جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاشكرای دهكات كه لەلوتکەی سەرکردەکانی حهوت وڵاته پیشهسازییهكهی جیهان G7 کە لەکۆشکی ئەلماو لەویلایەتی باڤیەرا لەئەڵمانیا ئەنجامدەدرێت، بەهۆی جەنگی روسیاو ئۆکرایناوە هاوردەکردنی ئاڵتون لەروسیاوە قەدەغە دەکرێت.
ئاوێنه: جۆ بایدن لەهەژماری فەرمیی خۆی لەتویتەر بڵاویكردهوه، ئەمریکا بەمەبەستی رێگەگرتن لەدابینکردنی داهات بۆ جەنگی روسیا لەئۆکراینا ئاستەنگی ئهوتۆی خستووەتە بەردەم ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا کە پێشتر هاوشێوەی نەبیندراوە.
بایدن نوسیویەتی، "لە G7دا (ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن) قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئاڵتون لەروسیا رادەگەیەنین کە یەکێکە لەبەرهەمە گرنگەکانی روسیایهو بەهاکەی دەیان ملیار دۆلارە".
ساڵی رابردو روسیا لەدوای چین، بەبەرهەمهێنانی ٣٣١ هەزار تۆن ئاڵتون لەریزی دووەمی وڵاتانی بەرهەمهێنەری ئاڵتوندا بو. ئاڵتون لهدوای وزە دووەم گرنگترین بەرهەمی هەناردەکراوی روسیایە.
لوتکەی سەرکردەکانی G7 کە یەکێکە لەپلاتفۆرمە گرنگەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوری و سیاسییەکانی جیهان ئەمڕۆ لەکۆشکی ئەلماو لەویلایەتی باڤیەرا لەئەڵمانیا دەستپێدەکات و ٢٨ی حوزەیران کۆتایی دێت.
لوتکەی سەرکردەکانی G7 کە حەوت وڵاتە ئابورییە هەرە گەشەکردووەکەی جیهان پێکەوە کۆدەکاتەوە، لەکاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە جگە لەبەرزبونەوەی نرخی خۆراک و سوتەمەنی بەهۆی جەنگی روسیاو ئۆکرایناوە، هەروەها نیگەرانییەکان لەبەرزبونەوەی "وهستاویی ئابوری و بەرزبونەوەی هەڵاوسان" لەئارادایە.
سەرکردەکانی G7 باری سەرنجیان دەخەنە سەر جەنگی روسیا - ئۆکرایناو لێکەوتەکانی جەنگەکە لەسەر ئابوری.