هەڵەکانی پوتين لە هەڵسەنگاندنی جەنگی روسيا - ئۆکرانيا
  2022-03-23       2064       
پوتین

                           پێترۆ سوسنۆفسكي و ڕەنج نەوزاد

 

پێشەکی

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی ڕووسيا بۆ سەر ئۆکڕانيا، بە پێی زۆربەی پێشبينييەکان وا چاوەڕوان دەکرا کە لە ماوەی چەن رۆژێکی کەم، سووپای ڕووسيا بگاتە ئامانجەکانی خۆی و جەنگەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەک لابکاتەوە ئەوەش بە داگيرکردنی کێيەڤ و لابردنی حکومەت ئێستای ئۆکڕانيا و دانانی حکومەتێکی نزيک لە ڕووسيا. یاخود زیادکردنی ڕووبەری هەردوو کۆمارە نوێيەکە (دۆنيتسک و لۆهانسک) لە هەرێمی دۆنباس و درووستکردنی چەن کۆمارێکی تر هاوشێوەی ئەو دوو کۆمارە لە رۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئۆکڕانيا. بەوەش ئۆکڕانيا دەبووە وڵاتێکی بچووک و دابڕاو لە دەريا کە تەنيا رۆژئاوای ئۆکڕانيا بەدەست ئۆکڕانيانەوە دەمایەوە. چونکە شێوازی هێرشەکەی ڕووسيا، لە باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووری ئۆکڕنياوە، بۆ سەر شارەکانی وەک خێرسۆن وهەرێمی دۆنباس و خارکێڤ وکێيەڤ، هەر وەها دەنگۆی ئەوەی کە ڕووسيا بە نيازە لە خێرسۆن (باشووری ئۆکڕانيا) ڕيفراندۆم ئەنجامبدات بۆ جياکردنەوەی ئەو شارە لە ئۆکڕانيا هاوشێوە دوو کۆمارەکەی هەرێمی دۆنباس، ئەو پلانە دەسەلمێنیت کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا.

ڕووسيا نەک بە چەن رۆژێکی کەم نەيتوانی جەنگەکە یەک لابکاتەوە، بەڵکو وا مانگێک بەسەر جەنگەکە تێدەپەڕێت، تا ئێستا ڕووسيا شارێکی گەورە و گرنگی ئۆکڕانيا، هاوشێوەی شارەکانی خارکێڤ و ئۆدێسا و کێيەڤی کۆنتڕۆڵ نەکردوە. تەنانەت تا ئێستاش لە رۆژهەڵاتی ئۆکڕانيا و لە هەرێمی دۆنباس، بە سووپای ڕووسيا و سووپای جوداخوازەکانەوە، نەيانتوانيووە ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکەن بە تەواوی. لە کاتێکدا ئەو ناوچەیە هاوسنووری ڕووسيایە و کەمينەی رووسی تێدایە و کولتور و زمانی زاڵ ڕووسييە و هەردوو کۆمارە نوێيەکە لەو ناوچەیەن. جگە لەوەی کە زیانێکی زۆر گەورەی گيانی و ماددی بەر سووپای ڕووسيا کەوتووە. هەموو ئەمانە هاوکاتە لەگەڵ ئەو سزا ئابووری و دبلۆماسيانەی کە بەسەر ڕووسيادا سەپێنراوە لە لایەن ئەمريکا و ڕۆژئاوا بە گشتی، کە دەکرێت ببێتە مایەیی گۆشەگيرکردنی ڕووسيا و زیانی گەورە بە ئابووری ڕووسيا بگەيەنیت لە ئايندەدا.

