سینه‌ما سالم كرایه‌وه‌و نمایشكردنی فیلمه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه‌ش بۆ كاتێكی دیكه‌ دواخرا
  2019-01-09       2552       

ناوه‌ندی غەزەلنوس رایگه‌یاند دوای دانوستان له‌گه‌ڵ ئاسایشی گشتیی سلێمانی له‌ئێستادا سینه‌ما سالم كراوه‌ته‌وه‌و قه‌ده‌غه‌ش له‌سه‌ر نمایشكردنی ئه‌و كورته‌ فیلمه‌ هه‌ڵگیراوه‌ كه‌ له‌سه‌ر ژیانی ساكینه‌ چانسیز، سه‌ركرده‌ی تیرۆركراوی په‌كه‌كه‌یه‌.

ئاوێنه‌: دوێنێ(سێشەممە) بەهۆی ئامادەکاریی بۆ نمایشکردنی کورتە فیلمێک لەسەر ژیانی ساکینە جانسز، سه‌ركرده‌ی‌ تیرۆركراوی‌ په‌كه‌كه‌، ئاسایشی سلێمانی دەرگای سینەما سالمی داخست.

سەرلەبەیانی ئەمرۆ "چوار شەممە"ش  پەیجی فەرمی كافێ‌ كتێبی غەزەلنوس لەشاری سلێمانی ئاشكرایكرد لەئێستادا دەرگای كافێ‌ كتێبی غەزەلنوس داخراوە‌و هێزێكی زۆری چەكداری ئاسایش لەبەردەم دەرگای سەرەكی سینەما سالم‌و كافیەكەدان‌و ناهێڵن هیچ كەسێك لەو ناوەدا بێت. 

به‌ڵام پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ناوه‌ندی غه‌زه‌لنوس له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند" لە دوێنێوە دژی ''داخستنی سینەما'' و ''قەدەغەکردنی فیلم'' دەنگمان هەڵبڕیوە، ئەمڕۆیش دوای داخستنی دەرەگای سەرەکیی سینەما سالم و کافێ کتێبی غەزەلنوس، بە جەسوریەتێکی زۆرترەوە لەسەر ئەو دو داواکارییەمان سور بوین؛ تا لەسەر داوای خۆیان، لەگەڵ ئاسایشی گشتیی سلێمانی کەوتینە دانوستان."

وتوشیه‌تی"ئەم ئیرادەیە سەرکەوت، ئێستا سینەما سالم کراوەیە و شتێک بە ناوی ''داخستنی سینەما'' و ''قەدەغەکردنی فیلم'' لەگۆڕێ نییە؛ بە تایبەتتر بۆ فیلمی ٣ ڕۆژ لە ١٠ ساڵ: ئیتر ''قەدەغە'' نییە و تەنها کاتی نمایشەکەی دوا دەکەوێت."

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌....

بەیاننامەیەک بۆ ڕای گشتی

سوپاسی زۆر بۆ هەمو ئەو هاوڕێیانەی لە دوێنێوە لە هەوڵی زۆردان بۆ ئەوەی فەزای قۆرخکراو و دۆخی ئاوارتە جێ نەگرێت و لە جێی خۆیان و بە ئاستی بەرپرسیارێتییان، لەگەڵ ستافی سینەما سالم لە هەوڵی بەردەوامدا بون و جێیان نەهێشتین.

هاوڕێیان،

وەک چۆن لە ڕابردودا بێ سڵەمینەوە بەرگریمان لە دەنگی ئازاد کردوە و هەمیشە کارمان بۆ سەربەستیی فەزای گشتی بوە، وەک چۆن لە یەکەمین کتێبەوە کە ناوەندی غەزەلنوس چاپ و بڵاوی کردوەتەوە بۆ دوایەمین فیلم کە سینەما سالم نمایشی کردوە، کارکردن بوە بۆ بونیادنانی دنیایەکی ئازاد و سەربەست و دور لە هەر سانسۆرێک، دوێنێ و ئەمڕۆیش بە هەمان نەفەس و بوێرییەوە جەختمان لەسەر پرەنسیپە باڵاکانمان کردوەتەوە و بێگومان، دەیکەین و دەیکەینەوە.

لە دوێنێوە دژی ''داخستنی سینەما'' و ''قەدەغەکردنی فیلم'' دەنگمان هەڵبڕیوە، ئەمڕۆیش دوای داخستنی دەرەگای سەرەکیی سینەما سالم و کافێ کتێبی غەزەلنوس، بە جەسوریەتێکی زۆرترەوە لەسەر ئەو دو داواکارییەمان سور بوین؛ تا لەسەر داوای خۆیان، لەگەڵ ئاسایشی گشتیی سلێمانی کەوتینە دانوستان.

بێگومان جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە، کە ''نابێت هەرگیزاوهەرگیز سینەما دابخرێت و قەت بوێرییەک نەبێت بۆ قەدەغەکردنی فیلم، چونکە ئەوە کولتور و فیکر و ئەدەب و هونەری ئازادە دەتوانێت فەزای ئاسایشمان بۆ دروست بکات، نەک داخستن و قەدەغەکردن''.

دیسانەوە بێگومان: ئەم ئیرادەیە سەرکەوت، ئێستا #سینەما_سالم کراوەیە و شتێک بە ناوی ''داخستنی سینەما'' و ''قەدەغەکردنی فیلم'' لەگۆڕێ نییە؛ بە تایبەتتر بۆ فیلمی ٣ ڕۆژ لە ١٠ ساڵ: ئیتر ''قەدەغە'' نییە و تەنها کاتی نمایشەکەی دوا دەکەوێت.

بەرەو دنیایەکی کراوە و ئازاد و ئاسایی، دور لە فەزای قۆرخکراو و دۆخی ئاوارتە!

ناوەندی غەزەلنوس - سینەما سالم
سلێمانی
٩\١\٢٠١٩

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×