وریا غەفوری؛ كاپتنە كوردەكەی یانەی ئیستیقلالی ئێران كە لەوانی دی ناچێت
  2022-05-17       1637       

ئا: ئاوێنە، بی بی سی فارسی

وریا غەفوری، كاپتنە كوردەكەی یانەی ئیستیقلالی ئێران، بەم رستەیە "كاتێك باس دێتە سەر خەڵكی وڵاتەكەم، ناتوانم بێدەنگ بم بەرامبەر بە بابەتە كۆمەڵایەتییەكان" باسی لە كێشەكانی ئێستای خەڵكی ئێران كرد، ئەوەش ئەوی كردۆتەوە كاپتنێك كە لەوانی دیكە ناچێت.

وریا غەفوری، یاریزانی كوردو كاپتنی یانەی ئیستیقلال، لەبەردەم كامێرای پەیامنێراندا، لەدوای ئەوەی یانەكەی سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر یانەی "فولادی ئەهواز"دا بەدەستهێنا، بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەوە، لەبارەی كێشەی كۆمەڵایەتی و ئابورییەكانی ئێستای ئێرانەوە قسەی كرد.

وریا غەفوری لەبارەی ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێرانەوە دژبە گرانكردنی كاڵاكان وتی"من هەمیشە كاتێك باس دێتە سەر بابەتە كۆمەڵایەتی و مەدەنییەكان، ئیتر تۆپی پێ بۆ من ئەولەویەت نییەو دەبێت ئەو پێگەیەی كە هەمە بەكاربێنم ببمە دەنگی ئەو هاندەرانە كە بە هەزار بەدبەختی كارتی هاتنە یاریگا دەكڕن و هانی ئێمە دەدەن."

وریا غەفوری كە لە دایكبوی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە وتی"نازانم بەڕاستی بەرپرسان شەرمەزار نابن كە ئەم بارو دۆخە دەبینن؟"

هەروەها وتیشی"ئومێدەوارم خەڵكی ئێمە بەو جۆرەی شایستەیانە بژین...مافی خەڵكی ئێرانە كە خۆشبەخانە بژین."

قسەكانی غەفوری كاردانەوەیەكی فراوانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدوای خۆیاندا هێنا. بەشێك لە هەوادارانی ئەو یاریزانە كوردە، جارێكی تر نازناوی "چێ گیڤارا"یان پاش دو ساڵ بۆ ئەو بەكارهێنایەوەو بەشێكی دیكەش پێیان وابو وریا غەفوری جارێكی دیكە روبەڕوی گوشاری دەزگاكانی چاودێری و دەزگا ئەمنییەكان دەبێتەوە.

غەفوری؛ ئەو یاریزانەی بۆ هەڵبژاردەی ئێران بانگهێشت ناكرێت

وریا غەفوری، تەمەن 34 ساڵ، كوردو لەدایكبوی شاری سنەیە. لە  15 ساڵ لەمەوبەرەوە لەگەڵ یانەی "پاسی هەمەدان" دەستی كرد بە یاری تۆپی پێ بەشێوەیەكی پیشەیی و دواتر لە چەندین یانەی ئێران یاری كردوەو خاوەنی 27 یاری نیشتمانییە.

ئەو بەر لە جامی جیهانی 2018، لەلایەن راهێنەری هەڵبژاردەی ئێرانەوە، لە پێكهاتەی هەڵبژاردەكە دورخرایەوە كە ئەوەش لای هەندێك وەك "شتێكی سەیر" لێكدرایەوەو راهێنەری هەڵبژاردەی ئێرانی روبەڕوی رەخنە كردەوەو ئەو كارەیان ئەویان بەستەوە بە چەند پرسێك لە "دەرەوەی یاریگای تۆپی پێ."

هەر ئەوكات حامید جۆلایی، بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و لاوانی پارێزگای سنە، دورخستنەوەی غەفوری لە هەڵبژاردنی ئێران بە شتێكی "سەیرو جێی گومان" ناوبردو داوای لە ئەندامانی پەرلەمان كرد لەوبارەیەوە بەدواداچون بكەن.

لەدوای جامی جیهانی 2018، راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران، وریا غەفوری بانگهێشتی هەڵبژاردەكە كرد بۆ بەشداری لە جامی نەتەوەكانی ئاسیا لە ساڵی 2019، بەڵام ئەمە دوایین بەشداریی كاپتنەكەی ئیستیقلال بو لە هەڵبژاردەی ئێران.

كاپتنەكەی ئیستیقلال و كەڵكەڵە كۆمەڵایەتییەكانی

چوار ساڵ لەمەوبەر، وریا غەفوری، لە كاردانەوەیدا بەرامبەر گڕگرتنی قوتابخانەیەكی كچان لە زاهیدان و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوسی"شەرم بۆ بەرپرسانی وڵاتێك كە ئەم خوێندكارانە بەهۆی نەبونی پێداویستییە سەرەتاییەكانەوە، دەبێت لە پۆلدا ئاگریان تێبەربدرێت."

هەر چوار ساڵ لەمەوبەر، كاتێك تەلەفزیۆنێكی ئێران فیلمێكی نمایش كرد بە بێ سانسۆركردنی دیمەنێكی "دەست لەملانێ"، بۆ سبەینێ، دەزگای سەداو سیمای ئێران، بەڕێوەبەرانی تەلەفزیۆنەكەی لەكار دورخستەوە.