لەم وتارەدا دەمانەوێت وەڵامی ئەو پرسيارە بدەينە کە بۆچی ڕووسيا کەوتە ئەم دۆخە و هۆکارەکان چين کە وای لە پوتين کرد پێيوابێت کۆنتڕۆڵکردنی ئۆکڕانيا کارێکی قوورس نابێت و لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجامبدەدرێت؟

 

پوتين وەک ئەرکێکی ئاسان لە جەنگەکەی دەڕوانی

سەرەتا پێويستە بزانين ئایا ڕووسيا بە فەرمی بانگەشەی ئەوەی کردوە کە لە ماوەی چەن ڕۆژێکدا ئۆکڕانيا کۆنتڕۆڵ دەکات و دەگات بە ئامانجەکانی؟ وەڵامەکە ئەوەیە نەخێر نە پوتين نە هيچ دەزگایەکی تری فەرمی ڕووسيا ئەو بانگەشەیەی نەکرد. بەڵام چەندين پێدراو  و بەڵگەی تر هەیە کە دەيسەلمێنن، پوتين پێيوابوو جەنگەکە ئاسان دەبێت و لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی دێت.

پێش هەموو شتێک ناولێنانی ئەم جەنگە، لە سەرەتاوە تا ئەمرۆ، لە لایەن ڕووسياوە بە ئۆپراسيۆنی سەربازی، نەک جەنگ. ئەوە دەگيەنێت کە پوتين پلانەکەی ئەوە بوو ئۆپراسيۆنێکی سەربازی خێرا ئەنجامبدات و بە خێرایی بگاتە ناو کێيەڤ و دەسەڵاتی سياسی ئۆکڕانيا بگۆرێت ئاوخود ناچاری سازشی بکات و، سووپاکەی بکشێنێتەوە. ئۆپراسيۆنی سەربازی زیاتر بۆ هێرشێکی سەربازی سنوردار، لە ڕووی کات و جوگرافيەوە، بەکاردەهێنرێت. نەک بۆ هێرشێکی سەربازی فراوان بۆ کۆی خاکی وڵاتێکی گەورەی وەک ئۆکرانيا و، دوای تێپەڕبوونی یەک مانگ، جارێ کۆتایی نەهاتووە و لەوەش ناچێت بەم زووانە کۆتایی پێبێت. ئەمەی ڕوودەدات جەنگێکی فراوان و ماوە درێژە، نەک ئۆپراسيۆنێکی سەربازی. واتە ئەوەی پوتين ويستی، ئۆپراسيۆن بوو، کە لە ماوەیەکی کورت و خێرا بگاتە ئامانجەکانی، بەڵام وا دەرنەچوو و بەڵکو بووە جەنگێکی ئاڵۆز.

لە ڕاگەياندن بە گشتی، لە سەر ئاستی جيهان، ئەوە باسدەکرا کە لە ماوەی ٢ بۆ ٤ ڕۆژ سووپای ڕووسيا دەگاتە ناو کێيەڤ و  شەڕەکە یەک لادەکاتەوە. بێ گومان ئەمە بەدەر نييە لە ڕاگەياندنی ناوخۆی ڕووسيا و ميديای دەزگا هەواڵگری و سەربازييەکانی ڕووسيا. تەنانەت لە ناو ئەمريکاش باس لەوە دەکرا کە سووپای ڕووسيا لە ماوەی چوار رۆژ دەگاتە ناو کێيەڤی پايتەخت. (هەر چەن ئەم پێشبينيەیی ئەمريکا دەکرێت وەک فێڵێک بووبێت کە ڕووسيا زیاتر هانبدات و تێوەيبگلێنێت بە جەنگێکی ئاڵۆزەوە).

