گولەباران کردنە، ئەویش بۆ مرۆڤ بەکاردەهێنرێت.

سەرئەنجام ئەم دەقە شیعریە کە لە لایەک لە سەر بنەمای دووانەی ئەوێ / ئێرە بنیادنراوە، وێناکردن و بەرجەستەکردنی ماوەیەکی دیاریکراوی ژیانی بەرهەمهێنی دەقەکە لە نێوان ئەوێ کە لە واقیعدا ئەمی شاعیر لەوێیەو ئێرە کە بە خەیاڵ، یان لە رووی یادەوەرییەوە بۆی دەگەڕێتەوە نیشان دەدات. ئەم لە ئەوێیە کە بەهەوار ناوی دەبات، لە رووی یادەوەرییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئێرە، کە ئەمیش دیسان بەهەوار ناودەبات، کە مەبەستی هەواری نیشتیمانە. لەوێوە دەترسێت هەوار وێران کرابێت و ئاماژەی ئاشکراش بۆ بکەری ئەو وێرانکردنە دەکات کە ئێمە خۆمانین. ئەوەش دەبێتە هۆی بێ هیوابوونمان. لەم دەقەدا ئەم جیهانبینیە نەتەوەییە کۆمەڵایەتیە دەبەسترێت بە ململانێی نێوان مەرگ و ژیانەوە وەکو دووانەیەکی دژ، کە هاوسەنگی و هارمۆنیای سروشتی دروستکردووە، کە ئەمەش واتە ئەم ململانێیە رەهەندێکی گەردوونی هەیە. ئەم دەقە ئەم دوو پرسە، یان ئەم دوو جیهانبینیە ناوخۆیی و گەردوونیە پێکەوە دەبەستێت. لە پشتی ئەم پێکەوەبەستنەشەوە ئەو بۆچوونە هەیە کە پرسە ناوچەیی و تایبەتەکان کاتێک بە زیندوویی دەمێننەوە خاسیتی گەردوونی وەربگرن، یان ببنە بنەماو کەرەستەو پایەی جیهانبینی یان گەردوونی. ٢٦-٧-٢٠٢١

تێبینی/ ئەم بابەتە لە هاوینی رابردوودا نووسراوە، لەگەڵ چەند بابەتێکی تر ئامادەبوو بۆ چاپ، بەڵام بەداخەوە، دکتۆر مارف کۆچی ناوادەی کردو بۆ هەمیشە بەجێیهێشتین و بابەتەکەی نەبینی. ئەوەش خەمی منی بۆ کۆچی ئەو براو هاوڕێ و کەسە نزیکەم هیندەی تر زیاد کرد. دکتۆر مارف سەرباری کەسێتیە کۆمەڵایەتیە باڵاکەی، دڵسۆزی لە ئەندازە بەدەری بۆ هەمووان و هاوڕێ دۆستیەکەی، شاعیرێکی ناسک و رۆشنبیرێکی نەتەوەپەروەرو ئەکادیمیەکی وردو بەدیقەت و جێ دەست دیاربوو. مەرگی ناوادەی ئەو خەمێکی گەورەیە بۆ ئێمەو زیانێکی گەورەیە بۆ میللەتەکەمان. ئەم باسە پێشکەشە بە رۆحی بەرزەفری کاکە مارف کە مەرگی ئەو خەمێکی گەورەیە بۆ من و هەموو کەس و هاوڕێ و دۆستەکانی.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×