وریا غەفوری لەوبارەیەوە نوسی"ئایا كەسانێك كە بەرپرسی مەرگی 10 خوێندكارو گڕگرتنی قوتابخانەكانن، ئەوانیش دادگایی دەكرێن؟"

لەدوای گرانبونی دۆلار و دابەزینی نرخی تمەن لە چەند ساڵی رابردودا، وریا غەفوری لە تویتەرو ئینستاگرامەكەی خۆی، بە تانەدان لە سیستمی سیاسی و ئابوری ئێران وتی"كۆمار چاكە، ئیسلام چاكە، ئێران باشترینە. ئەی هۆكاری ئەو هەمو كێشەو هەژارییەی خەڵكی ئێران چییە؟"

هەروەها غەفوری لەدوای راگەیاندنی سزای پێنج چالاكوانی ژینگەوە لەلایەن دادگا، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەی ئەو چالاكوانانەدا نوسی"بۆ ئەم وڵاتە دەبێت خوێن بڕێژرێت."

هەروەها سێ ساڵ لەمەوبەر لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە تەقەكردن لە كۆڵبەران لە سنورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، نوسی"ئێران كوردستانە، ئەو شوێنەی كە پیاوان بۆ تێركردنی سكی خۆیان و ژن و منداڵیان دەبێت كۆڵبەری بكەن، بەڵام بەنرخی گیانی خۆیان."

هەڵوێستە راشكاوانەترەكانی

لەگەڵ ئەوەش چوار هەڵوێستی وریا غەفوری لەوانەی دیكەی زیاتر لە میدیاكان هەڵایان نایەوە.

هەڵوێستی یەكەمیان زستانی 2018 بو، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشوی دەرەوەی ئێران وتی"ئێمە شانازی دەكەین كە بەهۆی فەلەستین و لوبنانەوە لەژێر گوشارداین." وریا غەفوری یەكێك بو لەو كەسایەتییە بەناوبانگە كەمانەی ئێران كە وەڵامی ئەمەی دایەو نوسی: "ئەوانەی كە بەهۆی خەڵكی ستەمدیدەی فەلەستین، یەمەن و لوبنانەوە لەژێر فشاردان، ئێوە نین، خەڵكی ئێرانن."

هەڵوێستی دوەم، داواكاریی وریا غەفوری لە یاریزانانی یانەی ئیستیقلال بو بە یادكردنەوەی سەحەر خودایاری كە بە "كچە شینەكە" ناسراو بو. ئەو كچە یەكێك بو لە هاندەرانی یانەی ئیستیقلال كە هەوڵیدەدا بچێتە نێو یاریگا بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراو دواتر لەبەردەم داواكاریی گشتی تاراندا خۆی سوتاند.

سێیەم هەڵوێستی وریا غەفور، كاردانەوەی بو لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە بە موشەكی سوپای پاسداران. كاپتنەكەی ئیستیقلال، لەوبارەیەوە میدیای رەسمی ئێرانی بە "درۆزن" ناوبردو داوایكرد لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بكەرانی روداوەكەدا بكرێت.

هەروەها چوارەم هەڵوێستی لە ساڵی 2020 بو، ئەوەش لەدوای لەسێدارەدانی نەوید ئەفكاری، زۆرانبازی ئێرانی كە بە تۆمەتی "كوشتنی ئەنقەست" لە سێدارەدرا. وریا غەفوری لەوبارەیەوە نوسی"هزر و بیركردنەوەو ئازادی، نە بە زیندان نە بە لەسێدارەدان دیل ناكرێت. جەوهەری مرۆڤ خواستگەلێكی هەن كە هیچ كات خامۆش نابێت."

لەدوای چەند سەعات بەپێی هەندێك لەمیدیاكان بە فەرمانی دەزگا ئەمنییەكان و لەسەر داوای "وەزارەتی وەرزش و لاوان"، هەژمارەكەی وریا غەفوری داخرا.

لەگەڵ هەڵوێستەكانی لەبارەی پرسە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی ئێرانەوە، وریا غەفوری روبەڕوی هێرشی میدیاكانی نزیك لە سوپای پاسداران بوەوە لەوانە: فارس نیوز و مەشریق نیوز.

كاردانەوەكان دژبە وریا غەفوری تەنها لە میدیاكانی ئێراندا نەمایەوە، بەڵكو ئەو سێ ساڵ لەمەوبەر بۆ لێپرسینەوە لەسەر چالاكییەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەڵوێستە سیاسییەكانی، بۆ دادگای فەرهەنگ و میدیا بانگكرا.

وریا كە دوای تویتەكەی لەبارەی لەسێدارەدانی نەوید ئەفكاری، ماوەیەك بێدەنگی هەڵبژاردبو، بە قسەكردنەكانی ئەم دواییەی لەبارەی گوزەرانی ژیانی خەڵكی ئێران و گرانی كاڵاكان نیشانی دا كە ناتوانێت لەبارەی روداوەكانی كۆمەڵگەكەیەوە خەمسار بێت.

كاپتنە كوردەكەی یانەی ئیستیقلال كە بڕیارە ماوەیەكی دیكە جامی پاڵەوانیی خولی نایابی ئێران بەرزبكاتەوە، لە ئێستاوە پێگەیەكی بێ وێنەی بۆ خۆی دروستكردوە، پێگەیەك كە تەواوی جیاوازە لە پێگەی ئەو كاپتنانەی كە بەرلەو، ئەو جامەیان بەرزكردۆتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×