ژاراوی بونی کوێرەڕژێنی پەریزادە (تەسەمومی غودەی دەرەقی)
  2022-05-28       2417       


ژاراوی بوونی غودەی دەرەقی ئەو حالەتەیە کە ڕێژەیەکی زۆر لە ھۆرۆمۆنی سایرۆکسین لە کورێرەڕژێنێ پەریزادەوە دەڕژێتە خوێن . لە کۆمەلگا بە ھاری یاخود تەسەمومی غودەی دەرەقی دەناسرێت . لەو حالەتەدا زیندەچالاکیەکانی لەش زیاد لە پێویست کاردەکات و نەخۆش تووشی کۆمەلێک نارەحەتی و کێشەی تەندرووستی دەبێت ، ئەگەر حالەتەکە دەستنیشان نەکرێت بۆی ھەیە ژیانی نەخۆش بکەوێتە مەترسی.

ھۆکارەکانی ژاراوی بونی  غودە چین؟
ھەموو نەخۆشیەکانی غودەی دەرەقی لە ئافرەتان زۆر زیاترە بە بەراورد لەگەل پیاو . دوو ھۆکاری سەرەکی ژەھراوی بوونی کوێرەڕژێنی پەریزادە بریتین لە:

١.نەخۆشی گرێڤیز ( Graves‌ Disease )
نەخۆشی گرێڤیز یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە ھۆکارەکەی تێکچوونی بەرگری لەشە ، لەو حالەتەدا لەشی مرۆڤ جۆرێک لە دژەتەن درووست دەکات و کار دەکاتە سەر کوێرەڕژینی پەریزادە کە بڕێکی زۆر لە ھۆرمۆنی سایرۆکسین درووست بکات ( Autoimmune Disorder ). بەشێکی نەخۆشەکانی گرێڤیز جگە لەو نیشانانەی بەھۆی زۆری رێژەی ھۆرۆمۆنی سایرۆکسین سەرھەلدەدەن ، کاریگەری لەسەر چاویش دەبێت . نەخۆش چاوی زەق دەردەکەوێت و لە ھەندێک حالەت ئاوسان و ھەوکردنی ماسوولکەکانی قۆرایی چاو مەترسی لەسەر بینین درووست دەکات و نەخۆش پێویستی بە ھەندێک چارەسەری خێرا دەبێت. ئەو گروپە لە نەخۆشەکان دەبێت لەژێر چاودێری ووردی پسپۆری کوێرەڕژێنەکان و دکتۆری چاو سەرپەرشتی بکرێن.

٢.ئاوسان و گرێی کوێرەڕژێنێ پەریزادە ( Toxic multinodular goitre ) . لەو حالەتەدا غودەی دەرەقی تووشی ئاواسان دەبێت و کۆمەلێک گرێ درووست دەبێت کە دەبێتە ھۆی زیادبوونی ڕێژەی ھۆرۆمۆنی سایرۆکسین لە خوێن . لە ھەندێک نەخۆش تەنھا یەک گرێ ھەیە ( Autonomously functioning nodule) ھەندێک ھۆکاری تریش ھەن کە دەبێتە ژاراوی بونی غودە ، دەکرێت لەم چەند خالە بە کورتی باسیان بکەین.

٣.بەکارھێنانی بڕێکی زۆر لە حەبی سایرۆکسین لەو نەخۆشانەی کە تەمبەلی غودەی دەرەقیان هەیە. 

٤.هەوکردنی غودە بۆی ھەیە بە شێوەیەکی کاتی ببێتە ھۆکاری زیادبوونی رێژەی ھۆرمۆنی سایرۆکسین.

٥.لە ھەندێک حالەتی زۆر دەگەمەن ھۆکاری تەسەمومی غودە بوونی گرێیەکە لە ژێرمێشکەڕژێن.