ناردنی یەک هێڵ لە یەکەی سەربازی بۆ ناو ئۆکڕانيا لە سەرەتای جەنگەکەدا. ئەوە دەسەلمێنێت کە پوتين وای زانيوە ئۆپراسيۆنەکە ئاسان و ماوە کورت دەبێت. کاتێک هێڵی پێشەوەی سوپای ڕووسيا ڕووبەڕووی بەرخودانی ئۆکرانيەکان بوون و وەستێنران، هەر خێرا کێشەی لۆجيستی (کێشە درووستبوون لە گەياندنی سووتەمەنی و خواردن و پێداويستييەکان بۆ سووپا)  تووشی سووپای ڕووسيا بوو. کە ئەمە زۆر بەڕوونی و ئاشکرا بينرا و تا ئێستاش هەر بەردەوامە. هۆکارێکی ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سوپای ڕووسيا بە شێوەی چەند هێلێکی بە دوای یەکدا نەچوونە ناو ئۆکڕانيا، کە هێلی یەکەم هاوکاری وەربگرێت لە هێڵی دووەم، هێلی دووەم لە هێڵی سێهەم. هەر بۆیە کاتێک یەکەی سەربازی ڕووسی لە هێلی یەکەم وەستێنرا، هاوکاری و پێداويستی پێنەگەيشت لە هێڵەکانی پشتەوە. وا ديارە پوتين پێيوابووە کە هێڵی یەکەمی سووپای ڕووسيا کارەکەیان ئەوەندە ئاسان دەبێت، هەر لە ناو ئۆکڕانياوە دەستيان دەگات بە سووتەمەنی و پێداويستی سەربازەکان. ئەگەر نا، چۆن دەبێت دووەم بەهێزترين هێزی سەربازی لەسەر ئاستی جيهان، بەو ئەندازەیە لایەنی لۆجيستی لاواز و دواکەوتوو بێت.

سروشتی خاکی ئۆکڕانيا، بە گشتی، خاکێکی کشتوکاڵیيە و زیاتر دەشتایی و دارستانە. بۆ ئەوەی بتوانرێت هێرشێکی بەفراوان بکرێتە سەر ئۆکڕانيا، پێويستە لە وەرزی هاوين بێت و خاکی ئەو ناوچانە تەواو وشک بێت، یاخود سەرمایەکی ماوە درێژ کە ئەو خاکە بە تەواوی لە دۆخی بەستن بێت، بۆ ئەوەی تانک و زيرپۆش و ئۆتۆمبێلە سەربازييەکان بتوان بەسەريدا تێبپەڕن و بێ ئەوەی بچەقێن و گير بخۆن بە هۆی زەویيە شێدار و ليتە و قوڕەکەیەوە. بەڵام کاتی هێرشەکەی ڕووسيا بۆ سەر ئۆکڕانيا، لە هيچ کام لەو دوو جۆرە لە کەش و هەوایەدا نەبوو. هەر بۆیە لە چەندين ڤيديو و ديمەندا دەبينرێت تانک و زريبۆشەکانی ڕووسيا لە دەشتایی و ناو دارستانەکاندا گيریان خواردەوە و چەقيوون و کەوتوونەتە ناو تەڵەی چەکدارە ئۆکڕانييەکانەوە. ئەمەش ديسانەوە ئەوە دەردەخات کە پوتين پێيوابووە شەڕەکە ئاسان دەبێت و ئۆکڕانيەکان یا پێشوازی لە سوپای رووسيا دەکەن (بە تايبەت لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕانيا) یا زوو خۆیان بە دەستەوە دەدەن، بۆیە دەکرێت سووپای ڕووسيا زیاتر پشت بە ڕێگا سەرەکيەکان ببەستێت و بە شەقامەکاندا تێپەڕێت بێ ئەوەی پێويست بکات سووپاکە خۆی بشارێتەوە و ڕێگای دارستان و دەشتای و ڕێگا نا سەرەکييەکان بەکاربهێنێت. هەر بۆیە سوپای ڕووسيا زیاتر پشتی بە ڕێگا و شەقامە سەرەکيەکان بەست، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەو زیانە گەورانەی کە ڕۆژانە بەر سووپای ڕووسيا دەکەوێت، چونکە سووپاکە بە ڕێگا سەرەکيەکاندا تێدەپەریت و بە ئاسانی دەبينرێت و دەکرێتە ئامانج.

