سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لەدوای پشووەكانی نەورۆز بە پێی یاسا هەموو دەسەڵاتەكانی خۆمان دەخەینە كار، بۆ چاككردنی سیستمی دابەشكردنی مووچە.
ئاوێنه: ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت” لە دوای پشووەكانی نەورۆز بە پێی یاسا هەموو دەسەڵاتەكانی خۆمان دەخەینە كار، بۆ چاككردنی سیستمی دابەشكردنی مووچە، بۆ ئەوەی ئەوەی كە ڕوویداوە (گیانلەدەستدانی دوو خانەنشین لەسەرەی مووچەدا) جارێكی تر ڕوونەداتەوە.
دەشڵێت، ” مرۆڤ ئازار بە ناوی دڵی دەگات كاتێك ئەو خانەنشینانە دەبینێت بە كاتژمێر 2 ی شەو هاتووە سەرە دەگرێت بۆ مووچە، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجدی وەڵامی ئێمە و هەموو خەڵك و خانەنشینان بداتەوە، چونكە ئەگەر ئەمە چارەسەر نەكات پێمان وایە كارەساتی گەورەی بەدوادا دێت، خەڵك زیاتر تەحەمولی نەماوە. ”
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، زۆر بە داخەوە ئەوە دەڵێم حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئەم ساتە وەختە سیستمێكی پێدانی موچەی ئەلیكترۆنی یا لە ڕێگای ئەژماری تایبەتی بانكەوە، نیە، ئەمە دوای سی ساڵ لە حكومڕانی كوردی نەتوانراوە سیستمی پێدانی مووچە نەك تەنها بۆ خانەنشینان بەڵكو بۆ هەموو موچە خۆران و فەرمانبەران دابنرێت، هەرچەندە پێشتر سیستمی بایۆمەتری ئەوەی كە بەڕێز(جێگری سەرۆكی حكومەت) سەرپەرشتی دەكرد ئەوە تەنها بۆ زانیاری موچەخۆران و دۆزینەوەی دوو مووچە و سێ مووچە نەبوو بەڵكو ئەوە لە قۆناغی دووەم كردنەوەی ئەژماری بانكی بوو بۆ فەرمانبەران، بەداخەوە ئەوە وەك خۆی جێ بەجێ نەكرا، دووەم ئێمە وەك هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگاكان لە سەروبەندی سەرهەڵدانی پاشەكەوتی مووچە ڕێككەوتین كە كۆبونەوەیەك لە دیوانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بكەین، كۆبوینەوە بڕیارماندا داواكاری و ڕاسپاردەكانمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بنێرین، ئەوكات داوامان كرد بە پێداچونەوە بە سیستمی پێدانی مووچە.
ئەوەش دەڵێت، لە هەمانكاتدا ئەو مووچانەی بۆ فەرمانبەران پاشەكەوت كراوە هەموو مووچەكانیان بچێتە ناو ئەو ئەژمارە تایبەتیەیانەوە بۆ ئەوەی هەر مووچە خۆرێك بزانێت چەندە لە مووچەكەی پاشەكەوت كراوە، بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتە وەختە نە ئەوە چووە بواری جێ بەجێ كردنەوە نە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریش چووە بواری جێ بەجێ كردنەوە.”
سەبارەت بە هۆكاری جێ بەجێ نەكردنی داواكارییەكانیان سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی،” حكومەتی هەڕێم ئەوەندەی بڕوای بە مەركەزییەت هەیە، ئەوەندە بڕوای بە لامەركەزییەت نییە، ئەوەندەی بڕیارەكانی خۆیان بە دروست دەزانن ئەوەندە گرنگی نادەن بە بۆچون و پێشنیاری ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەمە بەشێكی بۆ پەرلەمانیش هەمان شت ڕاستە، لە ئێستادا ئێمە بە بەردەوامی چاودێری بارودۆخەكە دەكەین لە سنوری پارێزگای سلێمانی، پێش ڕوودانی مردنی ئەو دوو خانەنشینە بەچەند ڕۆژێك یاداشتێك لە لایەن چەند ئەندامێكی ئەنجومەنەوە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن كراوە، بۆ ئەوەی ئێمە لایەنە پەیوەندیدارەكان بانگهێشت بكەین بۆ چارەسەركردنی ئەو بڕە داهاتانەی دێتەوە بانكەكانی سلێمانی، وەهەم بۆ ڕێكخستنەوەی سیستمی پێدانی مووچە بەتایبەت موچەی خانەنشینان كە لە ڕابردوو بە هاوینی گەرم و زستان ئەوان لە سەرەدا دەوەستان بۆ موچە تا بەداخەوە پێرێ توشی گیان لەدەستدانیش بوون. ”
وتیشی” من وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای لێبوردن لەسەرجەم دەنگدەرانی سنوری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكەم كە ناهێڵن وەك خۆی یاساكەی ئەنجومەن جێ بەجێ بكەین و بچین بەدەم داخوازییەكانیانەوە، نەك جارێك هەزار جار داوای لێبوردن دەكەم، منیش و هەموو هاوڵاتیان دەزانین كە ئەم گرفتانە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە و ئەو لێی بەرپرسە، وە ئەوەش دەزانین كە هەموو ماددە یاساییەكان كە هەیە پارێزەرەكەی سەرۆكی هەرێمە دەبێت سەرۆكی هەرێم لێی بپرسێتەوە، پەرلەمانیش دەبێت لە سەرۆكی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران بپرسێتەوە لەسەر ئەو حاڵەتانەی ڕوودەدات، چونكە ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگا ناتوانین بانگهێشت و لێپرسینەوە لە هیچ بەرپرسێك بكەین كە لەدەرەوەی سنوری ئەنجومەن بێت و لە هەولێر بێت، ئەمانە هەمووی لە دەسەڵاتی پەرلەمانە كە دەتوانێت بانگهێشتیان بكات و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات. ”
