نەدیم زەهاوی بوو بە وەزیری دارایی بەریتانیا
  2022-07-06       924       

دوای دەستلەكاركێشانەوەی دوان لە وەزیرەكانی حكومەتەكەی، بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بڕیاریدا بە دانانی (نەدیم زەهاوی) بە وەزیری دارایی‌و (ستیڤ باركلی) بە وەزیری تەندروستی.

 ئاوێنه‌: زەهاوی وەزیری فێركردن بوو، دوای وەرگرتنی پۆستی وەزیری دارایی شوێنەكەی لە وەزارەتی فێركردن بە خاتوو (میشل دونیلان) پڕكرایەوە.

زەهاوی كە بەڕەچەڵەك كوردی عێراقە، لە ساڵی 1976ەوە چوەتە بەریتانیا، ماوەی 10 ساڵ زیاتر ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا بووە‌و سەربە پارتی پارێزگارانە، ماوەیەك وەزیری بزنس‌و ڤاكسین بووە. 
نەدیم دۆستایەتییەكی نزیكی لەگەڵ بارزانییەكان هەیە‌و دەستێكی باڵای لە نەوتی هەرێمی كوردستاندا هەیە. 

ساڵی رابردوو رۆژنامەی (میرەر)ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكردووە" زەهاوی 1.3 ملیۆن پاوەندی لە كۆمپانیایەكی نەوت دەستكەوتووە لە كاتێگدا كە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا بووە، توانیویەتی داهاتەكانی ئیشی دووەمی بە شاراوەیی بهێڵێتەوە لە ژێر پەردەی كاری پەرلەمانتارییدا".

نەدیم، بە دەوڵەمەندترین وەزیرو پارلەمانتار دادەنرێت لە مێژووی بەریتانیادا، خاوەنی زیاتر لە (100 ملیۆن) پاوەندی ئاشكرایەو، موڵك‌و ماڵیكی زۆریشی كردووە بە ناوی (لانە سائیب)ی هاوسەرییەوە.

دكتۆر دانا حەمەعەزیز لە وتارێكدا لەبارەی چیرۆكی دەوڵەمەندبوونی نەدیم زەهاوی دەڵێ: بەهاری ١٩٩١ لەكاتی كۆڕەوەكەی كوردستاندا، لەگەڵ (بروسك سائیب)ی ژنبرایی‌و (جێفری ئارچەر)، (٥٧ ملیۆن) پاوەندیان بەناوی ئاوارەكانی كۆڕەوەوە كۆكردەوە، لەم پارەیە، تەنها (٢٥٠ هەزار) پاوەندی گەیشتە ئاوارەكان.

لە پرۆسەی ئەم پارە كۆكردنەوەیەدا، جێفری ئارچەر (نەدیم)ی ناونابوو "لیمۆی كوردی" و بروسك-یشی ناونابو "فاسۆلیای كوردی". دیارە ئارچەر سزای خۆی وەرگرت، بەڵام لیمۆ و فاسۆلیا وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچون و بوون بە ملیۆنێر. نەدیم زەهاوی، شەریكی دزەكانی هەرێم و بەشێكە لە پرۆسەی تاڵانكردنی كوردستان، بۆ نمونە خاوەنی گەورەترین پشكی كێڵگە نەوتییەكانی شێخانەو یەكێكە لە بەشدارەكانی پرۆسەی تاڵانكردنی نەوت لە ڕێگەی توركیاوە هەر بۆیە پشتیوانی ئەردوگانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×