ئەوانە و چەندين پێدراوی تر ئەوە دەسەلمێنن کە پوتين وای دانا بوو کە لە ماوەیەکی کورت و بە ئاسانی دەست دەگرێت بەسەر ئۆکڕانيا و، چاوەڕێی ئەو بەرگری و دۆخە ئاڵۆزەی نەدەکرد کە ڕوو بەڕووی بووەوە. دەتوانرێت بوترێت هەر دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێک بەسەر جەنگەکەدا و، ئەو بەرخودانە بەهێزەی ئۆکڕانييەکان و ئەو زیانە گەورانەی کە بەر سووپای ڕووسيا کەوت، (پوتين)ی تووشی شۆک و توڕەبوونێکی زۆر کرد، هەر ئەوانەش هۆکار بوون بۆ چەن کاردانەوەیەکی پوتين؛ هێزی ناوەکی خستە ئامادەباشی، ڕاگرتنی تۆڕە کۆمەڵایەتيەکانی وەک فەيس لە ناوخۆی ڕووسيا، سزای توند بۆ هەر کەسێک کە هەواڵی ناو جەنگەکە بڵاوبکاتەوە، هەر وەها گۆڕينی پلان و تەکتيکی جەنگەکە کە زیاتر پشت بە مووشەک و فڕۆکە و بۆردومان و کاولکردنی شارەکان ببەستێت بۆ تۆقاندن و ناچارکردنی ئۆکڕانيەکان بە سازش و خۆبەدەستەوەدان.

 

هەڵە هەڵسەنگاندنی جەنگەکە لە لایەن (پوتين)ەوە

بەدەر لە دەرئەنجامەکانی جەنگەکە، ماوەی مانگێکە ڕووسيا لە دۆخێکی قوورس و ئاڵۆزە، زیانی ئابووری گەورەی بەرکەوتووە، ژمارەیەکی زۆری سەربازی ڕووسی کووژراوە، زیانێکی گەورە بەر سووپای ڕووسيا کەوتووە، جگە لە زیانە دبلۆماسیيەکانی ڕووسيا کا تا ڕادەیەک خەريکە بەرەو گۆشەگيری دەچێت. هۆکاری سەرەکی ئەمانە، بريتييە لە هەڵە هەڵسەنگاندنی پوتين لە بڕياردان لە هەڵگيرساندنی ئەم جەنگە کە دەکرێت بە چەن خاڵێک بخرێنە ڕوو:

١. پوتين خوێندنەوەیەکی هەڵەی هەبوو بۆ دۆخی ناوخۆی ئۆکڕانيا، چ لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی یاخود سياسی و سەربازیی ئۆکڕانيا. پوتين پێیوابوو کۆنتڕۆڵکردنی رۆژهەڵاتی ئۆکڕانيا کارێکی ئاسان دەبێت، چونکە کولتور و زمانی ڕووسی لەوێ زاڵە و بەشێکی بەرچاوی دانيشتووانەکەی ڕووسن. بەڵام ئەوەی لە گۆڕەپانی جەنگەکە دەبينرێت تەواو پێچەوانەیە، تا ئێستا سووپای ڕووسيا نەيتوانيوە ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکات و، ڕووبەڕووی بەرخودانێکی توند و سەخت بووەتەو، بۆ نموونە لە شارەکانی ماريوپول و خارکێڤ. هەر وەها پوتين پێووابوو کە سياسيەکانی ئۆکڕانيا، بە تايبەت سەرۆکی ئۆکڕانيا (ليزينسکی) خاوەن ئەزموون وتێڕوانينێکی قووڵی سياسی نين و هەر زوو هەڵدێن یاخود خۆیان بەدەستەوە دەدەن. ئەمەش هەڵە بوو، چونکە تا ئەمرۆش سەرۆکی ئۆکڕانيا تەنانەت ئامادە نييە کێيەڤی پايتەخت بەجێ بهێڵێت و ڕوو بکاتە رۆژئاوای ئۆکڕانيا یاخود دەوڵەتانی درواسێ. تێڕوانينی پوتين بۆ سووپای ئۆکڕانيا، تێڕوانينێکی سادە و هەڵە بوو، لەوانەیە تەنيا وەک ژمارە و کواڵێتی تەماشای کرد بێت، کە بێ گومان زۆر جياوازە لە سووپای ڕووسيا، بەڵام نەيزانی کە ئەو سووپایە کاتێک لە لایەن کۆمەڵگەوە پێشتگيری دەکرێت، دەتوانێت وەک سوپایەکی زۆر بەهێز و ورە بەرز دەربکەوێت.