نیشانەکانی ژاراوی بونی  غودەی دەرەقی چین؟

زۆری ھۆرمۆنی سایرۆکسین دەبێتە ھۆکاری ئەوەی زیندەچالاکیەلانی لەش بەشێوەیەکی خێراتر ڕووبدەن و لە ئەنجامی ئەوە کۆمەلێک نیشانە لە نەخۆش دەردەکەوێت. مەرج نیە نەخۆش ھەموو ئەو نیشانانەی ھەبێت کە لە خوارەوە ڕێزبەندی بۆ دەکەین:

١.دابەزینی کێش بەشێوەیەکی کتوپڕ، لەکاتێک نەخۆش ئارەزووی خواردنی باشەو بڕێکی زۆر خواردن دەخوات کەچی کێشی دادەبەزێت . بەشێکی نەخۆشەکان تووشی ئیسھالی دەبن.

٢.دلتەکوتێ، نەخۆش زیاتر لەشەو ھەست بەخێرا لێدانی دڵ و دڵەکوتێ دەکات .بۆی ھەیە لە بەشێکی نەخۆشەکان بە تایبەت ئەوانەی بەتەمەنن تووشی خێرایی و نارێکی لێدانی دڵ ببن، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە جەلتەی مێشک زیاد دەکات . ئەگەر نەخۆشیەکە درەنگ دەستنیشان بکرێت، بەشێک لەنەخۆشەکان تووشی پەک کەوتنی دڵ( عجز القلب ) دەبن . غودەی ھار لەوانەیە ببێتە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن.

٣.ھەستکردن بەگەرمی و زۆر ئارەقەکردن، بەشێک لە نەخۆشەکان تەنانەت لە زستانیش ھەست بە گەرمی دەکەن . بە شێوەیەکی گشتی نەخۆش ئارەزووی شوێنی سارد دەکات. بەشێک لەئافرەتان ئەم نیشانانە بەشێوەیەک لێک ئەدەنەوە کە گەیشتوونەتە دۆخی نەمانی سووری مانگانە ( Menopause ) . لەراستیدا نیشانەکان زۆر لەو حالەتە دەچێت. 

٤.دڵەراوکێ و زوو ھەڵچوون و لەرزین ، بە تایبەت دەست لەرزین.

٥.ھیلاکی و لاوازی ماسولکەکان.

٦.لاوازی سێکسی و تێکچوونی سووڕی مانگانە لە ئافرەتان.

٧.ئاوسانی غودە.

٨.بەشێک لەتووشبوانی گرێڤیز تووشی کێشەی چاو دەبن و کۆمەلیک نیشانەیان لێدەردەکەوێت.

چۆن غودەی سام دەستنیشان دەکرێت ؟
ھەر کەسێک بەشێک لەو نیشانانەی ھەبێت ، وا باشە سەردانی دکتۆر بکات . پشکنینی خوێن ڕۆلی گرنگی ھەیە لە دەستنیشانکردن. لە حالەتی غودەی سام ڕێژەی (Free T4 , Free T3 ) لە خوێن بەرز دەبێت و ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک کە لەشی مرۆڤ ھەست بە زۆری ھۆرمۆنەکە دەکات و لە رێگای مێشک و ژێرمێشکەڕژێن ھەول ئەدات کە کاریگەری ئەم زیادیە کەمبکاتەوە بە کەم دەرکردنی ھۆرۆمۆنی TSH . بە واتایەکی تر غودەی ھار دەبێتە زیادی Free T4 , Free T3 وە کەمبوونەوەی TSH بە ڕێژەیەک کە نزیکە لە سفر . ئەگەر نەخۆش دژەتەنی Anti-TSH receptor Antibody پۆزەتیڤ بوو ، ئەوە دەگەیەنێت کە نەخۆشی گرێڤیز ھۆکاری تەسەمومی غودەیە . ئەم پشکنینە لە ھەندێک حالەتی تایبەت سوودی ھەیە بۆ دیاریکردنی جۆری چارەسەری .بەشێکی ئەو نەخۆشانەی تووشی ئاوسانی غودە بوونە بۆی ھەیە پێویستیان بە پشکنینی سۆناری غودە بێت.

چارەسەری غودەی سام چیە؟
بەشێوەیەکی گشتی سێ جوری چارەسەری ھەیە ، ئەوانیش بەکارھێنانی حەب، ئایۆدینی تیشکدار و نەشتەرگەری . لەم چەند خالەی خوارە باسی ئەو خالانە دەکەین کە بۆ نەخۆش گرنگە.