دەربارەی نە گەڕانەوەی داهاتی سلێمانی كە بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی بەتایبەت لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوە دەكەن ئەوەش هۆكارە بۆ نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەتایبەت سلێمانی؟
لە وەڵامدا ئازاد محەمەد وتی،” من چەندین جار خۆم لە گەڵ سەرۆكی لیژنەی دارایی قسەم كردووە ئەو بە بەڵگە و داتا هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردۆتەوە، وە پارە لە هەولێرەوە نایەت بۆ سلێمانی بەڵكو هەموو ئەو پارانەی لەسەر سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕینە حكومەتی هەرێم خۆی بڕەكەی دیاریكردووە دەبێت بگاتە وەزارەتی دارایی، ئامارەكان ئێمەش و بانكی ناوەندی هەرێمیش بڵاوییان كردەوە لە یانزە مانگی ساڵی 2021 دا تیرلیۆنێك و سەد و حەوت ملیار و دوو سەد و بیست و شەش ملیۆن دینار لە بانكی هەڕێم لە سلێمانی تەرخانكراوە بۆ موچە، لەگەڵ ئەو پارەیەی لە هەولێر تەرخان كراوە بۆ موچە، بەشێك لە پەرلەمانتارەكان باس لەوە دەكات كە مانگانە سلێمانی دەبێت 73 ملیار بدات، بەڵام بە پێی ڕێژەی ئەو یانزە مانگە بێت مانگانە بڕی سەد ملیار دینار لە بانكی سلێمانیەوە نێردراوە تەنها بۆ مووچە كەواتە كێشەكە ئەوە نیە. ”
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی وت” منیش دەڵێم ئەی ئەو پارە زۆرەی گومرگی ئیبراهیم خەلیل كوا؟ ئەو پارە زۆرەی داهاتی نەوت كە ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوت چۆتە سەرو 100$ وە، كوا؟!خۆ دەبێت ئەمانە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەكان وەڵام بدەنەوە. ”
باسی لە ئەوەشكردووە، چارەسەر بۆ دۆخی ئێستا ئەوەیە كە یەكەم ژمارەی بانكەكانی كە مووچەی خانەنشینی دابەش دەكەن زیاد بكرێت، دووەم پێش ڕاگەیاندنی دابەشكردنی موچە پارەی ئامادەكراو هەبێت و دەستكاری نەكرێت بدرێت بە مووچە، سێیەم، بە پێی ژمارەی ناسنامەكانیش دەتوانرێت ئەو قەرەباڵەغیەی موچە كەم بكرێتەوە بۆ نمونە ڕۆژێك، یا لە بانكێك لە ژمارە 1-1000 موچە دابەشبكرێت بە پێی زنجیرە ژمارە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە هەمووی چارەسەری كاتین پێویستە لە بنەڕێتەوە چارەسەر بكرێت و پەلە بكرێت لە دروست كردنی ئەژماری بانكی و دابەشكردنی موچە بە ئەلیكترۆنی. ”
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت” بەڕاستی ئەمە خۆی لە خۆیدا عەیبەیەكی گەورەیە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، من ئێستا لەبەرئەوەی نوێنەری خەڵكم و ناچارم لێرەوە لە دەنگی ئەمەریكا ئەم قسانە بكەم بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەعەیبەی دەزانین و پێمان وایە كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ناوی سیستمی حكومڕانی هەرێمی كوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت حكومەت خۆی بە خەم بێت چارەسەری ئەم شێوازی دابەشكردنی موچە بكات بە شێوەیەكی گشتی. ”
دوێنێ وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دەستپێلەكاركێشانەوەی بەڕێوەبەری بانكی تانجەرۆی لە سلێمانی دەركرد، بڕیارەكەش پاش گیانلەدەستدانی دوو خانەنشینان دێت لە میانەی سەرەگرتنیان بۆ وەرگرتنی موچەی خانەنشینان لە بەردەم بانكەكە.
بەڵام ئازاد محەمەد دەڵێت، ” ئەوە كارێكی ئاساییە، ئەوە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەیە پێكهاتووە هەتا كاری لیژنەكە تەواو دەبێت دەستپێلەكاركێشانەوەكە كراوە، چونكە ڕەنگە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە دەربكەوێت گرفتەكە پەیوەندی نەبێت بە بەڕێوەبەری بانكەكەوە بەڵكو ڕەنگە پەیوەندی هەبێت بە هۆكاری ترەوە. ”