٢. هەڵسەنگاندنی پوتين بۆ هاوکێشە نێودەوڵەتييەکان و  کاردانەوەی ئەمريکا و ناتۆ یەکێتی ئەوروپا، بە هەمان شێوەی هەڵسەنگاندنەکەی کە بۆ ناوخۆی ئۆکڕانيا هەيبوو، هەڵە و سادە بوو. ساڵانێکە بۆشایی  و دوو کەوتنەوە هەیە لە نێوان دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمريکا. هەر وەها لە نێوان دەوڵەتانی ناو یەکێتی و ئەوروپا و دەوڵەتانی ناو  ناتۆ، هەمان بۆشایی و دوو کەوتنەوە لە یەکتر و، جۆرێک لە ناکۆکی هەیە.  پوتين پێيوابوو هەڵگيرساندنی ئەم جەنگە، دەکرێت ئەو ناکۆکی و جياوازيانەی نێوان ئەو دەوڵەتانە زیاتر بکات، یاخود هەموویان هاوڕا و هاودەنگ نەبن و هەڵوێستی جياوازیان هەبێت. یەکێتی ئەوروپا و ئەمريکا هاودەنگ بوون و زۆر بە توندی هەموویان بە یەکەوە دژی ڕووسيا وەستانەوە و هاوکاری زۆريشيان پێشکەش بە ئۆکڕانيا کرد و سزای تونديان سەپاند بەسەر ڕووسيا. ئەمەش یەکێک بوو لەو خاڵانەی کە پوتين چاوەڕوانی نەبوو و بە هەڵە هەڵسەنگاندنی بۆ کرد بوو.

٣. هەڵسەنگاندنی پوتين بۆ پێگە و ڕۆڵی ئەمريکا هەڵە بوو. ساڵانێکە زۆرێک لە توێژەران و ميدياکان باس لەوە دەکەن کە سەردەمی ئەمريکا بەرەو خۆرئاوابوون دەچێت و ئەمريکا بەرەو لاوازی دەڕوات. لەوانەیە پوتين لە ژێر کاريگەری ئەم گوتارە تەماشای ئەمريکا بکات. هەر وەها بە هۆی قووڵبوونەوەی کێشەی نێوان هەردوو پارتی سەرەکی لە ئەمريکا (کۆمارييەکان و ديموکراتەکان) دوو بەرەکی و ناکۆکيەکی گەورە هەیە لە ناوخۆی ئەمريکا، لەوانەیە پوتين پێیوابووبێت بۆ ئەم جەنگەش ئەو دوو بەرەکييە لە ناو ئەمريکا دەمێنێتەوە و ڕێگری دەکات لەوەی ئەمريکا بڕياری توند دەربکات دژ بە ڕووسيا. بەڵام هەر دوای هەڵگيرساندنی جەنگەکە، ئەمريکا ديسانەوە وەک تاکە جەمسەری جيهان، بەرەیەکی گەورەی درووست کرد دژ بە ڕووسيا، سزای گەورە سەپاند بە سەر ڕووسيا و هاوکاری کاريگەری پێشکەش بە ئۆکڕانييەکان کرد. تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی کە نزيکی ڕووسيان وەک چين و ئێران، ئەوانيش لە ترسی کاردانەوەی ئەمريکا، تا ئێستا ناتوانن بە ئاشکرا و بە فيعلی پشتگيری ڕووسيا بکەن.