١.ھەنگاوی یەکەم لە زۆربەی حالەتەکان بەکارھێنانی دەرمانە. ئەو حەبەی کە بەشێوەیەکی بەرچاو بەردەستە پێی دەووترێت کاربیمازۆل (Carbimazole ) . لە ھەندێک نەخۆش کە زۆر نارەحەت بوونە بە نیشانەکانی نەخۆشیەکە دەکرێت حەبی پرۆپانانۆل ( Propranolol  )زیاد بکرێت بۆ چەند ھەفتەکی کەم لە سەرەتای نەخۆشیەکە.

٢.لە سەرەتای نەخۆشیەکە دکتۆری پسپۆر بە جورعەیەکی زۆر دەست بە چارەسەری دەکات . بۆ دیاریکردنی برەژەمی گونجاو دۆخی نەخۆش و پشکنینی خوێن زۆر گرنگە . لە ماوەی چەند مانگێک ووردە ووردە جورعەی کاربیمازۆل کەمدەکرێتەوە . لەو قۆناغە دکتۆر پێویستی بە دووبارەکردنەوەی پشکنینی خوێن دەبێت . 

٣.نەخۆش دەبێت بۆ ماوەی ھەژدە مانگ دەرمان بەکاربھێنێت ، ئەگینا ئەگەری گەڕانەوەی نەخۆشیەکە زیاد دەبێت.

٤.بەشێک لە نەخۆشەکان ھەستیاریان بە حەبی کاربیمازۆل ھەیە ، دەکرێت حەبێکی تر ( Propylthiouracil )بەکاربھێنرێت.

٥.لە ژمارەیەکی یەکجار کەم لەو نەخۆشانەی کە حەب بەکاردەھێنن ، بۆی ھەیە تووشی کەمبوونەوەی جۆرێک لە خرۆکە سپیەکانی خوێن ببن ، لەو ئەگەرەدا بۆی ھەیە نەخۆش تووشی ھەوکردنی ترسناک بێت ، ھەربۆیە نەخۆش ئامۆژگاری دەکرێت ئەگەر تووشی تایەکی بەرز بوو ، یاخود دەمی بوو بە برین دەبێت ئاگاداری دکتۆر بکات ، لەو ئەگەرەدا لە رێگای پشکنینی خوێن حالەتی کەمی خرۆکە سپی خوێن دەستنیشان دەکرێت . 

٦.تەنانەت دوای بەکارھێنانی دەرمان بۆ ھەژدە مانگ ، ئەگەری گەڕانەوەی نەخۆشیەکە ھەیە ، ھەر بۆیە نەخۆش دەبێت چاودێری بکرێت لە رێگای پشکنینی خوێن . لە ئەگەری سەرھەلدانەوەی نەخۆشیەکە وا باشە کە رێگای تری چارەسەری بەکاربھێنرێت ، بۆ نموونە ئایۆدینی تیشکدار یاخود نەشتەرگەری .

٧.ئایۆدینی تیشکدار ( Radioactive Iodine ) رێگایەکی کاریگەرە بۆ چارەسەری غودەی ھار ، لە ئەمریکا بە ڕێژەیەکی زۆر بەکاردەھێنرێت . ھەموو لێکۆلینەوەکان وا دەدەخەن کە ئایۆدینی تیشکدار نابێتە ھۆکاری زیادبوونی شێرپەنجە . ئەمجۆرەی چارەسەری نابێت لە ئافرەتی دووگیان بەکاربھێنرێت، بەھەمانشێوە ئەو کەسەی ئەو جۆرەی چارەسەری بەکاردەھێنێت دەبێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو خۆی بە دوور بگرێت لەمندال.

٨.نەشتەرگەری بۆ چارەسەری غودەی بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بەکاردەھێنرێت لە ئەوروپا , زیاتر بۆ ئەو نەخۆشانەیە کە رێگاکانی تری چارەسەری سەرکەوتو نابێت، یاخود نەخۆش غودەی دەرەقی زۆر گەورەیەو کێشەی تەنگەنەفەسی بۆ نەخۆش درووستکردووە.

دکتۆر عارف گۆران
پسپۆڕی ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
پسپۆڕی وورد لە نەخۆشیەکانی شەکرەو ھۆرمۆنات

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×