بەڕێوبەری رۆشنبیری سلێمانی: داخستنی سینەما سالم كارێكی خراپە
  2019-01-08       2841       


له‌كاردانه‌وه‌ی‌ داخستنی سینەما سالم، بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری‌و هونەری سلێمانی پێیوایه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ی‌ ئاسایش، كارێكی خراپه‌. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ پارێزگاری سلێمانی‌و وەزیری رۆشنبیری لەسەر هێڵن بۆ چارەسەر كردنی ئەو بابەتە.



ئاوێنه‌: ئه‌مرۆ سێشەممە بەهۆی ئامادەکاریی بۆ نمایشکردنی کورتە فیلمێک لەسەر ژیانی ساکینە جانسز، سه‌ركرده‌ی‌ تیرۆركراوی‌ په‌كه‌كه‌، ئاسایشی سلێمانی دەرگای سینەما سالمی داخست.



له‌به‌ارمبه‌ر داخستنی‌ سینه‌ماكه‌، بابەكر دڕەیی، بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری‌و هونەری سلێمانی بەرادیۆ نەوای راگەیاندووه‌،  "ئێمە پێمان باش نییە سینەما سالم دابخرێت، ئەمە كارێكی باش نییەو لەگەڵ ئازادی‌و كەسابەتی هاوڵاتیان ناگونجێت."



ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ لەگەڵ پارێزگاری سلێمانیدا قسەیان كردووەو ئەوان بەڵێنیانداوە بەدواداچون بۆ ئەو بابەتە بكەن‌و لەپەیوەندیدا بن لەگەڵ دەزگاكانی تری شارەكە.



سەبارەت بەهۆكاری رێگریەكەش كە نمایشكردنی فیلمێك بووە لەسەر ژیانی سەكینە جانسز، بابەكر دڕەیی  وتویه‌تی‌، "ئێمە پێمان باش بووە كە ئەو فیلمە بڵاوبكرێتەوە، بەڵام لەسلێمانیدا تەنها ئێمە نین، دەزگای تریش هەیە لەوانە ئاسایش، بۆیە كاروبارەكان تەنها پەیوەندی بەئێمەوە نییەو پەیوەندی بەوانیشەوەیە."



جەختیشی كردەوە، كە وەك بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری‌و هونەری سلێمانی لەگەڵ ئەوەدان كە هەر شتێك كە دژی بەرژەوەندی گشتی‌و نیشتمانی نەبێت رێگری لێنەكرێت‌و لەو روەوە داكۆكی لەو پرسە دەكەن‌و سەروی خۆیان لێ ئاگادار كردۆتەوەو وەزیری رۆشنبیریش لەسەر هێڵەو لەهەوڵی چارەسەركردنیدایە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×