كاروان گەزنەیی: كە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن ئەی بۆچی موچە دابەش ناكرێت
  2022-03-29       755       


كاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، سەرۆكی حكومەت خۆی دانینا بەوەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمدەهێنن، لەكاتێكدا پێشتر بە ئێمەیان دەوت چەواشەكاری دەكەن لەو ئامار و ژمارانەدا.

ئاوێنه‌: كاروان گەزنەیی كە ئەندامی لیژنەی وزە و سامانەسروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستانە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، پێشتر كاتێك وتویانە ئەو بڕە نەوتە بەرهەمدەهێنرێت و داهاتەكەیان بڵاوكردووەتەوە، تۆمەتباركراون بەوەی دەیانەوێت چەواشەكاری لە داهات و ژمارەكاندا دەكەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەڵام سەرۆكی حكومەت بەدانپێدانان و وتەی خۆی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت، لەو بڕەش 470 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت كە داهاتەكەی 635 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار مانگانە واتە 934 ملیار دینارە، لەكاتێكدا موچە پێویستی بە 900 ملیارە، سەرباری زیاتر لە 300 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ كە دەكاتە تریلیۆنێك و 200 ملیار.

ئەو پەرلەمانتارە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، ئەوەش سەرەڕای داهاتەكانی دەروازە سنوورییەكان كە كەس و بنەماڵە و گروپ سودی لێوەردەگرن، ئێستا بە روونی و بەپێی وتە و دانپێدانانی سەرۆكی حكومەت كە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن پارەی موچە بەزیادەوە هەیە، ئەی بۆچی موچە دابەش ناكرێت؟
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×