چۆن خۆت لەتوشبون بەبەردی گورچیلە دەپارێزیت؟
  2022-03-05       994       


به‌ردی گورچیله بریتییه‌ له‌ نیشتووی ره‌ق و بچووکی کانزایی و خوێی ترشی له‌ به‌شی ناوه‌وه‌ی گورچیله‌کان.

به‌ شێوه‌یه‌کی ئاسایی ئه‌و ماددانه‌ی که‌ ده‌بنه‌ هۆی دروست بوونی به‌ردی گورچیله‌ وون ده‌بن له‌ میزدا به‌ڵام کاتێک میز چڕ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌و کانزایانه‌ ده‌بن به‌ کریستاڵ و به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌نوسێن و ڕه‌ق ده‌بن و ده‌بنه‌ هۆی دروست کردنی به‌ردی گورچیله‌ وه‌ زۆربه‌ی ئه‌و به‌ردانه‌ش پێکهاتوون له‌ کالیسیۆم.

هۆکاری مه‌ترسیدار بۆ دروستبوونی به‌ردی گورچیله‌:

1- که‌مخواردنه‌وه‌ی شله‌؛ ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌کی پێویست ئاو نه‌خورێته‌وه‌ ئه‌وا میز چڕ ده‌بێته‌وه‌ به‌مه‌ش مه‌ترسی دروست بوونی به‌ردی گورچیله‌ زیاد ده‌کات.
2- بۆماوه‌و مێژووی خێزانی.
3- ته‌مه‌ن و ره‌گەز؛ ئه‌و که‌سانه‌ی توشی به‌ردی گورچیله‌ ده‌بن ئه‌وا ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 20 بۆ 70 ساڵ ده‌بێت وه‌ ڕه‌گه‌زی نێر زیاتر له‌بارترن بۆ توشبوون.
4- خۆراک؛ ئه‌و خۆراکانه‌ی ڕێژه‌یان به‌رزه‌ له‌ پرۆتین و سۆدیۆم وه‌ هه‌روه‌ها ڕێژه‌یان که‌مه‌ له‌ کالیسۆم مەترسی دروست بوونی به‌ردی گورچیله‌ زیاد دەکە‌ن.
5- که‌م جوڵەیی
6- قه‌ڵه‌وی
7- به‌رزی فشاری خوێن
8- کێشه‌ی ده‌زگای هه‌رس کردن

نیشانه‌کانی بەردی گورچیلە:
تاوه‌کو به‌ردی گورچیله‌ نه‌جولێت و نه‌ێیته‌ خواره‌وه‌ ئه‌وا ئه‌سته‌مه‌ هه‌ست به‌ بوونی بکرێت وه‌ کاتێک ده‌جولێت له‌وانه‌یه‌ ئه‌م نیشانانه‌ی خواره‌وه‌ رووبده‌ن:

1- ئازار له‌ ته‌نیشته‌کانی پشت (که‌له‌که‌) و خوار په‌راسوه‌کان
2- گۆڕان له‌ توندی ژانه‌که‌ که‌ له‌وانه‌یه‌ بۆ 20 خوله‌ک تاوه‌کو 60 خوله‌ک بخایه‌نێت
3- ژانه‌که‌ له‌ که‌له‌که‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ به‌شی خواره‌وه‌ی سک و بنی سک
4- بوونی خوێن له‌ناو میز یاخود لێڵ بوونی میز
5- زورانه‌وه‌ی میز
6- هێلنج و ڕشانه‌وه‌
7- وه‌ هه‌ندێ جار تاو له‌رزیشی له‌گه‌ڵه‌ .

بەهیوای سەلامەتی بۆ گشت لایەک

د. ئەحمەد عەبدولحەمید جاف
پسپۆری‌ نەشتەرگەری‌ گورچیلە و میزەرۆ

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×