هەڵە تێگەيشتنێکی تری پوتين ئەوە بوو، دەرکی بەوە نەکرد کە دەکرێت ئۆکڕانيا زەلکاوێک بێت و، ئەمريکا بيەوێت ڕووسيای تێوەبگلێنێت.

٤. پوتين هەڵسەنگاندنێکی هەڵەی هەبوو بۆ سووپای ڕووسيا. لە سەرەتای ئەم جەنگەوە ئەوە بە ڕوونی دەرکەوتووە کە سووپای رووسيا، چ  وەک چەک و تەکنەلۆژيا، چ وەک تەکتيک و ستراتيژی جەنگ، چ وەک چەندێتی و چۆنيەتی و لۆجيستی... سووپایەک نييە ئامادەی ئەوە بێت وڵاتێکی وەک ئۆکڕانيا کۆنتڕۆڵ بکات لە ماوەیەکی کورت. جگە لەوەی ئابووری ڕووسيا لە ئاستی ئەو جۆرە جەنگە نييە. ئەمەش ڕەنگە هەر بۆ ئەو هەڵە تێگەيشتنە بگەڕێتەوە کە پوتين هەيەتی بۆ ناوخۆی ئۆکڕانيا، کە پێيواييە توانای بەرگری کردنيان نييە و پێشوازی لە سووپای ڕووسيا دەکەن لە بری بەرخودان. سووپای ڕووسيا توانای ئۆپراسيۆنی هاوشێوەی ئەوەی جۆرجيا لە ٢٠٠٨ و ئۆکڕانيا لە ٢٠١٤ و سووريا لە ٢٠١٥ی هەیە، نەک جەنگێکی ئاوا فراوان و ئاڵۆز و گشتگيری وەک ئەم جەنگەی ئێستا.

٥. دەکرێت هەڵسەنگاندنی پوتين لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرت و زانيارييە هەواڵگرييانە درووست بووبێت، کە دەزگا هەواڵگری و ڕوێژکارەکانی پێشکەشيان کردووە، ديارە زۆربەی ڕاپۆرت و زانياری نا درووست و نا واقعی بوونە. ئەمەش یەکێکە لە کێشەکانی دەوڵەتی نا ديموکرات و سەرۆکی ديکتاتۆر، کە دەزگا هەواڵگری و ڕاوێژکارەکان دەيانەوێت تەنيا سەرۆک ڕازی بکەن ئەگەر بە ڕاپۆرتی نا ڕاستيش بێت.

٦. درووستکردنی مێژوو و شووناسی ئۆکڕانيا بە ئارەزوو و بە پێی ويست و خواستی پوتين و ڕووسەکان، پاشان باوەڕهێنان بەوەی کە ئەو مێژوو و شووناسە، هەقيقەتی ئۆکڕانييەکانە. لە کاتێکدا ئۆکڕانيەکان ئەو مێژوو و شووناسەیان قبووڵ نييە و ڕەتی دەکەنەوە. پوتين هەر دەڵێت ئۆکڕانيەکان و ڕووسەکان یەک نەتەوەن، ئۆکڕانيا بەشێکە لە ڕووسيا... لە کاتێکدا ئەگەر ئەمە ڕاستيش بێت لە ڕووی مێژووییەوە، ئەوا لە ئێستادا ئۆکڕانييەکان بەو سەپاندنی شووناس و مێژووە ڕازی نين. بۆ نموونە ئۆکڕانييەکان  لە ريفراندۆمی ١٩٩١ بە ڕێژەی (90.32٪) دەنگيان بۆ سەربەخۆیی ئۆکڕانيا داوە، لە خۆپێشاندانەکانی ٢٠٠٤ و ٢٠١٤ ئاشکرا دژی هەژموونی ڕووسيا ڕاپەڕيوون، باشترين و زيندووترين بەڵگەش بەرخودانی توند و بەهێزی ئۆکڕانيەکانە دژ بە سووپای ڕووسيا لەم جەنگەدا... کە هەمووی ئەوە دەسەلمێنێت، زۆرينەی ئۆکڕانيەکان ڕازی نين بەو خوێندنەوەیەیی پوتين و ڕووسەکان کە هەیانە بۆ مێژوو و شووناسی ئۆکڕانيا. جگە لەوەی مێژووی کێيەڤ دەگەرێتەوە بۆ سەدەی ٩ و مێژووی مۆسکۆ دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٢ واتە لە ڕووی مێژووییەوەش درووست نييە بانگەشەی ئەوە بکرێت کە دەبێت کێيەڤ بەشێک بێت لە ڕووسيا.

پڕوپاگەندەی بەردەوامی پوتين و پوتينيەکانی ڕووسيا لە بارەی ئەوەی کە ئۆکڕانيا و ڕووسيا یەک وڵاتە و ئۆکڕانی و ڕووسەکان یەک نەتەوەن، هەر وەها پروپاگەندەی ئەوەی کە زۆرينەی ئۆکڕانيەکان پێيانخۆشە لە ژێر هەژموونی ڕووسيا بن و ئەوا تەنيا کەمينەیەکی نازييە دژی ڕووسيان... دەکرێت ئەم پڕوپاگەندەیە لە لای پوتين و پوتينييە ڕووسەکان بووبێتە هەقيقەت و باوەڕيان پێکردبێت، لە کاتێکدا زۆرينەی ئۆکڕانييەکان دژی ئەو پڕوپاگەندانەن و باوەڕيان پێ نييە. لەوانەیە هەر ئەمەش بووبێت کە وای کردبێت پوتين باوەڕی تەواوی بەو پڕوپاگەندە نا واقعيانە هەبوو بێت و لەسەر بنەمای ئەو پڕوپاگەندانە پلانی دانابێت کە بە چەن رۆژێک کێيەڤ کۆنتڕۆڵ بکات و زۆرينەی ئۆکڕانيەکانيش دەستخۆشی لێ بکەن.

سەرەڕای ئەوەی لە سەرەوە باسکرا، دەکرێت ڕووسيا شەڕەکە بباتەوە، بە تايبەت دوای ئەو گۆڕانکاريەیی کە لە تەکتيکی جەنگەکەدا ئەنجامی داوە، کە مووشەکبارانی هەڕەمەکی شارە ئۆکڕانييەکانە. دەکرێت لە ئەنجامدا کاولکارييەکی گەورە بنێتەوە و ئۆکڕانيا ناچاری سازش بکات. بەڵام ئەوەی کە زۆر قوورسە ئەوەیە ڕووسيا بتوانێت لە جەنگەکە و دەرئەنجامەکانی جەنگەکەدا سەرکەوتوو بێت.  چونکە وا چاوەڕوان دەکرێت سزا ئابووری و دبلۆماسييەکان بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەری لانەچن، ئەمەش کارێگەری خەراپی دەبێت بۆ سەر پێگەی ڕووسيا و ئابوورييەکەی. هەر وەها دەکرێت تا چەن ساڵێکی تر، بایەخ و وزە و توانای ڕووسيا تەرخان بکرێت بۆ ئەم قەيرانەی ئۆکڕانيا. هاوکات گۆشەگيرکردنی ڕووسيا، ئەوا ناچاری دەکات ببێتە بازارێکی کۆنتڕۆڵکراو لە لایەن (چين)ەوە، ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر ڕووسيا دەخاتە دەرەوەی ململانێ و کێبرکێی بوون بە جەمسەر لە سيستەمی جيهانی داهاتوودا، دەکرێت تەنيا ئەمريکا و چين لەو کێبرکێەدا بمێننەوە، ئەگەر ئەم گريمانەیە بێتە دی، ئەوا دەکرێت بوترێت ڕووسيا ئۆکرانيای بردەوە و خۆی دۆڕاند!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×